جارێكی دیكە لێكۆڵینەوە لە كەیسی بەهەدەردانی پێنج ملیۆن دۆلارەكەی هەولێر دەكرێتەوە

جارێكی دیكە لێكۆڵینەوە لە كەیسی بەهەدەردانی پێنج ملیۆن دۆلارەكەی هەولێر دەكرێتەوە

وڵات     

پەرلەمانی كوردستان لە رێگەی لیژنەی دەستپاكییەوە دەیەوێت جارێكی دیكە كەیسی گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی تەرخانكراوی پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی كە بۆ هەولێر تەرخان كرابوو هەڵبداتەوە، لە ئێستاشەوە لیژنەكە كار بۆ ئەوە دەكات بەشێوەیەكی جددی تر و لە رێگەی خستنەڕووی بەڵگەوە، لێكۆڵینەوە لە خەرجكردنی بڕی پێنج ملیۆن دۆلارەكەی هەولێر بكاتەوە.

ساڵی 2014 كاتێك هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی دەستنیشانكرا، حكومەتی هەرێم وەك پاڵپشتییەك بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكەو بۆ ئەنجامدانی چەندین كارو چالاكی، بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ هەولێر تەرخانكرد، بەڵام لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكەن گەندەڵی و بەهەدەردان لەو پارەیەدا كراوە.

هەولێر چۆن بوو بە پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی؟

لە رۆژی 15/10/2012 لە دانیشتنی فەرمی مەكتەبی تەنفیزی وەزیرانی گەشتوگوزاری عەرەب لە بارەگای كۆمكار لە قاهیرە شاندی عێراق و هەولێری پایتەخت ئامادەبوون و دوای هەشت كاتژمێر لە گفتوگۆو داكۆكیكردن لە دۆسیەكەی هەولێرو لەمیانەی ئەو ململانێ‌ گەرمەی نێوان شاندی عێراق و شاندەكانی بەرامبەری لە سعودیەو ئیمارات و لوبنان كە كاندیدیان هەبوو بۆ ئەم نازناوە، هەولێر بریارەكەی بردەوەو پەسند كرا بۆ پایتەختی گەشتوگوزار لەسەر ئاستی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب بۆ ساڵی 2014 و دواتریش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی گەشتوگوزاری عەرەب لە 17/10/2012 لە قاهیرە راسپاردەكە قبوڵكراو بەفەرمی هەولێر بووە پایتەختی گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2014.

دوا بەدوای بەدەستهێنانی ئەو نازناوەش كۆمەڵێك ئەرك و بەرپرسیارێتی و چالاكی كەوتە سەر هەولێر كەدەبوو‌ لە ماوەی ئەوساڵەی نازناوەكەی تێدا بەدەستهێناوە ئەنجامیان بدات، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەت بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كرد.

ئەو كارانە چین بووون كە دەبوو بەو پێنج ملیۆن دۆلارە ئەنجام بدرانایە؟

*دروستكردنی شاكارو تەلارێكی شایستە بەناوی پایتەختی گەشتوگوزار بۆساڵی 2014 لە هەولێری پایتەخت ، كە هەموو سیماو ئاكارەكانی گەشتوگوزارو فەرهەنگ و كلتووری نەتەوایەتی و تایبەتمەندی شارەكەی پێوە نیشان بدرێت .

*كردنەوەی وێب سایتێكی فەرمی بەناوی هەولێر پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەب بۆ ساڵی 2014 كە لەلایەن هەریەك لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەب و هەولێر سەرپەرشتی و بەكاربخرێت بۆ ناساندنی شوێن گەشتیارییەكان و سیماو روخساری پێشكەوتن و ئاوەدانی و مێژوویی و كلتووری ئەو شارە .

*راگەیاندنی دیسكاوەنت و داشكاندن بۆ نرخەكانی سەفەرو گەشت و شوێنە گەشتیارییەكان لە ئوتێل و رێستورانتەكانی هەولێر بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی وڵاتانی عەرەب لە تەواوی ئەو ساڵەدا كە 2014 بوو ئەوەش بۆ هاندان و برەودانی گەشتوگوزاری نێوان ئەو وڵاتانەو هەولێر .

*ئەنجامدانی زیاتر لە 40 چالاكی رۆشنبیری و هونەری و گەشتیاری و وەرزشی و بارزرگانی و جڤاتی كە زیاتر ناوو پێگەی هەولێر لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بەرز بكاتەوەو ببێتە مایەی رووتێكردنی گەشتیاری زیاتر لەم ساڵەو ساڵانی دواتر .

*پێشوازی و میواندارێتیكردنی هەردووكۆبوونەوەی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی وەزیرانی گەشتوگوزاری عەرەب بۆ ساڵی 2014 كە وێرای ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەب و یاریدەرەكەی و هەردوو رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهان و عەرەب ، بیست و دوو وەزیری گەشتوگوزاری وڵاتانی عەرەب لە هەولێر میوانداری دەكرێن بۆ كۆبوونەوەی فەرمیان و بەسەركردنەوەی شوێنە گەشتیاریەكانی ئەو شارە كە نازناوی پایتەختی گەشتوگوزاری 2014 ی هەڵگرتووە .

لێكۆڵینەوە لە خەرجكردنی پارەكە چۆن دەستی پێكرد؟

دوای بەدواداچوونەكانیان پەرلەمانتاران هەستیان بەوەكرد پارەكەی پایتەختی گەشتیاری بۆ ئامانجی خۆی خەرجنەكراوە دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە كەیستەكەكرد.

مانگی 11ی ساڵی رابردوو شاندێكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لەسەر داوای لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان سەردانی پەرلەمانیان كردوو لەگەڵ لیژنەكە كۆبونەوە دوای گفتوگۆی نێوانیان و بەپشت بەستن بە چەند بەڵگەیەك كەیسەكەیان رەوانەی دادگا كرد.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەو كەیسە بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە لەلایەن دەستەی دەستپاكی هەرێمەوە داخرا، ئێستا لیژنەكەی پەرلەمان دەیەوێت سەرۆكی دەستەكە بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان بكات، تاوەكو جارێكی دیكە كار لەسەر كەیسەكە دەست پێ بكاتەوە.

شیرین ئەمین سەرۆكی لیژنەی دەستەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات لە دوانی چاودێری داراییەوە بەڵگەیان لەسەر كەیسەكە بە دەست گەیشتووەو دەریش كەوتووە بەهەدەردان لەو پارەیەدا كراوە.

دەشڵێت، دووبارە كاری لەسەر دەكەنەوەو كەیسەكە رەوانەی دادگا دەكەنەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو