وڵات
سەرەتا زۆر متمانەی بەخۆی هەبوو، كاندیدی لایەنەكانی رەتدەكردەوە، خۆی وەك كەسێكی بێ لایەن و تەكنۆكرات نیشاندا، بەڵام ئێستا كاردانەوەی لایەنەكان بەرامبەری وایكردووە محەمەد تۆفیق عەلاوی خەونی گەیشتن بە دەسەڵاتی بەدی نەیەت.
دوای رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر دیاریكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، شەوی شەممە 1-2-2020، سەرۆككۆماری عێراق محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی وڵاتەكەی راسپارد، تاوەكو شوێنی عادل عەبدولمەهدی بگرێتەوە.
هەرچەندە حكومەتەكەی عەلاوی كاتی بوو واشبڕیار بوو كاری سەرەكی ئەو حكومەتە ناردنی بوودجە بێت بۆ پەرلەمان و هەروەها ئەنجامدانی ئامادەكاری بێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام پێداگیرییەكانی عەلاوی بۆ دیاریكردنی كاندیدی وەزارەتەكان وایكرد نەتوانێت لەو ماوەیەی بۆی دیاریكراوە حكومەت پێكبهێنێت.
هەرچەندە عەلاوی وەك كەسێكی سەربەخۆ خۆی نیشاندەدات، بەڵام ناوبراو لەلایەن بەشێك لە لایەنە شیعییەكانەوە پاڵپشتی كرا تاوەكو سەرۆكایەتی حكومەت وەربگرێت، ئەوەش وایكرد حكومەتەكەی ئەویش بەرگێكی حزبی بەخۆیەوە بپۆشێت.
هەر لەسەرەتای دانوستانەكانیشەوە شێوازی قسەكانی عەلاوی بەجۆرێك بووە جێگای رەزامەندی كوردو لایەنە سوونەكان نەبووە، بۆیە بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ كابینەكەی راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە 27-2-2020 پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە كابینەی عەلاوی كۆبووەوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی كورد و سونە و بەشێك لە لایەنە شیعەكان لەسەر چۆنێتیی دیاریكردنی وەزیرەكان، رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون، بەهۆی ئەوەشەوە كۆبونەوەكە بۆ رۆژی یەكی ئازار دواخرا.
لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت محەمەد عەلاویش هاوشێوەی سەرۆكوەزیرانی پێشوو دەبێت و ناتوانێت لە ئەركەكەیدا سەركەوتوو بێت.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لە مانگی 10ـی ساڵی 2018 وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستبەكاربوو، بەڵام دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان و لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق عەلی سیستانی لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەكاركێشایەوە، رۆژی دواتریش پەرلەمان دەست لەكار كێشانەوەكەی قبوڵكرد.
ئێستا هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن محەمەد عەلاوی نەتوانێت دڵی لایەنەكان بەداواكارییەكانی خۆی رازی بكات و چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی زۆر كەمبووەتەوە.
بەپێی دەستور ئەگەر سبەی نەتوانرا متمانە بە عەلاوی بدرێت، ئەوا سەرۆككۆمار كەسێكی دیكە دیاریدەكات و دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا حكومەت پێكبهێنێت، ئەگەر ئەویش نەیتوانی لەو ماوەیەدا حكومەت پێكبهێنێت ئەوا سەرۆككۆمار داوا لە سەرۆكوەزیرانی پێشوو عادل عەبدولمەهدی دەكات دەست بەكاربێتەوە و لە ماوەیەكی دیاریكراودا كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.
داواكارییەكانی كورد لە حكومەتەكەی عەلاوی ئەمانە بوون.
پشكی كورد بەرێژەی لە سەدا 20
وەرگرتنی چوار وەزارەت
فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ
ناردنی مووچەی فەرمانبەران.
بەڵام عەلاوی لە دواین كۆبونەوەی لەگەڵ شاندی دانوستانی كورد لە بەغدا نەگەیشتە هیچ رێككەوتنێك و گفتوگۆكانیان گەشتنە بنبەست.
ئێستا كە سێ مانگ بەسەر دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی تێدەپەڕێت و حكومەت بەشێوەی كاربەڕێكەر بەڕوەدەبرێت، دیار نییە ئاخۆ چارەنووسی عێراق بەرەو كوێ دەڕوات و نازانرێت چ دۆخێك چاوەڕێی وڵات دەكات.
ئەوەی لە كۆبونەوەكەی رۆژی 27ی شوبات دەركەوت ئەوە لە كۆی كوتلەو هاوپەیمانێتییەكانی پەرلەماندا تەنها هاوپەیمانی سائیرون كە خاوەنی 54 كورسییە و هاوپەیمانی فەتح كە خاوەنی 47 كورسییە پاڵپشتی عەلاوی دەكەن كە بە هەردووكیانەوە 101 كورسییان هەیە، بەڵام كاندیدی راسپێردراو لە كۆی 329 ئەندامەكەی پەرلەمان دەبێت 166 ئەندامیان دەنگی پێ بدەن ئینجا متمانەی پەرلەمان وەردەگرێت.
ئەوەش دەریدەخات گەر بێت و عەلاوی پێداچوونەوە بە بڕیارەكانی خۆی نەكات و داواكاری لایەنەكان جێبەجێ نەكات ئەوا ناتوانێت دەنگی پێویست بۆ دەنگدان بەكابینەكەی مسۆگەر بكات، گەر دەنگیش بهێنێت ئەوا سەركەوتوو نابێت، چونكە ئەو لایەنانەی دەنگی پێنادەن هاوكاری نابن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا.