کورتەیەک لەمێژووی پەتا کوشندەکان – عێراق

  • March 1, 2020
  • 379 Views
کورتەیەک لەمێژووی پەتا کوشندەکان – عێراق

وڵات :سۆشیاڵ میدیا وەرگیراوە لەئەکاونتى تایبەتى هونەر تۆفیق


لەبەر ئەوەی جۆری نەخۆشیە گوازراوەکان لەسەردەمانی پێشوودا نەناسراوە و هۆکارەکانی نەزانراوبوون ، ناوی پەتاکان بەپێ ی ئاسەواری نەخۆشیەکە وەک چاوەقوڵە یان پەتا ڕەشەکە بەکارهێنراوە. عەرەبەکانیش بە ناوی هیضە بۆ کولێرا ، مورغزان بۆ تاعون ناونراوە .


زۆربەی پەتاکان بە باشووری عێراقەوە بەرەو باکووری و کوردستان بڵاوبوونەتەوە . تەنیا کولێراکەی ١٩١٥ نەبێت کە لە ویلایەتی موسڵەوە بەهۆی ئاوارەبوونی کورد و ئەرمەکانەوە تەشەنەدەکات بۆ باشووری عێراق .

هۆکاری تەشەنەکردنی پەتاکان لەباشوورەوە ئەوەبووە کە لە ڕێگایی هیندی و ئێرانیەکانی میوانی شوێنەپیرۆزەکانەوە لە نەجەف و کەربەلا گواستراونەتەوە ، یان بەهۆی بارزگانی و بازرگانە بیانیەکانەوە لە مینای بەسرەوە بەعێراقدا بڵاوبوونەتەوە .


لەساڵی ٨٧١ تا ساڵی ١١٣٦ چوار شەپۆلی پەتای تاعون بە عێراق ( دەوڵەتی عەباسی) دا بڵاودەبێتەوە ، نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەکوژێت .


لە ساڵی ١٦١٥ تا ساڵی ١٧٧٢ هەشت شەپۆلی تری تاعون بە هەرسێ ویلایەتی موسڵ و بەغدا و بەسرەی عوسمانیدا بڵاودەبێتەوە .

لەهەندێ شوێندا ( وەک شاری حیلە ) کەسی زیندووی لێ دەرناچێت و زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لەو ساڵانەدا دەمرن .


دەوڵەتی عوسمانی بۆ ڕێگری کردن لە تەشەنەکردنی پەتاکان لە سەردەمی سوڵتان عەبدوحەمیددا ١٨٧٦ – ١٩٠٩یەکەمین ڕێنمایی تەندروستی دەرئەکەن . بڕیار ئەدەن لەهەر شوێنێکدا پەتایەک بڵاوبێتەوە ئەو شوێنەدابرێنن لەهاتن و چونی خەڵکی و کەرەنتینەش لەشارە گەورەکاندا دروستدەکەن بۆ جیاکردنەوەی نەخۆشەکان لە خەڵکی .

یەکەمین کەرەنتینە لە بەغدا لە ١٨٩٥ دەکەنەوە . دواتر لە شارەکانی بەسرە و خانەقین و نەجەف و کەرەبەلادا دەکرێتەوە . بایەخ بە هەڵمەتی بەرگری تەندروستی دەدرێت و کوتان و پێویستیەکانی تری بەرگری لەبڵاوبوونەوەی پەتاکان پەیڕەودەکرێت .


میستەر ڕیچ لە گەشتەکەیدا کە دەگاتە سلێمانی لە ٢٣ ی ئەیلولی ١٨٢٠ دا نیگەرانی خۆی دەگێڕێتەوە لەو گەندەڵیانەی لە هەڵمەتی کوتانی دژە ئاوڵە ئەنجام دەدرێت و پێ ی وایە دەرزی کوتانەکە بەسەرچووە .


لە ساڵی ١٩١٥ دا لەگەڵ هێرشی سوپای بەریتانیەکاندا بۆ سەر ویلایەتی بەسرە و دواتر بەغدا و موسڵ ، نزیکەی ٦٠٠ هەزار سەربازی لیڤی هەبوون کە بەڕەگەز هیندی بوون .

لەناو لیڤیەکاندا هەڵگری نەخۆشی تیڤۆئید و کولێراهەبوون ، بەهۆی ئەوان و گرانیەکەی جەنگی جیهانی یەکەم لەناوچەکەدا و بڵاوبوونەوەی نزیکەی ملیۆنێک ئاوارەی ئەرمەنی و کورد لە تورکیاوە بەرەو موسڵ و سوریا ، لەسەر تاسەری هەرسێ ویلایەتەکەدا نەخۆشی کۆلیرا و مەلاریا و تیڤۆئید بڵاودەبێتەوە ، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەکوژێت .


لەمێژووی پەتا زۆر و کوشندەکانی عێراقدا خەڵک بۆ خۆپارێزی ڕاهاتبوون شارەکان چۆڵبکەن ، تا کۆتایی شەپۆلی پەتاکە خۆیان لە شوێنە دابراوەکان بشارنەوە ، بۆئەوەی پەیوەندیەکان کە هۆکاری گواستنەوەی پەتاکان بوون بپچرن لەناو خۆیاندا .

بۆیە کەمترین زیان و رێژەی مردن لەکاتی پەتاکاندا لە گوندەکاندا ڕوویداوە ، زۆرترین ژمارەی مردووەکان لە شارە گەورەکانی وەک بەغدا و موسڵ و بەسرە و نەجەف تۆمارکراون .

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو