وڵات:
ئێوارەى یەکى ئازارى ٢٠٢٠ لەکۆنگرەیەکى ڕۆژمەنوسیدا پارێزگارى سلێمانى تۆمارکردنى چوار حاڵەتى کۆرۆناى لە هەرێمى کوردستان ئاشکراکرد، ئەمەش بووە دەستپێکى ئاشکرابوونى حاڵەتە تۆماربووەکان لەهەرێمى کوردستان.
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەو چوار حاڵەتەى لەپارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون، هەرچواریان نزیکن لەیەکترەوە و ئێستا لەژێر چاودێرى وردى تیمە تەندروستیەکاندان و ڕێگە بەکەس نادرێت سەردانیان بکرێت و لەچوارچێوەیەکى ئەمنى توندو تۆڵدا دەپارێزرێن.
بەڵام خەڵک دەترسێت پرسیاریان هەیە، ئایا ئەمە قەبارەى ڕاستەقینەى پەتاکەیە لەهەرێمى کوردستان، یان بەڕاستى حاڵەتى دیکەش هەن؟ بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، جگە لەو چور حاڵەتەى لە پارێزگاى سلێمانى هەیە، هاوکات تائێستا ٣ حاڵەتى دیکە لەهەولێر تۆمارکراوە کە دوانیان بەتەواوى تیمە تەندروستیەکان لەچەند ڕۆژى ڕابردوودا دڵنیا بوونەتەوە لەوەى کە هەڵگرى”ڤایرۆسى کۆرۆنا”ن.
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەو دوو هاوڵاتیەى شارى هەولێر پێشتر سەردانى ئێران و ئیماراتیان کردووە، دواى گەڕانەوەیان خراونەتە “کەرەنتینە”وە، دواى پشکنین نیشانەکانى ڤایرۆسەکەیان لێدەرکەوتووە.
هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى، وڵات لەپارێزگاى دهۆک یش بەهەمان شێوە حاڵەتێکى دیکەى “ڤایرۆسى کۆرۆنا” تۆمارکراوە، تائێستا ئاشکرانەکراوە. پێشبینى وەزارەتى تەندروستى بۆ زیادبوونى حاڵەتەکان هەیە، بەوپێیەیى ڕۆژانە جگە لەوەى ٢٠٠ هاوڵاتى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە دێنە هەرێمى کوردستان، هاوکات سەدان هاوڵاتى هەرێم سەردانى ناوچە جیاوازەکانى ئێران دەکەن، بەڵام تائێستا پێشبینیەکان گەورەنین.
بەگوێرەى پێشبینیەکانى ناوەندە تەندروستیەکانى هەرێمى کوردستان، تا تۆمارکردنى ٥٠ حاڵەت هەرێمى کوردستان تواناى ڕووبەڕوبونەوەى هەیە، بەڵام لەدواى ئەوە ڕەنگە کۆنترۆڵکردنى ئاسان نەبێت، بۆیە هەوڵى یەکەمى بەرپرسانى کەرتى تەندروستى تا کۆتایى ئەم مانگە تووشیوبوانى کۆرۆنا لەم ڕێژەیە تێپەڕنەکات، بۆیە چاودێرى سەر کەرەنتینە و پشکنیەکانیان چڕکردووەتەوە، هەموو فشارێک دەکەن کەسانى گومانلێکراو بخەنە ژێر باروودۆخى چاودێرى تەندروستى ناچارى.
چانسى هەرێمى کوردستان لەچى دایە؟ چانسى بەرپرسانى تەندروستى و هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بۆ بەرگرتن لەکۆرۆنا، لەوەدایە ژینگەى گەشەکردنى کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان لاوازە، بەوپێیەیى هەرێمى کوردستان ژینگەیەکى چڕى دانیشتوانى نیە تاوەکو بەخێرایى لەناوچە دانیشتوان چڕەکان بڵاوبێتەوە، چونکە یەکێک لەخاڵە لاوازەکانى بەرگرتن لە کۆرۆنا لەچین و ئێران ڕێژەیەکى زۆرى دانیشتوانیان هەیە.
هاوکات، کەشوهەواى هەرێمى کوردستان بۆ ژیان و گەشەکردنى ڤایرۆسەکە بەتەواوەتى لەبارنیە، لەگەڵ ئەوەش چانسى هەر گەورە ئەوەیە ئەو کەسانەى تائێستا هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنان یان گومانلێکراون.. کەرەنتینە کراون و تێکەڵاوى هاوڵاتیانى ئاسایى نەبوون، بۆیە چانسى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکە کەمە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ پلانى بەرپرسانى تەندروستى ئەوەیە، بەشێویەکى سستماتیک خەڵک لە ئەنجامى کەیسەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئاگاداربکەنەوە، لەپێناو ئەوەى خەڵک توشى دڵەڕاوکێ نەبێت، بۆیە ڕاگەیاندنى ئەنجامى پشکنینەکان بەزنجیرە لەنێو پارێزگاکان دوابەداوى یەک ئاشکرادەکرێن، هاوکات ژمارەى ئەو کەسانەى کە گومانى کۆرۆنایان هەیە ژمارەیان زیاترە لەتووشتبوان، بۆیە پێشبینى بەرزبونەوەى حاڵەکان دەکرێت، بەڵام ئەگەرێکى لاوازە لەکۆنترۆڵى تەندروستى دەربچن.