ڤایرۆسەكانی سیاسەت و حیزبایەتی

  • March 2, 2020
  • 477 Views
ڤایرۆسەكانی سیاسەت و حیزبایەتی

عوسمان گوڵپی

چەمكی سیاسەت و حیزبایەتی بەمەبەست و پلان ناشیرین و ئاڵۆز كراوە، لە كاتێكدا سیاسەت و حیزبایەتی ئامانجگەلێكی باش و سودبەخشیان هەیە گەر وەك خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، چونكە سیاسەت و حیزبایەتی و ئیدارەدانی باشە كۆمەڵگەكانی گەیاندۆتە لوتكەی خۆشبەختی، بە پێچەوانەشەوە خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ حیزب و سیاسەت و ئیدارەدا كۆمەڵگە دەكاتە وێرانە و مرۆڤایەتی دەخاتە بەردەم مەترسی.


بۆیە دەبێت خۆمان و خەڵك تێبگەیەنین كە حیزبایەتی و سیاسەت ئەو وێنەیە نیە كە بۆی كێشراوە، ئەمەش تەنها وتنی بەس نیە، دەبێت خەڵك ببینێت كە ڕەنگ بداتەوە، دەبێت ببینێت كە سیاسی ڕاوچی خراپ نیە تا لە ئاوی لێڵدا مەلە بكات، دەبێت خەڵك ببینێت چونكە باوەڕی بە قسە نەماوە.


ئەو خەڵكە لەسەر حەقە كە خەریكە حیزبایەتی و سیاسەت دەبێتە دوژمن و تاوانباری سەرەكی تێكدانی ژیانی، ئەوان لەسەر حەقن، چونكە زۆرێك بە ناوی حیزب و سیاسەتەوە چاسوسی دەكەن، بەناوی پەیوەندی سیاسیەوە بونەتە جێبەجێكاری سیاسەتی دوژمنان و پیاوی قونسوڵخانەكانیان، بەناوی سیاسەت و حیزبایەتیەك كە خۆیان ڕەنگیان كێشاوە بونەتە بازرگان و ئەندامانی حیزبەكانیان وەك كاڵا مامەلە لەگەڵ دەكەن، بەناوی گۆڕانكاری و ڕزگاركردنی خەڵكەوە بوونەتە خاوەنی سەدان دەفتەر دۆلار بۆ داهاتووی خێزانیان، خەریكی پیس خۆرین و هەواڵ فرۆشیان كردۆتە پیشە، كێیان ویستوە بەناوی خیانەتكردن و تۆمەتی بێ بنەماوە تیرۆری مەعنەویان كردوە، لە كاتێكدا خراپترینەكان خۆیانن، زانیاریان لەسەر باشترین هاوڕێكانی خۆیانداوەتە ئەملاو ئەولا، خوێنی خەڵك لەسەر بنەمای زانیاریەكانیان ڕژاوە، سیاسەتیان كردۆتە دوو ڕوویی و درۆ و بازرگانی.


بۆیە ئەركی هەموان زۆر قورسە، دەبێت بەكردار حیزبایەتی و سیاسەت جوانكەینەوە، ئەمەش پێویستی بە ڕاستگۆی و بوێری هەیە، پێویستە دەست بخەینە سەر برینەكان و دیوارەكان بشكێنین، دەبێت نەترسین و قوربانی بدەین، ڕاست نەكردنەوەی هەڵەكان بە قازانخی سیاسیە بەرژەوەندی خوازەكانە و زیانی خەڵك، دەبێت وریابین و فریونەخۆین و كەمامە لە درۆكانیان ببەستین، ڤایرۆسەكانی سیاسەت كۆمەڵگە دەشێوێنن، دەبێت كە تەوقەمان لەگەڵ كردن دەستمان بشۆین و خۆمانیان لێ دوور خەینەوە.

دەبێت بەردەوامبین تا حیزب و سیاسەت دەخرێتەوە خزمەتی خەڵك، تا جاسوسی و خیانەت و بازرگانی بە حیزب و سیاسەتەوە نامۆ دەكەین، دەبێت بەردەوامبین تا گەندەخۆرەكان ڕوویان نەیەت لە حیزب و سیاسەتدا ببنە پاڵەوان،
دەبێت پێكەوەبین و ڕاوێژبكەین و بوێرانە هەنگاو هەڵگرین تا بەكردار و دوور لە قسە حیزبایەتی و سیاسەت دەخەینەوە خزمەتی كۆمەڵگە، دەبێت هەموان لە هەوڵی نابوتكردنی سیاسیە مشەخۆر و بەرژەوەندی خوازەكاندابین تا ئەوكاتەی حیزبایەتی و سیاسەت دەكەوێتەوە سەر سكەی ڕاستەقینەی خۆی

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو