وڵات: بەهمەن ئەحمەد
ماڵپەڕی گوگڵ وەڵامی گرنگترین پرسیارەکانی لەبارەی کۆرۆناوە کۆکردۆتەوە کە لەلایەن پسپۆڕانی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان و رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە وەڵامدراونەتەوە.

گرنگترین ئەو پرسیارانەش لەبارەی کۆرۆناوە کە زۆرترین خەڵک لەسەر ئاستی جیهان کردویانە بریتین لە:
پرسیار/ پێویستە چی بكەم، ئەگەر خۆم کەرەنتینە بکەم و بۆ ماوەی 14 رۆژ لەماڵ نەیەمە دەرەوە؟
وەڵام/ کۆکردنەوەی گاڵۆنێک ئاو بۆ هەر رۆژێک، خواردنی وشک و لەقوتونراو، سابون بۆ پاککردنەوەی دەستەکانت، هۆکارەکانی دیکەی پاککەرەوەی پزیشکی دژە میکرۆب، پاککەرەوەی جلوبەرگ، کلێنسی تەوالێت، دەرمان و پێویستی پزیشکی بۆ ماوەی 30 رۆژ لەگەڵ کتێب و هۆکارەکانی دیکەی کات بەسەربردن.
پرسیار/ ئایا کۆرۆنا خراپترە لە هەڵامەت و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی دیکە؟
وەڵام/ رێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆرۆنای وەک نەخۆشییەکی کوشندەتر لەهەڵامەت پێناسەکردوە بەو پێیەی لەسەدا 3.4٪ی رێژەی توشبوان بەو نەخۆشییە گیانیانلەدەستداوە، بەڵام راشیگەیاندوە کۆرۆنا پەتایەکە کەمتر دەگوازرێتەوە بەبەراورد بەهەڵامەت.
پرسیار/ ئایا بەکارهێنانی دەمامک سودی هەیە؟
وەڵام/ پێشتر پسپۆڕانی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لەبارەی کاریگەری بەکارهێنانی دەمامک رایانگەیاندبو، دەمامک سودێکی زۆر کەمی بۆ خۆپاراستن لەکۆرۆنا هەیە، بەتایبەتیش ئەگەر بەڕێکوپێکی بەکارنەهێنرێت.

پرسیار/ ئایا کۆرۆنا لەسەگ و پشیلەوە دەگوازرێتەوە؟
پاش ئەوەی دەرکەوت سەگێک هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە لەهۆنگ کۆنگی چین، زانایانی یەکەی تەندروستی ئەو شارە رایانگەیاند، بەدواداچون و راوێژی زۆریان لەگەڵ پسپۆڕانی دیکەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کردوە و هەمو هاوڕابون لەسەر ئەوەی سەگ بەئاستێکی کەم ئەگەری توشبون بەکۆرۆنای هەیە و پێدەچێت بۆ مرۆڤیشی بگوازێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، وتەبیژێک بەناوی تەندروستی چین رایگەیاند، تائێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نیە کە بیسەلمێنێت ئاژەڵان سەرچاوەی توشبونن بە کۆرۆنا.
پرسیار/ ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەخواردنەوە دەگوازرێتەوە؟
بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تائێستا بەڵگەیەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نیە کە بیسەلمێنێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەخواردنەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام رێنماییە تەندروستییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە دەستەکانت بەسابون و ماددەی پاککەرەوەی تەندروستی پاکبکەیتەوە پێش ئەوەی دەست بەخواردن بکەیت.
پرسیار/ ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێگای سێکسەوە دەگوازرێتەوە؟
تائێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نیە کە کۆرۆنا لەڕێگای سێکسەوە بگوازرێتەوە، بەڵام ئەوە زانراوە کە کۆنتاکتی راستەوخۆ و هەر نزیکبونەوەیەکی زۆر لەتوشبوانی کۆرۆنا ئەگەری توشبون بەڤایرۆسەکە زیاتردەکات، سێکسیش یەکێکە لەڕێگاکانی نزیکبونەوەی زۆر. پسپۆڕانی تەندروستیش جەختیان لەسەر ئەوەکردۆتەوە کە تائێستا ئەوەی دڵنیاکراوەتەوە ئەوەیە هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە زیاترن لەسێکس وەک هۆکارێک.
پرسیار/ ئایا چارەسەرەکانی هەڵامەت دژی کۆرۆنا بەکاردەهێنرێن؟
تائێستا نەسەلمێنراوە کە چارەسەرەکانی دیکەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان دژی کۆرۆنا بەکاربهێنرێن و سودیان لێوەربگیرێت. ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە کە هەڵامەت و کۆرۆنا دو ڤایرۆسی جیاوازن و چارەسەری هەڵامەت بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا سودی لێوەرناگیرێت.

هاوکات، گوگڵ گرنگترین ئەو پرسیارانەی دەستنیشانکردوە کە لەلایەن دانیشتوانی سەرزەوییەوە لەبارەی کۆرۆنا کردویانە، لەوانەش، هۆکاری دروستبونی کۆرۆنا چی بو، کۆرۆنا چۆنە و رەنگی چۆنە، تاچەند کوشندەیە، کۆرۆنا چۆن بڵاوبویەوە، چۆن دەستنیشاندەکرێت، ئایا کۆرۆنا دەبێتەهۆی مردن، چۆن کۆرۆنا ڤایرۆس دەخوێنرێتەوە، چۆن کۆرۆنا لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، جیاوازی نێوان کۆرۆنا و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی دیکە چییە.