دانیار ئەکرەم، چالاکەوان و رەخنەگر، دەڵێت:
بەرەبابەکانی کوردایەتی لە ژێر ناوی ئاڵا و نیشتیمان بوون بە ملیاردێری سەردەم و شەوانی سوور لە دورگە و قومارخانەکانی وڵاتان بە دیار کچە سۆزانیەکان بەرێ دەکەن، ئاڵا و نیشتمان؛ ئەو دوو ناوەی بوون بە سەرچاوەی رەفاھیەت و خۆشگۆزەرانی جاشزادەکانی دوێنی و بەناو شۆرشگێرانی ئێستا، ئەوانی دەفی نیشتمان و ئاڵا و نەتەوەمان بۆ دەکوتن، ھیچ کەسێک وەک ئەوان ئاڵا و نیشتمان و نەتەوەیان نەکردۆتە قوربانی پێکی شەوانیان.
ئاڵا و نیشتیمان لای بازرگانانی کوردایەتی و کۆکردنەوەی دۆلار بە قەوچەقەچی قەومچێتی وای لە کۆمەڵگا کرد ھەرچی پیرۆزیی ھەیە قێزی لێ بکاتەوە. ئەوانەی نیشتمان و ئاڵایان بە ماڵی خۆیان دەزانی یان لە دەریای ئیجە بوون بە خۆراکی قرشەکان یا لە سنورەکانی بیلاروسیا لە سەرمان رەقبوونەوە. ئێوە ھەرچی پیرۆزیی ھەبوو ناشرینتان کرد و بازرگانیتان پێوەکرد. ئاخر ئێوە داچۆڕاون لە ھەموو بەھاکانی مرۆڤایەتی، ئێوە مافیاش نین، مافیا ھیچ کات ئامادە نیە نیشتمانی بفرۆشێت ئێوە ئەوەشتان کرد، ئێوە چەتەن ئاخر کەی چەتە باکی بە ئاڵا و نیشتمان و نەتەوە بووە؟ نیشتمانی ئێوە گیرفانتانە و ھەر کاتێک بارەکەتان بکەوێتە لێژی بە چاوچوقانێک بۆی دەردەچن.
مشەخۆریتان بەسەر گیانی خاک و خەڵکەوە سی ساڵە بەردەوامە، دروشمبازیتان بە ناوی ئاڵا و نیشتمان و نەتەوە ئەگەر تا دوێنێ سوودبەخش بووە و بۆتە پاڵپشتیەک بۆ زۆربوونی دۆلارەکانتان، ئیتر ئەو رۆژگارە گوزەشت، نەوەیەک دروست بووە چاوی جگە لە نان ھیچیتر نابینێت، ئەو نەوەیە تێدەگات و دەیەوێت ئەویش وەک نەوەکانی ئێوە ژیان بکات، ئیتر دروشمبازیتان یەک توری قوراوی ناکا.
ئیتر ئەوەش تەواو دەبێت و رۆژانە دەبیستنن پێتان دەگوترێت؛ ئاڵا و نیشتمان بۆ خۆتان، ئێمە نان و ژیانمان دەوێت.