درۆكردن عایدی ئێمەیە !!

درۆكردن عایدی ئێمەیە !!

وڵات: زانا عەبدولڕەحمان

سەربازێك لە نامەیەكدا بۆ خێزانەكەی ئەڵێت (یەكێك لە نەگبەتیەكان جەنگ ئەوەیە ئێمە سنگ ئەنێین بەگوللەوە لە پێناو نیشتیمان، كەچی بەرپرسەكان لە هێلی دواوە دزی لە بەشە خۆراكەكەمان ئەكەن و پارەكەی ئەدەنە ئەو سۆزانیانەی كە شەوان لەگەڵیان ئەخەون، بەیانیش هەندێك چەقاوەسو و زۆربڵێ كە بەرماوەی مێزەكەی شەویان بەركەتووە دێن هەزار بیانوو درۆ بۆ بەرپرسەكان ئەهێنەوە و بە ئێمە ئەڵێن دەبێت هەموومان لە پێناو نیشتمان بمرین بۆیە تكایە متمانە بەو حكومەتە مەكە چیت پێ ئەكرێت بۆ مناڵەكان بیكە چاوەری منیش مەكە)

ئەم كورتە نامەیە بەسە بۆ ئەوەی لەم دۆخە تێبگەین كە تێكەوتووین، ئێمە ئەم چەند رۆژە زۆر سوپاسگوزاری حكومەت بووین بەهەنگاوەكانی بۆ خۆپاراستن لە كۆرۆنا بەڵام دیارە ئەم حكومەتە هەر خەریكی قوڵبرینەكەی جارانە و قەت ناهێڵیت لە هەفتەیەك زیاتر دڵمان پێ
خۆش بێت

ئاخر حكومەت.. کارمەندەكان و پزیشەكەكان و هێزە ئەمنیەكان بە گیرفانی بەتاڵ كارت بۆ ئەكەن، خێرخواز نەخۆشخانەت بۆ دروست ئەكات، سەرمادار کەرەستە و کەل و پەلی پزیشکیت بۆ ئەکڕێت،بەغداد پارەكەت بۆ ئەنێرێت،ئیتر بۆ دۆخی خەڵک ئاڵۆزتر ئەکەیت، ئێستا تەنها دابەشكردنی موچە ئەركی تۆیە!
ئیتر ئەوەشت پێناكرێت!.

ئاخر هەر لەبەرخۆتان هەندێك شت بكەن ئەم گەلە شتێكی لێ بێت لەكوێ خەڵكی ئاوا بێدەنگتان دەست ئەكەوێت بە هەموو شتێكی ئێوە رازییە

نەگبەتی ئێمە ئەوەیە پارە لای پارتییە، كەچی لایەنگرانی یەكێتی و گۆران، كەوتونەتە گیانی یەكتری و پەلاماردان و سوکایەتیکردن بە کەسایەتی یەکتر..
من ئەمەوێت بە راشكاوی بە لایەنگرانی یەكێتی و گۆران بڵێم، کەمێک بیرکەنەوە و واز لە موزایەدە بهێن و جنێو و تەشهیر و موهاتەرات ڕاگرن، هەموو پارە لای پارتییە تەنها درۆكردن لای تیمی یەكێتی و گۆرانە لە حكومەت.

کەس نازانێت پارە چەندە و چۆن دێت، كەی دابەش ئەكرێت تەنها خودا و پارتی ئەزانن!
بۆیە زۆر خۆتان لەیەکتری سورمەكەنەوە و دڵی یەکتری مەڕەنجێن و دۆخی شار دژوارتر مەکەن، هەڤاڵەكانی ئێوە لەو حكومەتە هەروەك ئێوە ئاگایان لە بار و دۆخەكەیە، ئەوان بێدەنگ و بێسەنگ، ئێوە خەریکە شەڕی یەکتری دائەگیرسێنن.

خودا برا گەورە بپارێزێت بۆ ئەوەی هەڤاڵەكانی یەكێتی وگۆران لەپایی ئەو هەموو بیانو بەرگریكردنە شتێكیان دەست بكەوێت

ئێوەش لە جیاتی ئەو شەڕە دەنوك و مقۆ مقۆی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتی و شاشەی تیڤییەکان خەریكی پاراستنی خۆتان و مناڵەكانتانی خۆتان بن و چاوەڕێی هیچ لە حكومەت مەكەن،خۆتان چیتان پێ ئەكرێت بیكەن.

ئارام بگرن دڵنیابن رۆژێك بە پلانی ئەم حكومەتە ئێمە حكومی بەغداد و تاران و ئەنقەرە و دیمەشق ئەكەین، چونكە هەموو مرۆڤایەتی زەوی چۆڵ ئەكەن و سەفەر ئەكەن بۆ هەسارەیەكی تر بەس ئێمە لە زەوی خەریكی گفتوگۆكردن ئەبین لەسەر مووچە و پاشەكەوت..

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو