وڵات:
وته‌بێژى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى (WHO) رایگه‌یاند: دوو كارمه‌ندى ئۆفیسى سه‌ره‌كى توشى ڤایرۆسى كۆرۆنابوون، وتیشى: “له‌ژێر چاودێرى پزیشكیدان”.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 17ى ئازار، كریستیان لیندمێیه‌ر، وته‌بێژى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى رایگه‌یاند: “دوو كارمه‌ندى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئۆفیسى رێكخراوه‌كه‌یان به‌جێهێشتووه به‌هۆى ئه‌وه‌ى بارى ته‌ندروستیان ناجێگیر بووه، پاش ئه‌وه‌ى پشكنینیان بۆ ئه‌نجامدراوه ده‌ركه‌وتووه هه‌ردووكیان توشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بوون”.
وتیشى: “له ئێستادا هه‌ردووكیان له‌ژێر چاودێرى پزیشكیدان و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن”، به‌بێ ئه‌وه‌ى ناسنامه‌كه‌یان ئاشكرا بكات.
توشبوونى دوو كارمه‌نده‌كه‌ى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى دوایی ئه‌وه هات، كه هه‌فته‌ى پێشوو كارمه‌ندێكى ئۆفیسى سه‌ره‌كى رێكخراوى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كارمه‌ندێكى رێكخراوى بازرگانى جیهانى تووشى كۆرۆنا بوون.