وڵات:
سێ سەرکردەى دیارى هاوپەیمانى نیشتمانى بەناوەکانى (کاروان حەمەساڵح ،د.موئمین زەڵمى ،عوسمان گوڵپى) لە ڕێگەى تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووکەوە دەست لەکارکێشانەوەى خۆیان لەحزبەکەیان ڕاگەیاند، ئەوسێ سەرکردەیەى هاوپەیمانى ئەندامى ئەنجومەنى سیاسى هاوپەیمانین کە بەرزترین دەسەڵاتى ئەوحزبەیە بەپێى پەیڕەوەى ناوخۆ.
هاوکات لەماوەکانى ڕابردوودا دووئەندامى ترى ئەنجومەنى سیاسى دەستیان لەکارکێشاوەتەوە بەناوەکانى شۆخان ڕەزا وخەتاب عومەر، لە ئێستادا ئەوحزبە لەکۆى ٩ ئەندامى ئەنجومەنى سیاسى هاوپەیمانى ٥ کەسیان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا زیاتر لە ٣٥ کادروئەندانى هاوپەیمانى لەدەڤەرى هەولێر دەست لەکارکێشانەوەى بەکۆمەڵیان ڕاگەیاندبوو.
ئەوسێ ئەندامەى ئەنجومەنى سیاسى هاوپەیمانى کەدەستیان لەکارکێشاوەتەوە بەوردى تیشکیان خستۆتەسەرگرفت وکێشەکانى ناوحزبەکەیان لەم ڕاگەیەندراوەى خوارەوەدا.
دەقى نامەى دەست لەکارکێشانەوەى سێ ئەندامەکەى ئەنجومەنى سیاسی هاوپەیمانى کە بۆ وڵات نێردراوە .
ڕوونكردنەوەیەك لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانییەوە
– هاونیشتیمانیانی خۆشەویست
– حزب و لایەنە سیاسییەکان
– هاودیدانی سەربەرزی هاوپەیمانیی نیشتمانی
ئێمە لە هاوپەیمانی بە نەفەسێكی نوێی گەنجانە و بە ئامانجی بەرژەوەندی گشتی و سیاسەت و حیزبایەتییەكی تەندروست و گێرانەوەی متمانە بۆ سیاسەت و حیزب، هەنگاومان هەڵگرت و بەردەوامیماندا بە هاوپەیمانی و لەم پێناوەشدا هەموو بەرژەوەندییە شەخسییەكانمان وەلاناو لە چوارچێوەی هێنانەدی ئامانجەكان و چاكەی گشتییدا كارمان كرد. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو توانای خۆمان خستەگەر بۆ ئەوەی هاوپەیمانی بە ئاراستەی ئامانجەكانی هەنگاو بنێ و هیوا بگێریتەوە بۆ پڕۆسەی سیاسیی، بەڵام بەداخەوە بە مەبەست لە ئامانجی خۆی بەلاڕێدابرا و لە بری پرۆژەیەكی نیشتیمانی سیاسی، ئاماژەکانی کردنی بە دوكانی سیاسیی و مامەڵەی بازرگانیی سیاسیی لێوە بەدەرکەوت، کە ئەمەش پێچەوانەی دیدگا و ئامانجی سیاسیی و بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستانە، چونکە بڕوامان وایە دەبێتە بارگرانیەکیتر و جگە لە زیادكردنی ژمارەیەکیتر بۆ ژینگەی حیزبی هیچیتر نیە.
هەر بۆیە لە ڕوانگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارییەتی مێژوویی و سیاسیی بەرامبەر بە وڵات و سەرجەم هاونیشتیمانییان و بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ سیاسی متمانەپێکراو و پڕۆژەی نیشتمانی، لێرەوە دەمانەوێ ڕاشکاوانە ئەوە ڕابگەیەنین کە هەنگاوەكانی هاوپەیمانی لەسەر بنەمای بەڕێوەبڕدنێکی سەردەمییانە و بڕیاری دروست و کاری پێکەوەی هەنگاو نانێت و ڕووی کردووەتە بەرژەوەندیە شەخسی و نانیشتیمانییەکان.
هەر لەم ڕووانگەشەوە بۆ بەرچاوڕوونی سەرجەم هاوڵاتیانیش ئەم چەند خاڵە وەک بەرپرسیارێتیەکی سیاسیی و ئەخلاقی و مێژووی دەخەینە بەرچاو:
یەكەم: ناڕوونی لە سیاسەتی سەرۆكی هاوپەیمانی و بوونی پەیوەندی گوماناوی و پابەندنەبوون بە پەیڕەوی ناوخۆ و پلانی ستراتیجی چوار ساڵی هاوپەیمانی.
دووەم: ناشەفافی لە سەرچاوەكانی دارایی حیزب و چۆنیەتی خەرجكردن و ڕێگریکردن لە بەدواداچوون بۆ داهات و خەرجییەكان، كە بە هەدەردان و نەزیفی دارایی تێدایە، لە كاتێكدا تەواوی هاودیدان بە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسیشەوە خۆبەخشانە و لەسەر گیرفانی خۆیان هاوپەیمانیان ڕاگرتووە.
سێیەم: چەقی بڕیاردان و میكانزمی بڕیاردان بەپێی بنەماكانی كاری هاوپەیمانی نەبووە و بە پێچەوانەی كاری پێكەوەییەوە بڕیار دەرکراوە، ئەمەش وایكردووە وێڕای بونی ناڕەزایی چەندین بڕیاڕی هەڵەی تاكڕەوانە بەسەر هاوپەیمانیدا تێپەڕێنرێت.
چوارەم: ناڕوونی لە پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسیەكان كە نیشانەی پرسیار و گومانی زۆر هەڵدەگرێت و دواجار ئیلتیزاماتێكی ناتەندروست دروست دەكات، لە کاتێکدا کە ئەو ئەرکە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ، یەکێک بووە لە کارە سەرەکییەکانی ئەنجومەنی سیاسیی، بەڵام بەداخەوە لەدەرەوەی ئەو ئەنجومەنە هەنگاوە هەڵەکان نراون.
پێنجەم: بەلاڕێدابردنی دیدگا و پڕۆژەی نیشتیمانی كە لە بنەڕەتدا بۆ ئەو ئامانجە فراوانە بەردەوامیمان بە هاوپەیمانی دا، تاکو لە حزب فراوانتر بێت و بکرێتە هەوێنی خزمەت بە خەڵک و کاری پێکەویی نیشیمانییانە.
لە کۆتایشدا، ئێمە وەك بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان لە هاوپەیمانیی نیشتمانی رادەگەیەنین و دووپاتیدەکەینەوە کە ئێمە بەشێک نەبووین و نابین لە هەر مامەڵەیەكی سیاسی و پەیوەندیەكی ناتەندروست و نائاسایی و هەر ڕێككەوتنێكی لابەلا كە لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی سەرۆكی هاوپەیمانی و هەركەسێكیتردا ئەنجامدرابێت، كە بەداخەوە هەندێك لەو پەیوەندییانە لەدەرەوەی بەرژەوەندی نەتەوەیمانەوەن و ئەمەش پێچەوانەی ئاكاری سیاسی ئێمەیە، هەربۆیە ئێمە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كاری سیاسی و مەدەنی خۆمان دەكەین و لە بەرەی خەڵكدا دەبین و هیچ كات ناچینە نێو بەرژەوەندی و ململانێ ناتەندروستە حیزبییە بچوكەكانەوە و پێشمانوایە هاودیدانی سەربەرزی هاوپەیمانی دڵسۆز و خۆراگر و خۆبەخشانە، ئەو سامانە مرۆییەن کە دەتوانن ببنە پایەی سەرەکی بۆ داکۆکی راستەقینە لە خەڵکی کوردستان و ئامادەیی خۆماشمان بۆ دەستبارگرتن لەگەڵ دڵسۆزانی خەڵک رادەگەیەنین، هەروەك چۆن بڕیاری بەردەوامی هاوپەیمانیماندا لە پێناو گێڕانەوەی متمانە بۆ سیاسەت و حزب لەم وڵاتەدا و ئەم ئاڵەنگارییە گەورەیەمان گرتە ئەستۆ، بڕیاری ئێستاشمان هەر لەسەر هەمان پرەنسیپە و لە سەر بنەمای گێڕانەوەی متمانەیە بە سیاسەتی تەندروست و نیشتیمانیانە.
د. کاروان حمەساڵح – ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی
د. موئمین زەڵمی- ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی
عوسمان عبدالله گوڵپی – ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی
١٩ی ئازاری ٢٠٢٠