کۆڕۆنا و ویژدانی گشتی

کۆڕۆنا و ویژدانی گشتی

وڵات: ئارام قادر حه‌مه‌سور

جیهان لەبەردەم شەڕێکی یەکساندایە، شەڕێک بەیەکسانی پەلاماری هەمووان دەدات، شەڕێکی هاوبەش و دوژمنێکی یەکسانە. واتا جیهان گوندێکە بۆ پەلاماردانی لەلایەن ڤایرۆسی کۆڕۆنا covid19. ئەم ڤایرۆسە سنوور بەزێنە و مەترسیدارە.

کۆڕۆنا پەلاماری گەورەترین وڵات و بچووکترین وڵات دەدات، پەلاماری سەرۆک و پاسەوان و هەژار و دەوڵەمەند دەدات. ڤایرۆسی کۆڕونا شەڕێکی جیهانییە و ڕەحم بەکەس ناکات. هەموو زانستی جیهان لەئاستی ئەم ڤایرۆسەدا لەهەوڵدایە، جیهان بینەری مردنی ڕۆژانەی مرۆڤەکانە.

فۆبیای کۆڕۆنا فۆبیایەکی یەکسانە و هەمووان دەخاتە دۆخێکی بەرپرسیارەوە، ئێستا جیهان شەڕی مانەوەی مرۆڤ دەکات و هەمووان بەرپرسیارن. ترسیش لەکۆڕۆنا ترسێکی ئاساییەو بەرپرسیارییەتییە، زۆر کات ئەوەی یاسا ناتوانێت مرۆڤەکان یەک بخات ترس دەتوانێت بیکات. ترس لەمردن ئەو هێزە گەورەیەیە کە مرۆڤەکان یەک دەخات. خۆپارێزیش نیشانەی ترس و هۆشیاریی و ڕۆشنبیرییە.

هەرێمی کوردستان سیستەمی تەندرووستییەکەی وەک تەواوی سیستەمەکانی تری خراپە، واتا لەئاستی پێویست نییە. حکوومەت توانای هەبووە بەڵام نەخۆشخانەی پێویستی درووست نەکردووە. بەنموونە قەزای ڕانیە ‌ژمارەی دانیشتووانی نزیکە لە سێ سەد هەزار کەس، بەڵام چەندین ساڵە حکومەت نەخۆشخانەی ۲۹۱ قەرەوێڵەییەکەی تەواو نەکردووە. ئەمەش سکانداڵێکی تری بێ پلانی حکوومەتە.

لەڕووی سۆسیۆلۆژییەوە سەیری کۆمەڵگا بکەین دوای هاتنی کۆڕۆنا، دەبینین ئاڵۆزییەکی کۆمەڵایەتیی درووستکردووە و ویژدانی گشتی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.


چەمکی ویژدانی گشتی چەمکێکی سۆسیۆلۆژییەو زانای کۆمەڵناسی فەرەنسی ئەمیل دۆرکهایم بەکاری هێناوە، ویژدانی گشتی دەتوانێت کۆمەڵگا بەسەر مەحاڵەکاندا سەر بخات، بەمەرجێ ئەم ویژدانە گشتییە بوونی هەبێت.

پەلاماردانی بازاڕ و شاردنەوەی ماددە خۆراکییەکان و گرانکردنی نرخییان، ویژدانی گشتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چونکە لەپاڵ هۆکارە یاسایی و ئاینییەکان، ویژدان پاسەوانێکی مرڤدۆستانەیە. دەبێت مرۆڤبوون پێش تەواوی ئاین و ئایدیاکان بخرێت تائەم قۆناغە تێپەڕێنرێت.


دەتوانین کۆڕۆنا تێپەڕێنین، بەمەرجێ هۆشیاری و ویژدانی گشتیمان هەبێت، ویژدانی گشتی مەحاڵەکان لەناودەبات و مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو