زورفی له ناو قهیرانی كۆرۆنادا شهڕی پێكهێنانی حكومهت دهكات
وڵات: یاسین تەها رۆژنامەنووس و توێژەر شارەزای کاروباریی عێراق
كوشتنی زیاتر لە 550 كەس و برینداركردنی دەوروبەری 25 هەزار خۆپیشاندەریتر لەلایەن گروپە چەكدارە دەمامكدارەكانی سەر بە هێزە باڵا دەستەكانی شیعە، كە حكومەتی عەبدولمەهدی سەردەمێك ناوی نان “لایەنی سێیەم”، نەیتوانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی عێراق رابگرێت كە بەدرێژایی پێنج مانگی رابردوو ناوبەناو پەرەی دەسەندو بووە هۆی دروستكردنی قەیرانێكی سیاسی قووڵ لە عێراق، بەڵام ئەم خۆیشاندەرانە كە زۆربەی هەرە زۆریان گەنج و بێكار و خەڵكانی ناڕازین و لە چواردەوری دروشمی “نیشتمانمان دەوێت” كۆمەڵیان كردبوو، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ پابەندبوون بە قەدەغەی هاتوچۆ، بریاریاندا چالاكییەكانیان هەڵپەسێرن و خۆپیشاندان و مانگرتن و خێمەكانیان لە گۆڕەپانەكان پێچایەوە.
“دەردو بەڵای هەندێك بۆ هەندێكیتر دەبێتە كەڵك و خێر”، رەنگە ئەم پەندە تاڕادەیەكی زۆر بەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا جێبەجێ ببێت كە بەمدواییانە لە ترسی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریان دا كۆتایی بە چالاكییەكانیان بهێنن، بەڵام ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانەی سەركوتی ئەوانیان دەكرد هێشتا نەیانتوانیوە كۆنتڕۆلَی بارودۆخەكە بكەن و ناكۆكییەكانیان لەسەر دەسەڵات و حوكمڕانی و هەرەسی دارایی عێراق رێگرە لەوەی دڵ بەم پێشهاتە خۆش بكەن.
ئەم بڵاوەكردنەی خۆپیشاندان، كە ناچارییە و پێشتر بە چەندین هێرش و پەلامار و کوشتن بەرگرییان کرد، دەشێت سنورێك بۆ ئەو شەپۆلی گوشاری و ئیحراجییە دابنێت كە توشی هێزە شیعەكان هات، هەروەها ناچاریكردن مل بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بدەن كە ئەمەش بێ پێشینە بوو لە عێراقی دوای ٢٠٠٣، جگە لەوەش ئەمەریكاو 15 دەوڵەتیتری ئەوووپی و رۆژئاوایی هێنایە سەر هێڵ بۆ پشتیوانیكردنی خۆپیشاندەران و دوو دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشی تایبەت كرد بە رەوش و داواكارییەكانیان.
خۆپیشاندانەكان باسیان نەما و تا كاتێكی نادیار ئەم دۆسیەیە پێچرایەوە، بەڵام پێدراوەكان ئەوە دەردەخەن ئەوە یەكسان نییە بە سەركەوتنی دەستەڵاتدارە شیعە چەكدارەکان، چونكە جگە لەوەی لە هەر کات و ساتێكدا ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان هەیە، ئەوانیش لە دۆخێكی نمونەییدا نین تا دڵ بەوە خۆش بكەن. ئەمە سەرەڕای پەرتەوازەیی و ناجۆرییان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران، خەزێنەی بەتاڵی عێراق و هاڕەكردنی نرخی نەوت تا ئاستی 20-30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێكی برێنت كە كەمترە لە نرخی بەرمیلێك ئاوی كانزایی تارمایییەكی گەورەی مایەپوچی و مەترسییەكی گەورەیە بۆ خەزێنەی عێراق و سیستەمە ئابوورییە پشتئەستوورەکەی بە نەوت کە كەرتی گشتیی لەسەر وەستاوە و ئامرازێکە بۆ رازیكردنی خەڵك بە پارە و مووچە كە هەناردەی نەوت رێژەی 93% بودجەكەی پێكدەهێنێت.
خۆپیشاندەران كشاونەتەوە كە نەیاری سەرسەختی هەژموونی ئێران بوون بەسەر عێراق و لە تاران و باڵەكانیەوە تۆمەتباردەكران بە نۆكەری و پاشكۆیەتی ئیسرائیل و ئەمەریكا، بەڵام لە هەمان كاتدا هێشتا عەدنان زورفی شەڕ بۆ پێكهێانی حكومەتەكەی دەكات كە هێزە عێراقییە وەلائییەكانی دۆست و پاشكۆی تاران بە گەورەترین مەترسی دادەنێن لەبەر كۆمەلێك هۆكار كە هەندێكیان پەیوەندییان بە باكگراوەندە ئەمەریكییەكەی و هەندێكی تریان بە نەفەسە مەدەنییەكەیەوە هەیە كە دژە لەگەڵ خواست و ڕەوتی سوپای پاسداران.
جگە لە سەدر و عەبادی و تا رادەیەك و بە شێوەیەكی شەرمنانەش عەممار حەكیم، هێزە رادیكاڵەكانی تری شیعە بە هەموو جۆرێك دژی عەدنان زورفی دەوەستنەوە، راسپاردنی ناوبراویش بە كودەتا و مافخواردنی شیعە دادەنێن، بەڵام ناڕازییەكان لەسەر جێگرەوەیەك و لەسەر قۆناغی دوای لادانی زورفی كۆك نین، ئەمەش قەیرانی قووڵی ماڵی شیعە دەردەخات كە لەپاش كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و نەمانی سایە و سێبەری باوكانەیان لەلایەك ناتوانن بگەنە رێككەوتن، لەلاكەی تر دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە هەریەك هەوڵی سەپاندنی مەرج و بەند و باوی خۆیان بدەن و كەڵك لەو بۆشایییە وەربگرن.
جگە لەم مشتومڕە سیاسی و گەڕەلاوژە سیاسییە لەسەر پێكهێنانی حكومەت، لە پەناوە جموجوڵێك هەیە بۆ كشانەوەی گروپە چەكدارەكانی سەر بەمەرجەعیەتی نەجەف لە ریزەكانی حەشد و بڕیارە ببنە هێزێكی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەم هێزانەش بریتین لە: لیوای عەلی ئەكبەر، ئەنساری مەرجەعیەت، عەباسی جەنگاوەر و ئیمام عەلی جەنگاوەر، پرۆژەی تێكەڵ بوونیشیان لەگەڵ بەرگری عێراق لە ئێستادا هەندێك قۆناغی بڕیوە، و ئەگەر سەربگرێت، ئەوە زیاتر پشتی حەشدی شەعبی چۆڵ دەكات و بەتەواوەتی مۆركی پاشكۆیەتیی ئێرانیان بەسەردا دەبرێت و باشتر دەیانكاتە نێچیری گەمارۆ و گوشاری ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا.
بەڵام وەك چۆن كشانەوەی بڵاوەكردنی خۆپیشاندەران بە مانای سەركەوتنی پایەكانی رژێمی 2003ی عێراق و هاوكێشەی سیاسیی پاش شەڕی داعش و هەڵبژاردنی ئایاری 2018 نایەت، ئاواش مەرج نییە راسپاردنی زورفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ یان كشانەوەی حەشدی مەرجەعیەت بە مانای ئاوابوونی خۆری ئێران بێت لە عێراق، چونكە پراگماتیزمی ئێرانی و پێگەی بتەوی نفوزی تاران و قوم و رژێمی “كۆماری ئیسلامی” لە عێراق، بایی ئەوە هێزیان هەیە خۆیان لەگەڵ پێشهاتەكانی عێراق بگونجێنن. نەك هەر ئەوە بەڵكو بۆچوونێك هەیە پێیوایە دەشێت ئێران بتوانن عەدنان زورفی بەكاربهێنن بۆ ئەوەی وەك پردی پەیوندی لەنێوان تاران و واشنتۆندا كاربكات بەهۆی ئەوەی تاران لە ئێستادا رووی نایەت راستەوخۆ مامەڵ لەگەڵ ئەمەریكا بكات و ئەمەش بۆ تڕەمپ قورسە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، شتێكی روونیشە بەدرێژایی 40 ساڵ ناكۆكی و بەریەككەوتنەكانی ئێران و ئەمەریكا ئاشكرابوون بەڵام دانوستان و لێكتێگەیشتنە ناراستەوخۆكانیان هەمیشە ژێر-بە-ژێر و پەنهان بووە.
بەپێی هەندێ زانیاریش كە بەمدواییانە دزەیان كردووە عەدنان زورفی، لە چەند رۆژی رابردوودا كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییەكان كردووەتەوە چونكە هەموو سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق لێیان روونە سەرجەم رێگاكانی شیعەی عێراق كە حوکمڕانییان بە دەستە دەچنەوە بۆ تاران و ئەگەرچی ئەم وڵاتە لە ئێستادا گیرۆدەی لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنایە و هێشتا بۆشایی قاسم سلێمانی بۆ پڕ نەكراوەتەوە لە عێراق، بەڵام خاوەن كارت و بژاردەگەل و تۆڕێك پەیوەندی و باڵی چەكدار و هەژموونی مەزهەبی و فەرهەنگییە كە هەركات بتوانێت بەكاریانبخات ئەوە دەشێت لە سەرۆك وەزیرانی عێراق یان هەر كاندیدێكی ئەو پۆستەی تێك دات وەك چۆن لە 2010 بەسەر ئەیاد عەلاوی و لیستە براوەكەیدا هێنا.