وەڵامى کورتى ئەو پرسیارە هەموومان دەیکەین، کە بۆچى لەکاتێکدا نەوت دابەزیووە بەنزین و گازوایل هەرزان نابێت، ئەوەیە “بازرگانەکان نایانەوێت”.
وڵات_ئێران: هەرێمى کوردستان دوو جۆر سەرچاوەى بەدەستهێنانى سوتەمەنى بۆ ناوخۆ هەیە، سەرچاوەى یەکەمیان ناوخۆییە کە هەردوو کۆمپانیاى (کەڵک و بازیان و تاوکێ و سورقاوشان)ە، سەرچاوەى دووەمیان تورکیا و ئێرانن.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، پاڵاوتگە ناوخۆییەکان، ڕۆژانە لەنەوتى هەرێمى کوردستان و نەوتى کەرکوک ەوە، نەوتى خاویان بۆ دەڕوات ئەوانیش نەوتەکە دەپاڵێوون پاشان بەشێوەى بازرگانى دەیخەنە بازاڕەوە، ئەو نەوتەى پاڵاوتگەکان وەریدەگرن هەمان نرخە کە لەبازاڕەکانى جیهان بگرە کەمتریش وەریدەگرن، پاشان دەیفرۆشنەوە.
سەرچاوەیەکى بازرگانى لەم بەدواداچوونەدا ئەوەى باسکرد، لەسەروو ئەوەى نرخى نەوت زیاتر لە ٥٠% ى نرخەکەى لەدەستداوە، بەڵام پاڵاوتگەکان ئامادەنین، نرخى بەنزین وگازوایل دابەزێنن.
ووتى: “دابەزاندنى نرخى بەنزین بەبڕى ٢٥ دینار لەئاستى ئەو داشکانە گەورەیە نیە کە نرخى نەوت بەخۆیەوە بینوویەتى، چونکە ئامادەنین دەستبەردارى ئەو قازانجە گەورەیە ببن کە لەهەر تەنێک نەوتى خاوو دەیکەن دواى پاڵاوتن”.
ووتیشى: “بەرپرسانى حکومەت، بەهۆى ئەوەى پاڵاوتگەکان شەریکن لەگەڵ دامەزراوە دارییەکانیان، نایانەوێت کۆنترۆڵیان بکەن لەترسى لەدەستچوونى سەرچاوەى داهاتەکانیان، بۆیە پاڵاوتگەکانیش ئامادەنین لەگەڵ دابەزینى نرخى نەوت بەهاى بەرهەمە پاڵێوراوەکان کەمبکەنەوە”.
بەگوێرەى بڕیارى پارێزگارى سلێمانى و هەولێر و بڕى ٢٥ دینار لە نرخى بەنزین کەمکرایەوە، وەکو ئەوەى کە نرخى نەوت لەبازاڕە جیهانیەکان دابەزیووە، بەڵام بەلاى شۆفێران و خەڵکەوە ئەوە بووە جێگەى پرسیار بۆچى نرخى بەنزین بەتەواوى شکاوە بەڵام لەهەرێمى کوردستان هەر بەبەرزى دەفرۆشریت.
کۆمارى ئیسلامى ئێران یەکێکە لەسەرچاوە گرنگەکانى هاوردەکردنى بەنزین و گازوایل بۆ هەرێمى کوردستان، وڵات_ لەسەرچاوە تایبەتیەکانى خۆى لەتاران بەدواداچوونى بۆ کەیسى هاوردەکردن و نرخى بەنزین کردووە.
بەگوێرەى بەداوداچوونەکان ئەو (بەنزین و گازوایل)ەى لەئێرانەوە هاوردە دەکرێت، نرخەکەى بەرێژەى ٥٠% بۆ ٦٠%ى کەمیکردووە، بەڵام داشکانى نرخ لەهەرێمى کوردستان لەئاستى لەچاوو ئەو داشکاندنە گەورەیە هیچ نیە.
بۆ نمونە:
تەنێک گازوایلى ئێرانى پێش دابەزینى نرخەى نەوت ٥٥٠ دۆلار نرخەکەى بووە هاوکات بەنزیکى ٥٠ دۆلار دەتوانرا هاوردەى سلێمانى بکرێت، بەڵام لەدواى داشکاندنى نرخى نەوتەوە ڕاستەوخۆ ٦٣% بەهاکەى لەدەستداوە، بۆیە ئیستا لەناو بۆرسەى نەوت و گازى ئێران دەتوانیت بە ٢٥٠ تا ٢٦٠ دۆلار تەنێک گازوایل بکڕیت و هاوردەى پارێزگاى سلێمانى بکەیت، بەڵام هەر تەنێک پاش ساخکردنەوەى ٦٣٩ دۆلارى بۆ بازرگانەکان دەگرێتەوە واتە لەهەر تەنێک بەلایەنى کەمەوە ٣٥٠ دۆلار قازانجە.
بەگوێرە ئەو زانیارییانەى لە بەدواداچوونەکەان دەستکەوتوون، ئەم دۆخە بۆ بەنزین یش زۆر ڕاستە چونکە جاران لەبۆرسەى ئێران بەنزیکى بەنزیکى ئۆکتان ٩٧ کە باشترین جۆرى بەنزینە بە ٨٠٠ دۆلار هاوردەى سلێمانى دەکرا، ئێستا نرخى ئەو بەنزینە بۆ ٣٧٠ دۆلار دابەزیووە بەرێژەى ٤٨% داشکاوە.
٦٠ بۆ ٦٠%ى نرخى بەنزیک و گازوایلى هاوردە شکاوە
یەکێگ لە بازرگانەکانى بوارى هاوردەکردنى بەنزین ئەوەى بۆ وڵات_ باسکرد، بازرگانەکان بەئارەزوى خۆیان نرخەکان یارى پێدەکەن و هیچ کەس ناتوانێت ڕێگەیان لێبگرێت، ووتى: “دەبوو بەلایەنى کەمەوە ٥٠% بەنزین لەهەرێمى کوردستان بشکایە لەسودى هاوڵاتیان، بەڵام لەبەر ئەوەى خەڵکى هەرێمى کوردستان نازانێت دۆخەکە چۆنە هەڵا لەسەر بازرگانەکان و پاڵاوگەکان دروست نابێت”.
ووتیشى: “هەر ئەوەش نیە، بەڵکوو ئێستا پاڵاوگە نایاساییەکان بەنزیکى ئۆکتان ٩٧ دەهێنن لەئێرانەوە، لەگەڵ بەرهەمى خۆیان کە بەنزینى ئۆکتان ٨٣ یە تێکەڵاوى دەکەن بەنزیکى ئۆکتان ٩٣ بەرهەم دەهێنن کە نۆرۆماڵە”.
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى پڕۆژەیەکى گەڵاڵەکردووە، بۆئەوەى نرخى گاز و بەنزین هاوتا بکرێت بەنرخى داشکێنراوەى بۆرسەى جیهانى، پاشان ئێران و تورکیا.