له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێت چی بنه‌بڕ بكرێت ؟

له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێت چی بنه‌بڕ بكرێت ؟

قۆناغى لاهور شێخ جه‌نگى.. ئاینده‌ی زۆنی سه‌وز و ململانێ له‌گه‌ڵ پارتی

وڵات:هادى حه‌مه‌ڕه‌شید ـ راپۆرتی شیکاریی

(1)
بەر لە شەڕی ناوخۆی دوای ڕاپەڕین، وەك بەرکوڵ هەندێ گرفت لە نێوان یەکێتیی و پارتییدا ڕوویدابوو، لە یەکێك لەو کێشانەدا وەفدی هەردوولایان بە حوزوری تاڵەبانی و بارزانیی کۆئەبنەوە بۆ چارەسەر.


دوای لێکتێگەیشتن داوا ئەکرێت کە بەیاننامەیەك بنووسن بۆ ڕای گشتیی، لە یەکێتیی قادری حاجی عەلی و لە پارتیی سامی عەبدولڕەحمان ڕائەسپێردرێن بۆ نووسینی بەیاننامەکە، ئەوەی یەکەمیان بەیاننامەکە ئەنووسێت و دووەمیان پاش خوێندنەوە، ئەڵێ: زۆرم بە دڵە، بەڵام تەنیا تێبینییەکم هەیە، بۆچی سەرەتا ناوی مام جەلالت نووسیوە؟!
پێویستە سەرەتا ناوی کاك مەسعود بنووسین، چونکە کوڕی مەلا مستەفایە!
قادری حاجی عەلییش ئەڵێ: بە مەبەست نەمنووسی، بەڵام ئەگەر پاساوت ئەوێت؛ ڕاستە کاك مەسعود کوڕی بارزانییە، بەڵام ئەوەش بزانە مام جەلال خۆی خۆی پێگەیاندووە نەك لەبەر باوکی، خاوەنی بڕوانامە و دیپلۆماسیەتە، زمانزانە و خاوەن قەڵەمە، لەو بەتەمەنتر و بە ئەزموونترە، بە ڕاستیی لە شاخ بوو، بارەگاکەی تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە بارەگای یەکێك لە فیرقەکانی سوپای عێراقەوە دوور بوو، کە بە هاوەن چۆن بارەگای پێشمەرگەکانی قەسف ئەکرا، بارەگاکەی تۆپبارانی ئەکرا، لەکاتێکدا کە بارەگای کاك مەسعود ٣٥٠کیلۆمەتر لە قوڵایی ئێراندا بووە!
لەم بێنەوبەردەیەدا مام جەلال بانگیان ئەکات: چی بوو، درەنگە بۆچی تەواو نەبوون؟
یەکێك لەمانیش ئەڵێن: گرفتێکمان هەیە لەسەر ڕیزبەندیی ناوی ئێوە.
مام جەلال ئەڵێ: براینە لە ئێستاوە هەر کاتێك ویستتان ناوی من و کاك مەسعود بنووسن، سەرەتای ناوی ئەو بنووسن.

نزیك بە شەست ساڵە ماڵباتی بارزانیی نایانەوێت هیچ ناوێك جگە لەناوی خۆیان لە سەدارەدا بێت و ئەبێت خۆیان ڕابەر و کولفیکول بن، پاش مردن و کۆتایی زۆربەی سەرکردە هاوچەرخەکانی مەسعود بارزانیی، کەچی هێشتا عینادیی لەگەڵ نەوەی دووەم و سێیەمی سیاسەتدا ئەکات، یەکێتیی و پارتیی تاوانی باری گلاوی کوردستانیان لە ئەستۆدایە، بەڵام بەجدیی بابەتییانە بدوێین ئەم عەقڵ و زەینەی ماڵی بارزانیی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە!

تاڵه‌بانی و بارزانی ـ 1991

تاڵه‌بانی و بارزانی ـ 1991


لەپاش ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ هاوسەنگیی هێز لە نێوان پارتیی و یەکێتییدا تێکچوو، پارتیی چەند سەد پێشمەرگەیەکی ماندووی هەبوو، لەبەرامبەردا یەکێتیی هەزاران پێشمەرگەی هەبوو، بەم حاڵەوە هاتنەوە ناو شارەکان و پارتیی لەڕێگای وەرگرتنی زۆربەی سەرۆك جاشەکانەوە تا ڕادەیەك هاوسەنگیی گێڕایەوە، بەدیاریکراویی لە ٣١ی ئابی١٩٩٦دا لە ڕێگای هێنانی سوپای داگیرکاری بەعسەوە بگرە هاوکێشە سەربازییەکەی بەلای خۆیدا شکاندەوە.

(2)
٣١ی ئاب لای یەکێتیی بوو بە گرێی دەروونیی، تەنانەت لە تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندنی ڕێکخستنەکاندا یەکێك بوو لە پرسیارە گرنگ و هەمیشەییەکان، «ئەو ڕۆژ و مێژووە چۆن پێناسە ئەکەیت؟»
وەڵامەکەی هەرچی بووبێت، نەئەکرا بە ناپاکیی گەورە ناو نەبرێت!
پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق یەکێتیی لە ئاستی ناوەند و بنکەی ڕێکخستنییدا بە دڵگەرمییەوە خۆیان بۆ ئەو قۆناغە ئامادەکرد، تەحەددای بردنەوەی هەڵبژاردنیان لەناو هەولێری پایتەختدا ئەکرد بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لیست جیاواز بوو، بەڵام خودی تاڵەبانیی کە چاوی بڕیبووە کورسی سەرۆك کۆمار و چاوەڕێی سەپۆرتی بارزانیی بوو تا بچێتە بەغدا، بە سازش و نەرمییەکانی هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی!
ئەگەر ٣١ی ئاب هاوسەنگیی سەربازیی و قەڵەمڕەوی جوگرافیی گۆڕی بێت، ئەوا کورسییەکەی کۆشکی سەلام هاوسەنگیی سیاسییشی بە قازانجی پارتیی گۆڕیی!
لێرەوە باڵێکی بەهێز لەناو یەکێتییدا بەناوی #پڕۆ_پارتیی ـیەکان دروست بوو، زۆرێك لە سەرکردەکانی یەکێتیی بە ئاشکرا سەنگەریان گواستەوە بۆ ناو پارتیی، هەندێکیشیان بەکاوەخۆ لەناو حیزبەکەیاندا لۆبیان بۆ سیاسەتەکانی بارزانیی ئەکرد، ئەمانە زۆر سەرزەنشت کران، بەڵام کەم کەس بوێری تێدابوو کە بڵێت: یەکەمین هەنگاوی ئاسایی بوونەوەی ئەم خۆبەدەستەوەدانە خودی تاڵەبانیی هاویشتیی، ئاخر ئەو خۆی لە ئاهەنگی یادی دروستبوونی پارتییدا وتی: پەشیمانم لە جیابوونەوە لە پارتیی!!
بەدوای ئەمەدا دەیان هەڵوێستیتر کە پارتیی نەك نیەتپاکییان لێنەخوێندەوە یەکێتیی و “حیزبەکەی مام”ـیان تا سەر ئێسك هاڕی!
لێرە بەدواوە یەکێتیی لە ئاستی خوارەوە ململانێی توند لەگەڵ پارتیی، لە ئاستیی سەرەوە سەفەقات و ئیغرابوون، سەردەمێك لە بچووك و بچووکتر بوونەوەی یەکێتیی و پێڕاکێشانی پارتیی!

⁦(3)
دوای ئەمە یەکێتیی گرێیەکی تری بۆ درووست بوو، گرێی «نوێبوونەوە و هەستانەوە»ی حیزبەکەیان، ساڵانێك تێپەڕیین لە سێبەری ئەم دروشمەدا، ساڵانێکیش بە خەرجدانی وزە بۆ بەستنی کۆنگرە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ئێستا یەکێتیی لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە، کە ئەکرێت ناوی بنرێت (قۆناغی لاهور) یان لە دەستدانی ئەوەش کە ماوە!

لاهور شێخ جه‌نگی نەوەیەکی نوێی دروستكرد لەسەر تەرزی 'جەلالیی نوێ' به‌رامبه‌ر پارتی

لاهور شێخ جه‌نگی نەوەیەکی نوێی دروستكرد لەسەر تەرزی ‘جەلالیی نوێ’ به‌رامبه‌ر پارتی

لاهور وەك گەنجێكی ناو خانەوادەی تاڵەبانیی چەند ساڵێك نەوەیەکی ئامادەکرد بۆ دەرفەتی لەبار، لەسەر تەرزی«جەلالیی نوێ» بە ڕەخنەی توند لە سەرکردایەتیی و جڵەولەدەستانی یەکێتیی کە «ترساو و بەرژەوەندیخواز و کولێرە خۆری دەرباری پارتین» لە کۆتا کۆنگرەدا دەنگبارانیان کرد و پلەی یەکەمی ناو کۆنگرە و لەگەڵ ئامۆزاکەیدا هەڵبژێردرا بۆ سەرۆکایەتیی یەکێتی.

لاهور دروست بەرخوردی کرد یان نادروست، بەسەر دڕك و داڵدا نەك فەرشی سوور گەیشتە لوتکەی یەکێتیی، ئەگەر مامی حیزبەکەی بۆ کورسییەك مایەپوچ کرد، ئەوا ئەم بەر لەوەی ببێت بە هاوسەرۆك کورسییەکەی مامی بە ساخاوەتەوە بەخشی بە د.بەرهەم، کە خۆ بە خۆ بوو بە برینێکی قوڵ لەسەر دڵی پارتیی.
لە ئێستادا هەرچی گرفت و ئاریشەی نێوان یەکێتیی و پارتییە بە لەشکرکێشیی سەر «زینی وەرتێ»ـشەوە، ئیفرازات و کاردانەوەی گۆڕانکارییەکانی ناو هەناوی یەکێتییە.
میدیای پارتیی چەند مانگێکە یەکلان بۆ هێرشکردنە سەر ئەم هاوسەرۆکە، پرسەکەیان هێندە گەورەکردووە تا ئاستی«فۆبیا» بە پێچەوانەوە لاهور بەو هێرشانە باشتر شوێن پێی خۆی قایمتر ئەکات، چونکە هاوکێشەیەك عەیامێکە لەم دەڤەرە کاری پێئەکرێت؛ پارتیی کەمپەینی دژ بە هەرکەسێك ڕێكخست، بۆی ئەبێت بە خێر!

(4)
لاهور ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی جدییدایە، ئەگەر ئەویش وەك تێکڕای پێشینانی خۆی، هەموو جوڵە و کۆی گوتارەکەی بۆ دەستکەوتی کەسیی بێت و پارتیی بتوانێت ئیغرای بکات، ئەوا بێگومان زۆر بەخراپیی باجەکەی ئەدات، باجێك کە ئەوەی مامی لە چاویدا هەنگوین و ڕۆن بێت، چونکە تاڵەبانیی مام بە سەرمایەیەکی ڕەمزیی و کاریزمێتیی خۆیەوە هێشتا لەو داوە دەربازی نەبوو.

لاهور شێخ جه‌نگی بەسەر دڕكوداڵدا نەك فەرشی سوور گەیشتە لوتکەی یەکێتی

لاهور شێخ جه‌نگی بەسەر دڕكوداڵدا نەك فەرشی سوور گەیشتە لوتکەی یەکێتی

هەموو هێزی گوتارەکەی لاهور تاڵەبانیی لە گێڕانەوەی مەجد و شکۆی یەکێتیی و ناوچەکە لە بەرامبەر پارتییدایە، ناوچەکە دەمێکە لەبەردەم قەهر و کینەی چەند دەیەی پارتییدا باج ئەدات، لەتەنیشت ستەمی بێڕەحمانەی پارتیشدا بەرپرسانی یەکێتیی دەستیان خستووەتە گەروی دەڤەرەکە و لە سەدان دەروازەوە سەرانەیان لێوەرئەگرن، دەیان گروپی مافیا و چەکدار خۆیان پێ کوێخای ناوچەکەیە، لە ئێستاوە پارتیی ئەیەوێت وەك دیفاکتۆ بەرخورد لەگەڵ ئەم سەرکردایەتییە نوێیەدا بکات (هەرچەندە ڕای جیاوازی توند لە ناو بەیتی بارزانییدا هەیە لەسەر ئەو پرسە و هەر بەو بۆنەیەشەوە کۆبوونەوەکە نەکرا) بەڵام لەتەنیشت هەر جۆرە نەرمییەکی پارتییەوە هاوکات بە نیازی ئیغراکردنی کۆمەڵێك بەرپرسە تا بتوانێت دیسان دومەڵێك لە جەستەی ئەم سەرکردایەتییەشدا دروست بکات و کەی ویستی بیتەقێنێت!
ئەوەی پەیوەستە بە چارەسەری ئەم گرفتەوە، هاوسەرۆکانی یەکێتیی پێویستە دوو کار بەخێرایی ئەنجام بدەن:
١- پاشاگەردانیی لە بازاڕ و کاروباری خەڵکدا نەهێڵن، باج و سەرانە لەسەر بیزنسمانان لە لایەن ئەم و ئەوەوە نەهێڵن.
٢- بەتوندیی ڕووبەڕووی شەقاوە و ڕێگرەکان ببنەوە، دیاردەی یاساشکێنیی و دەستە و تاقمی یاخیی بنەبڕ بکەن.
چونکە گرنگترین فاکتەری بەهێزیی هەر گوتارێك لە بەردەم دیسکۆرسێکیتردا، تۆکمەیی ناوخۆییە کە ئەم ناوچەیە لەمێژە بە دەستییەوە ئەناڵێنن، ئێوە بە هەر ئیشکالێکتانەوە ڕاستگۆبن لە نەیارییتان دژ بە پارتیی و خزمەتی ناوچەکە بکەن، ڕێز لە جیاوازیی فیکریی و دنیابینیی خەڵکیتر بگرن، ئەتوانن بەشێك لەو ڕەخنە و گازاندانەی لەسەرتان هەبووە قەرەبوو بکەنەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو