وڵات زانیارى تایبەت لەبارەى پاترۆیۆتەکەى هەولێر بڵاودەکاتەوە
وڵات_کۆچەر عەزیز
لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا سیستەمی دژە مووسەکی پاتریۆتی بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە هەولێر جێگیرکرد، وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی پێسمەرگەی پەرلەمانی کوردستانیش دەشڵێن،ئاگاداری وردەکارییەکەی نین، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی وڵات دانانی ئەو سیستەمە مانای ئەوەیە هێزەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی دوور مەدا لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.
رۆژی ١٢ی نیسانی ٢٠٢٠، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، دەستیانکردوە بە چالاککردنی سیستەمی دژەموشەکی “پاتریۆت” بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان و بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە هەر هێرشێکی موشەکی، چونکە مەترسی بەردەوامی هێرشی موشەکی لەلایەن چەند گروپێکی چەکدارەوە بەدوور نازانن.
هاوکات رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەبارەی ئەو سیستەمەوە رایگەیاندووە، هەردوو سیستەمی “راسم سی” و “Avenger” دو سیستەمی پێشکەوتون و تایبەتن بە خستنەخوارەوەی موشەک و فڕۆکەوە.
دانانی ئەو مووشەکانە لە کاتێکدایە وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی پێشمەرگە ئاگاداری دانانی وردەکارییەکەی نین و دەڵێن زانیاریمان لا نییە.
وڵات پەیوەندی بە زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستانەوە کرد بەڵام رایانگەیاند، تەنها ئەوەندە ئاگادارین سیستەمەکە داندراوە نازاندرێت چۆن و بە چ میکانیزمێک داندراوە.
بەڵام بە پێی زانیارییەکانی وڵات، دانانی ئەم سیستەمە بە مانای جێگیربووونی هێزەکانی ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ، بەڵام نازاندرێت چۆن و تاکەی دەمێننەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی تایبەتی ناو وەزارەتی پێشمەرگەوە دەست وڵات کەوتووە، وەزارەتی پێشمەرگە زانیاری ورد و تەواوی لا نییە لە بارەی چۆنیەتی دامەزراندن و ژمارەکەی و شوينى دانانى سيستەمەکە له كوردستان، چونكه ئەو سیستەمە ئەمریکا خۆی دایناوە و وەزارەتی پێشمەرگە راستەوخۆ هەماهەنگی نییە لەو بارەیەوە، ئەمریکاش زانیاری لە بارەیەوە بڵاوناکاتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەسکرد، دانانى ئه و سيستەمە لە چوار دەوری بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکایە لە کە لە فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریرن، بەڵام سەبارەت بە ژمارەی ئەو سیستەمانە و ماوەی مانەوەیان و رێکارەکانی دیکە تەنها لای ئەمریکییەکانە هێج شتێکیان نەداوەتە وەزارەتی پێشمەرگەو حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بەوەی کە بۆچی تەنها ئەو سیستەمە لە هەولێر داندراوە ئەو سەرچاوەیە، وتیشی، لەبەرئەوەی بنكهی سەرەکی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێرە.
دەربارەی ئەوەی کە ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانانی ئەو سیستەمە لە هەریـی کوردستان نیگەران دەبێت سەرچاوەکەی وڵات باسیلەوەشکرد، وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری شتێکی لەو باباتە نییە و، چونکە ئەگەر ناڕەزایش هەبێت لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشکەشدەکرێت و ئەوان ئاگاداردەکرێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بە وەزارەت نەوتراوە لەسەر ئەو بابەتە.
سیستەمی پاتریۆت ڕاداری هەرە پێشکەوتویی هەیە و لەو شوێنانەی جێگیردەکرێت،لەکاتی نزیکبونەوەی موشەک ڕادەرەکە دەکەوێتە جووڵە بۆ تێکشکاندنی موشەکەکە.
دانانی ئەو سیستەمانەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا دەستیانکرد بە ڕادەستکردنەوەی بنکە سەربازییەکان بە سوپای عێراق لە ماوەی رابردووشدا بنکەی سەربازی کەی وەنیان لە پارێزگای کەرکوک ڕادەستکردوە.