وڵات:شیروان موحەمەد ئەمین
وا بڕیارە پارتى پارێزبەندى لەسەر یەکێک لە ئەندامى پەرلەمان هەڵبگرێت بەڵام بێئاگا لەوەى سەدان ئەندامى ترى وەک سۆران عومەر لە خۆیان قووت دەکەنەوە.
مەسروور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە خراپترین دۆخدا لە جیاتى ئارامگرتن توڕەیى خۆى دەردەبڕێت و ڕەخنەگرتن لە ئەندامانى پەرلەمانیش قبوڵ ناکات، بەڵام 29 ساڵە هاوڵاتیان لەژێر سیاسەتى ناڕەواى ئەوان ئارامیان گرتووە.
ئەم بەناو سیاسەتکردنەى ئێستاى پارتى، چەندە پەیامێکە بۆ خودى کەسێک و لایەنێکى سیاسى بەڵام ئاوێنەدانەوەى دەبێت بۆ سەرجەم ئەندامانى فراکسیۆنەکانى کوردستان و هەڵوێستى لایەنە سیاسییەکانى تر، کە لە ئێستاوە زیاتر لە ڕابردو پارتى نیشانەى تەسک کردنەوەى ئازادى بیروڕا لەسەر خۆى و دەوروبەرى دادەنێت.
لەسەرەتاى ڕەتکردنەوەى داخوازییەکەى سەرۆکى حکومەت لە سەرۆکى پەرلەمان بینینمان هێرشى دەروێشانى پارتى چۆن ڕووبەڕووى یەکێتى بوونەوە، بەڵام لە هەناوى یەکێتى و باوکى ڕۆحانى ئەم حزبەدا ئازادى بە کردار بوونى هەیە،دەبێت ئەوەش بگوترێت سروشت و جوگرافیاى یەکێتى هەرگیز ئەوەى پێ هەزم ناکرێت کە لە سیاسەتى حکومڕانى پارتیدا کراوەو دەکرێت.
بێدەنگى خودى مەسعود بارزانى لەسەر ئەم پرسەى کە سەرجەم ڕۆشنبیرانى لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هێناوەتە قسە،هیچ نیییە جگە لە بێباکى بۆ میللەت و خەمخۆرى بۆ کورسى کوڕەکەى لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران.
چەندین ساڵە نوسران هاوکارى مەرجەعیەت و برا گەورەیى لە بارزانى دەکەن،بەڵام بە ڕەفتارەکانیاندابێت خۆیان بە شایستەى ئەوە نازانن و متمانەیان بەوە نییە بتوانن بەشێوەیەکى دادپەروەر برایەتى و حومڕانى ڕەشید پەیڕەو بکەن.
دەبوو جەنابى مەسروور بارزانى و دەوروبەرى پێشتر بە شیچوەیەکى زۆر باش بیریان لە وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیران بکردایەتەوە، چونکە پۆستى ئێستاو پۆستى پێشووى لە ڕووى مامەڵەى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورى و فەرهەنگى وەک سالب و موجەب جیاوازە.
بۆ سودو بەرژەوەندى خودى پارتى و شەقام تکا دەکەم لە بڕیارەکەتان پەشیمان ببنەوەو لە نرخ و بەهاى کارى پەرلەمان کەمتر مەکەنەوە، چونکە ئەوەى چەندین ساڵە ئێوە لافى پێوە لێدەدەن دامەزراوەى پەرلەمانى کوردستان بوو،بۆیە لەم کاتەدا دژایەتى پارتى بۆ هەر ئەندامێکى پەرلەمان و وەرگرتنەوەى پارێزبەندى لێیان، هەڵگەڕانەوەى تیرێکى ژەهراوییە بۆ خودى بڕ بڕە پشتى پارتى و دروستبوونى ناکۆکى سیاسى گەورەرتر لەوەى کە ئێستا هەیە.