به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی قودسه‌وه‌ چاوخشانێك به‌سه‌ر روداوه‌كانی 72 ساڵ له‌ داگیركاری و دوژمنكاری له‌ خاكی فه‌ڵه‌ستین

به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی قودسه‌وه‌ چاوخشانێك به‌سه‌ر روداوه‌كانی 72 ساڵ له‌ داگیركاری و دوژمنكاری له‌ خاكی فه‌ڵه‌ستین

مه‌هدی شوشته‌ری
سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی

ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك خواستگه‌ی ئایینه‌ یه‌كتاپه‌ره‌سته‌كان و خاكی پیرۆزی فه‌له‌ستین و هه‌روه‌ها به‌یت المقدیس وه‌ك قیبله‌گای یه‌كه‌می موسوڵمانان، 72 ساڵه‌ شایه‌تحاڵی دوژمنكاری، داگیركاری و ئاواره‌یی گه‌لێك له‌ خاكی باوباپیرانی خۆیان و ئه‌ڵبه‌ت له‌به‌رامبه‌ردا 72 ساڵ به‌رگری و خۆڕاگری به‌رامبه‌ر داگیركاران و قوربانی دان و له‌خۆبوورده‌یی بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئامانجه‌كانی گه‌لی مه‌زنی فه‌ڵه‌ستینه‌. 72 ساڵ پێش ئێستا و به‌ پشتگیری هێزه‌ داگیركاره‌كانی جیهان، ڕژێمێكی ساخته‌ و نایاسایی له‌ناو دڵی جیهانی ئیسلام دا دروست بوو. نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی فه‌ڵه‌ستین هه‌ڵگری هیوا و ئاواتی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج و مافه‌ پێشێلكراوه‌كانی خۆیان له‌ ئازادكردنی خاكی باوپاپیرانیان له‌ داگیركاری، هه‌روه‌ها گه‌شتن به‌ مافی حاشاهه‌ڵنه‌گر و دانپیادانراوی مافی چاره‌ی خۆنوسین و پێكهێنانی دوڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و یه‌كپارچه‌ی خۆی به‌ پایته‌ختی قودسی شه‌ریفه‌وه‌.
له‌م نوسینه‌دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ك لێكۆڵه‌ڕێكی سه‌ربه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وه‌ك چاودێرێكی بێلایه‌ن، ڕاستیگه‌لێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ئه‌م 72 ساڵه‌دا به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و فه‌ڵه‌ستین دا تێپه‌ڕیوه‌، هاوبه‌شی پێبكه‌م:
1- داگیركاری سه‌ره‌تایی خاكی فه‌له‌ستین له‌ ساڵی 1948 ی زایینی، له‌ ڕێگه‌ی داگیركردنی 77% ی ئه‌م خاكه‌ و ئه‌نجامدانی چه‌ندین تاوانی وه‌ك كوشتاره‌كانی دیریاسین، كه‌فه‌رقاسم و…هتد، ئاواره‌كردنی نزیكه‌ی 60% كۆی دانیشتوانی فه‌له‌ستین، روخاندنی ئامانجداری ماڵ و گونده‌كانه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ سه‌لمێنه‌ری پێشێل كردنی ڕوونی مافه‌كانی مرۆڤ و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌، ئه‌نجام درا. هه‌موو ئه‌م تاوانانه‌ سه‌لمێنه‌ری تیرۆریزمێكی ڕێكخراو و ده‌وڵه‌تی بوو كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ نه‌ تنها له‌ توندییه‌كه‌ی كه‌م نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو به‌تین تر و فراوانتریش بووه‌.
2- داگیركردنی خاكی فه‌ڵه‌ستین و خاكی سه‌رزه‌مینه‌ عه‌ره‌به‌كانی دیكه‌ له‌ لایه‌ن رڕژێمی زایۆنیه‌وه‌، دیارده‌یه‌كی به‌رده‌وام و بێ وه‌ستان بووه‌. بڕیاری دابه‌شكردنی 181 له‌ ساڵی 1947، سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی وڵاته‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌كان، په‌سه‌ند كراو و 54.7 له‌سه‌دی ڕووبه‌ری خاكی فه‌ڵه‌ستین درا به‌ ده‌وڵه‌تی یه‌هودی و 44.8 له‌سه‌دیش به‌ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی (فه‌ڵه‌ستین) درا. به‌ڵام ئیسرائیل یه‌كسه‌ر به‌ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی 1948 و پاشان جه‌نگی 1967 و داگیركردنی ناوچه‌گه‌لێكی فراوان له‌ كه‌رتی ڕۆژئاوا و كه‌رتی غه‌زه‌، پشكی فه‌ڵه‌ستینیه‌كانی له‌ خاكی خۆیان بۆ 22 له‌سه‌د كه‌م كرده‌وه‌ و چه‌ند به‌شێكی له‌به‌رچاو له‌و خاكه‌ی كه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین دیاری كرابوو داگیركرد و ئه‌م داگیركارییه‌ تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.
3- خاكی فه‌ڵه‌ستین و ناوچه‌كه‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌م 72 ساڵه‌دا، ڕووبه‌ڕووی دوو كێشه‌ی گه‌وره‌ی داگیركاری و فراوانكردنی له‌سه‌رخۆ و به‌رده‌وامی ئه‌و داگیركارییه‌ و هه‌روه‌ها تیرۆریزمی دامه‌زراوه‌یی و ڕێكخراو و ده‌وڵه‌تیی ڕژێمی زایۆنی له‌ دژی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و گه‌لانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ بووه‌ته‌وه‌. ڕوودانی چه‌ندین جه‌نگی جیاواز له‌ دژی خاكی فه‌ڵه‌ستین و وڵاتانی عه‌ره‌بی هاوسێ له‌لایه‌ن ڕژێمی زایۆنیه‌وه‌ و ئه‌نجامدانی تاوانگه‌لێكی فراوان له‌ فه‌ڵه‌ستین و لوبنان و ناوچه‌كانی دیكه‌، كارنامه‌یه‌كی ڕه‌شی له‌ پێشێل كردنی بنه‌ما بنه‌ڕه‌تیه‌كانی مافه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌ مرۆڤدۆستانه‌كان له‌ لایه‌ن ڕژێمی زایۆنیه‌وه‌ تۆمار كردووه‌.
4- ئیسرائیل به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ دیفاكتۆگه‌لێكی نوێ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بسه‌پێنێت. ئه‌م ڕژێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی زه‌وی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان له‌ كه‌رتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون و شاری قودس و دروست كردنی شارۆچكه‌گه‌لی نوێ له‌ ناوچه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كان و دروست كردنی دیواری جیاكه‌ره‌وه‌ له‌ كه‌رتی ڕۆژئاوا و… هتد. ده‌یه‌وێت دیفاكتۆگه‌لی نوێ بسه‌پێنێت. شارۆچكه‌ نایاساییه‌كان و دیواره‌ جیاكه‌ره‌وه‌ دروستكراوه‌كان له‌ كه‌رتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون نزیكه‌ی 40 له‌سه‌دی ڕووبه‌ری ئه‌م ناوچه‌یه‌ی قوت داوه‌ و به‌ جۆرێك پرژوبڵاو بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری پێكه‌وه‌ به‌ستنی جوگرافیایی شاره‌كانی فه‌ڵه‌ستینی به‌ ته‌واوی له‌بار بردووه‌ و ئه‌م شارانه‌ی گۆڕیوه‌ بۆ چه‌ندین كانتۆنی له‌یه‌ك جودا. پڕۆژه‌ی به‌ناو “مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌” ش كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ لایه‌ن تره‌مپ، سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا، خرایه‌ڕوو، شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ جێگیركردنی دیفاكتۆ و داگیركارییه‌كانیان و به‌خشینی دیاری به‌ ڕژێمی داگیركار له‌ لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌. به‌ جێبه‌جێ كردنی ناوه‌ڕۆكی مامه‌ڵه‌ی سه‌ده‌، پشكی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان له‌ خاكی خۆیان بۆ 15 له‌سه‌د كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
5- ئه‌زموونی نزیكه‌ی سێ ده‌یه‌ له‌ گفتوگۆكانی به‌ناو ئاشتی ئه‌وه‌ی پیشان داوه‌ كه‌ رڕژێمی زایۆنی پابه‌ندی ته‌نها یه‌ك ڕێكه‌وتنی واژۆكراو له‌گه‌ڵ فه‌ڵه‌ستینیه‌كاندا نییه‌. رڕژێمی زایۆنی ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نییه‌ ڕێگه‌ بدات لانی كه‌می مافی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان له‌ پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت له‌ سنوره‌كانی 1967 بێته‌دی.
6- به‌ داخه‌وه‌ ڕاستیه‌كی تاڵ له‌ میانه‌ی ئه‌م گۆڕانكاریانه‌دا له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ حه‌وت ده‌یه‌ی ڕابردوو، بریتیه‌ له‌ پشتگیری ئاشكرا و نهێنی و تاكلایه‌نانه‌ی هیزه‌ گه‌وره‌كانی جیهان و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رڕژێمی زایۆنی و بێده‌نگی و بێ كرداری ده‌سته‌ و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.
به‌پێی ئه‌و ڕاستیانه‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی گۆڕه‌پانی فه‌ڵه‌ستین ئاماژه‌یان پێدرا، بنه‌ما و رێكاره‌كان بۆ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی قه‌یرانی داگیركاری فه‌ڵه‌ستین ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
1- تا ئه‌وكاته‌ی قه‌یرانی داگیركاری فه‌ڵه‌ستین وه‌ك پایه‌دارترین و درێژترین قه‌یران له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گوڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی و دادپه‌روه‌رانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌جێگه‌یاندنی مافه‌كانی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ناتوانین چاوه‌ڕێی ئاشتی و سه‌قامگیری به‌رده‌وام له‌ ناوچه‌كه‌دا بین. پێویسته‌ پڕۆژه‌ پێشنیاركراوه‌كان بۆ ئاشتی به‌ شێوه‌ی شێلگیرانه‌ گرنگی به‌ كرۆكی قه‌یرانه‌كه‌ بدات. داگیركردنی خاكی فه‌ڵه‌ستین و ئاواره‌بوونی ملیۆنان فه‌ڵه‌ستینی و به‌رده‌وامی كرده‌وه‌ توندوتیژییه‌كانی ڕۆژانه‌ی رڕژێمی زایۆنی له‌ دژی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین به‌شێكن له‌ كرۆك و هۆكاره‌كانی به‌رده‌وامی قه‌یرانی فه‌ڵه‌ستین.

ئیسرائیل به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ دیفاكتۆگه‌لێكی نوێ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بسه‌پێنێت


2- كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌پاڵ گرنگیدان به‌ هۆكاره‌كانی قه‌یرانه‌كه‌، ده‌بوو به‌شێوه‌ی شێلگیرانه‌ رێكارگه‌لی گونجاو بۆ ڕێگری كردن له‌ به‌رده‌وامی كرده‌وه‌ توندئاژۆ و تیرۆریستیه‌ ڕێكخراو و ده‌وڵه‌تیه‌كانی رڕژێمی زایۆنی له‌دژی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان له‌به‌رچاو بگرن. تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌م ڕژێمه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی هه‌بێ كه‌ هه‌رجۆره‌ كرده‌وه‌یه‌ك له‌دژی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان و گه‌لانی ناوچه‌كه‌ بێ سزا ده‌مێنێته‌وه‌، هیچ گه‌ره‌نتیه‌ك بۆ ڕاگرتنی ئه‌م كرده‌وانه‌ بوونی نابێت.
3- به‌مه‌به‌ستی گه‌ره‌نتی كردنی ڕێگه‌چاره‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ قه‌یرانی فه‌ڵه‌ستین، پێویسته‌ ڕۆژئاوا و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆتایی بهێنن به‌ پشتگیرییه‌ تاكلایه‌نه‌كان له‌ ڕژێمی زایۆنی كه‌ له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 7 ده‌یه‌یه‌ ئه‌نجامی داوه‌.
كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ درێژایی 4 ده‌یه‌ی ڕابردوو، به‌ حوكمی ئه‌ركی مرۆڤدۆستی و ئیسلامی خۆی، پشتگیری كردن له‌ ئامانج و مافه‌كانی گه‌لی سته‌ملێكراوی فه‌ڵه‌ستین و به‌رگری یاسایی ئه‌م گه‌له‌ له‌به‌رامبه‌ر داگیركه‌رانی زایۆنی كردووه‌ته‌ سه‌ردێژی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی خۆی. ڕاگه‌یاندنی ڕۆژی جیهانی قودس له‌لایه‌ن دامه‌زرێنه‌ری كۆچكردووی كۆماری ئیسلامی، حه‌زره‌تی ئیمام خومه‌ینی (ڕه‌حمه‌تی خودای له‌سه‌ر بێت) به‌ ئامانجی ڕاكێشانی پشتگیری و پشتیوانی ته‌واوی موسوڵمانان و ئازادی خوازانی جیهان له‌ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ئه‌نجام درا. هه‌موو ساڵێك له‌ وڵاته‌ جیاوازه‌كانی جیهان به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ مه‌راسیم و به‌رنامه‌گه‌لێكی جیاواز ئه‌نجام ده‌درێت.
كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی داگیركاری فه‌ڵه‌ستین، پڕۆژه‌یه‌كی دیموكراتی و دادپه‌روه‌رانه‌ی به‌ ناوی “ئه‌نجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی له‌ فه‌ڵه‌ستین” خستووه‌ته‌ڕوو و له‌ سكرتاریه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش تۆمار كراوه‌. پڕۆژه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌پێی بنه‌ما دیموكراسی و مافه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن ته‌واوی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌، داڕێژراوه‌ و خراوه‌ته‌ڕوو. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ جێگره‌وه‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ پڕۆژه‌ شكستخواردووه‌كانی پێشوو. ناوه‌ڕۆكی سه‌ره‌كی ئه‌م پڕۆژه‌ چوار ماده‌ییه‌ بریتیه‌ له‌:
1- جێبه‌جێ كردنی مافی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كان بۆ سه‌رزه‌مینی میژوویی خۆیان.
2- ئه‌نجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی له‌نێوان خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی فه‌ڵه‌ستین به‌ موسوڵمان، یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنوسین و جۆری سیسته‌می سیاسی خۆیان.
3- پێكهێنانی سیسته‌می سیاسی په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵكی فه‌ڵه‌ستینه‌وه‌.
4- بڕیاردان ده‌رباره‌ی بارودۆخی دانیشتوانی غه‌یره‌ فه‌ڵه‌ستینی له‌لایه‌ن سیسته‌می سیاسی هه‌ڵبژێردراوی زۆرینه‌وه‌.
بڕوام وایه‌ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ئه‌مڕۆ له‌پێش هه‌ركاتێكی دیكه‌ له‌ماوه‌ی 72 ساڵی ڕابردوودا پێویستیان به‌ یارمه‌تی و هاوكاری ئێمه‌یه‌ و له‌سه‌ر موسوڵمانان و ئازادیخوازان فه‌رزه‌ كه‌ ده‌ستی یارمه‌تی بۆ ئه‌م گه‌له‌ مه‌زڵوم و سته‌ملێكراوه‌ درێژ یكه‌ن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو