وڵات_تایبەت
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، لەسەر کەرەنتینە و بڕیارەکانى وەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان و دەستوەردانى ڕێبەر ئەحمەد لە کاروبارەکانى تەندروستى، کیشە دەکەوێتە نێوان وەزیرى تەندروستى و دکتۆر سەباح هەورامى بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى.
سەرچاوەیەکى تایبەت لەوەزارەتى تەندروستى هەرێمى کوردستان ئەوەى بۆ وڵات، ڕوونکردەوە، هەریەکە لە دکتۆر سەباح هەورامى بەرێوەبەرى تەندروستى سلێمانى و دکتۆر سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان کێشە لەنێوانیان هەیە لەسەر شێوەى بەرێوەبردنى دۆسیەى کۆرۆنا، ئەوەش وایکردووە ئەوە دوو کۆبونەوەیە د.سەباح هەورامى بەشدارى کۆبوونەوەکانى وەزارەتى تەندروستى نەکردووە.
دکتۆر سەباح هەورامى ڕاى وایە، ئەگەر کۆبونەوەى وەزارەت دەکرێت پێویستە گفتووگۆى زانستى بکرێت لەو ڕوانگەیەوە بڕیار لەسەر کەرەنتینە یان هەر پرسێکى دیکەى تایبەت بە پرسە تەندروستیەکان بدرێت، ئەوەى وتووە: “ئێستا وەزارەت بووەتە شوێنى ئەجێنداى لایەنێکى دەرەوەى کەرتى تەندروستى و وەزارەتى تەندروستى لەدەرکردنى بڕیارەکان ئیرادەیەکى زانستى نیە، بەڵکو ئیرادەى سیاسى بەسەردا زاڵە”.
د.سەباح هەورامى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئامادەنیە لە کۆبونەوەیەکى وەزارەتى تەندروستى دابنیشێت رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى تێدابێت و لەدەزگاى پاراستنەوە تەبخەیەکى سیاسى بهێنیت و وەزیرى تەندروستیش هەرچى ئەو ووتى قسەکەى ئەو بکات بەبڕیار، ئەوەى ووتووە: “وەزارەتى شوێنى گفتووگۆى زانستیە، نەک ساغکردنەوەى بڕیار و پلانى دەزگاى پاراستن”.
مانگترتنى پزیشکەکان چۆنە؟
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەستى وڵات_ کەوتوون ئەو پزیشکانەى نوێن یان خۆخبەشن لە دۆخێکى دارایى زۆر سەختدان، وەزارەتى تەندروستى بەڵێنى پێداون هەم دایان بمەزرێنت مانگانەش بڕى یەک ملیۆنیان بداتێ، بەڵام ئەوە سێ مانگە تەنها ٢٥٠ هەزاریان وەرگرتووە، هاوکات ئەو پزیشکانەش لەوانە (موقیم و موقیم ئەقدەم) زۆرینەیان مانیان گرتووە و کارەکانیان جێھێشتووە کە ژمارەیان سەدان کەسە، چونکە بەشێکى زۆرى ئەوانە پارەى هاتووچیان پێنەماوە و دۆخى دارییان بەهۆى نەدانى مووچەوە سفر بووەتەوە، بۆیە ئەگەر بشیان نەوێت دەوام بکەن تواناى دارییان ڕێگەیان پێنادات.
پزیشکانى کۆرۆنا مانیان نەگرتووە و بەردەوامن بەبێ بەرامبەر
ئەوانەى ئێستا دەوام دەکەن دکتۆرەکانى کۆرۆنا لەوانەش (د.زانا و د.هادى) تەنها یەک کەس دەوام ناکات ئەویش د. هێرش حەیدەر نەخۆشانى کۆرۆناى جێهێشتووە، بەپێچەوانەوە دکتۆرەکانى دیکە بەبێ بەرامبەر نەخۆشخانى کۆرۆنا چارەسەر دەکەن و بەردەوامن لە پشکنین بۆیان، لەلایەکى دیکەوە چوار پزیشکى دیکە کە پزیشکى بەناوبانگن و خاوەن نۆرینگەى فەرمین پارەى (بەدەل عیادە) وەردەگرن واتە لەبرى کردنەى نورینگەکانیان لە نەخۆشخانە کاردەکەن مانگانە نزیکەى ٤ ملیۆن دینار وەردەگرن، ئەو پارەیە لەوەزارەتەوە بۆیان نایەت بەڵکو لەداهاتى تەندروستى سلێمانى وەریدەگرن، ئەوانیش مانیان نەگرتووە.
بۆچى لەسلێمانى زۆرترن و هەولێر کەمترینە
تەندروستى سلێمانى هەموو ئەو حاڵەتانەى تۆمارکراون ڕاستەوخۆ داخڵى داتابەیسى تووشبوانى کۆرۆنایان دەکات بۆیە ڕۆژانە و لەیەک کاتدا ئەو تووشبوانە لەداتابەیسى وەزارەتى تەندروستى بەدرووستى دەردەکەون
بەڵام تەندروستى هەولێر وەکو ڕەچاوکردنى باروودۆخى دەروونى خەڵکى هەولێر و بارى بارى بازرگانى و دیبلۆماسى شارەکە، بەشێک لەکەیسەکان دەشارێتەوە و داخڵى داتابەسى وەزارەتیان ناکات، سەربارى ئەوەش ئەئاگادارى وەزارەتى تەندروستى ئەو کەسایەتى و بەرپرسانەى پارتى کە تووشى کۆرۆنابوون پشکنینى تایبەتیان بۆ ئەنجام دەدرێت و داخڵى داتابەیسى فەرمى وەزارەت ناکرێن.
سلێمانى چۆن کێشەى ئۆکسیجین چارەسەر دەکات؟
دواى لەکارکەوتنى ٢٥% کارگەى ئۆکسجیى بازیان و مەترسى گیان لەدەستدانى تووشبوانى کۆرۆنا زیادیکردووە، بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_پارێزگارى سلێمانى پەیوەندى بە تەندروستى سلێمانى کردووە داواى تەحلیلى کێشەکەى کردووە، تەندروستى سلێمانى پێییان ڕاگەیاندووە، ئەوە تەنها بەکێشەى پارە چارەسەر ناکرێت بەڵکو پێویستە تیمێکى ئەمریکى تەحلیلى بکات، هەڤاڵ ئەبووبەکر ڕایگەیاندووە، گرفتى پارەتان نەبێت ئەگەر بەسواڵیشم کردبێت ناهێلم وابێت و چاکى دەکەمەوە.