نەوزاد مەحمود
هەر 25 ئەندامەکەى ئەنجوومەنى حوکم بەرامبەر مایکى دەیان رۆژنامەوان، لەسەر شانۆ ى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە راوەستابوون بۆ ئەوەى دەستپێکردنى ژیانێکى سیاسى نوێ لە دواى سەددام حوسێن رابگەیێنن. محەممەد بەحر علوم، بەرگەى پرسیارێکى پەیامنێرى جەزیرە ناگرێ و بە تووندى وەڵامى دەداتەوە “سەددام سەد هەزار لە عێراقییەکانى کوشت، بۆچى گۆڕە بە کۆمەڵەکانتان پیشانى بینەرەکانتان نەدا؟.”
رەجا خوزاعى، خانمە پزیشکى منداڵبوون کە تاوەکو ئەوکاتەى ببووە ئەندامى ئەنجوومەنەکە، لە نۆڕینگەکەى ژنە دووگیانەکانی عێراقی دەبینى، مایکەکەى وەرگرت و بە قسەیەکى کاریگەر بێدەنگى شکاند “لە ماوەى 30 ساڵى کارکردنمدا وەک پزیشک، یارمەتى لەدایکبوونى هەزاران منداڵى عێراقیم داوە، ئەمڕۆ شانازى دەکەم یارمەتى لەدایکبوونى حکومەتێکى نوێ بۆ عێراقییەکان دەدەم.” بەڵام ئایا هێشتا خوزاعى، شانازى بەو مامانییەوە دەکات.
ئێستا نزیکەى 20 ساڵ لەو رووداوە دوور کەوتووینەتەوە و بە دیاریکراوى 17ساڵە سیاسییەکانى عێراق دەڵێن “پرۆسەی ئازادی عێراق” بەڵام ئایا چى لەم عێراقە نوێیە دەگوزەرێ؟ شەقامە داڕزاوەکان، یان لیستى دوورو ودرێژى بێکاریی، زیاتر لە ملیۆنێک بێوەژن و، دەیان ئاڵای مەزهەبیی نێو سوپا و ملیۆنان دۆلارى خەوێندراوى نێو بانکە تاریکەکان. سەرهەڵگرتنى دادپەروەریی و وڵاتێک کە گەورەکان کێبڕکێ لەگەڵ کات دەکەن بۆ قوتدانى بچووکەکان. ئێستا ئەو ئەبوعەلییە چى دەڵێ کە بەهیواى هەڵهاتنى خۆرێکى نوێ، بە تاکە نەعلەکەى لەسەر شەقامە پڕ لە قەوانە فیشەکەکان وێنەکەى سەددامى دەکوتا!
لە راستیدا عێراق پڕە لە سەرکردە، بەڵێ سەرکردە زۆرن کە ئەبو عەلى و رەجا خوزاعى پەنایان بۆ ببەن و گلەیی ئەوەیان لێبکەن، عێراقی نێو خەیاڵ و خەونەکانى ئەوان بۆچى بەم رۆژە تاریکە گەیشت؟ بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە، ئەو سەرکردانە پێشئەوەى عێراقی بن، ئێرانییانە و ئەمریکییانە و سعودیانە و بەریتانییانە، گلانی دەرفەتەکان شیدەکەنەوە!
بەرهەم ساڵح، زۆر پەسنى بەربژێرە دڵخوازەکەى دەدات کاتێک رایسپارد بۆ وەرگرتنى ئەرکى سەرۆکایەتى وەزیران. پەسنیدا و گلەییشی لە زیادەڕۆیی بەرژەوەندی پەرستن کرد، بەڵام ئەى ئەوانەى ئەلبوومى ماڵەکەتان پڕن لە وێنەى ئەو کەسانەى، سیاسەت بەبێ پاساوى ئەخلاقى لێی ستاندوونەتەوە، دەزانم لە بەر چارەنووسی منداڵەکانتان هیوا دەخوازن سەرۆککۆمار ئامانجەکەى پێکابێت. بەڵام لەماوەى ئەو دوومانگەى رابردوودا، ئێمە سەرۆککۆمارمان بینى بەدەم رادەستکردنى فایلى راسپاردنەوە دوو جارى دیکە ئەو قسانەى کرد. چوونکە بەهۆى لە گرێژنە دەرچوونى کێشە و ململانێکانى ئەو وڵاتەوە، بەرهەم ساڵح، یەکەمین سەرۆککۆمارى عێراقە لە دواى سەددام حوسێن، لە ماوەى دوو مانگدا سێ کەسی بە فەرمى راسپاردبێ بۆ وەرگرتنى ئەرکى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق!
ئێستا کۆلێرەى مستەفا کازمى، بە تەنوورێکەوەیە کە بە دارى زۆربەى لایەنە سیاسییە خاوەن پێگەکان گەرمکراوە، بەڵام هێشتا کاتى پیرۆزبایی نییە. چوونکە حکومەتە نوێیەکەى دواى سەددام حوسێن هەر لەدایکنەبووە و تاوەکو ئێستاش جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پیشمەرگەى هەرێمى کوردستان، تاکە کەسە لە عێراقدا دەستەواژەى “حکومەتى عێراقی فیدڕاڵ” بەکاردەهێنێ. کێ لە عەدنان زورفى و محەممەد عەللاوى باشتر تێگەیشتووە، بۆچى عێراقییەکان بە دەریایەک نەوتیش دەستى ماندوێتی ناخەنە سەر سکی تێر؟ چوونکە ڕەگى ناکۆکییە مەزهەبی و نەتەوەیی و سیاسییەکان لەو چاڵانە قووڵترن، زیاتر لە سەدەیەکە نەوتى لێدەردەهێندرێ.ئەمڕۆ کۆمەڵگەى شیعە مەزهەبی عێراقیش، شانازیی یەکبوونى لەدەستداوە و عاشووراى خوێناویش تەنیا بۆ رۆژێک کۆیاندەکاتەوە.
کاتێک بەرپرسی دۆسێی عێراق بوو لە ماڵپەڕى مۆنیتەر، مستەفا کازمى هەمیشە بەدواى ئەو چاڵە سیاسیانەدا دەگەڕا، ناو بەناو سەرکردەکان دەکەوتنە ناوییەوە. ئێستا خۆى بەڕێوەیە بەرەو ناوچەى سەوز، بەناوبانگترین ناوچەى پڕکێشە و چاڵى مەزهەبی و سیاسى لە رۆژهەڵاتى ناوەراست. با سەیربکەین و ببینین کاتێک وەزیرى دارایی زەنگێکى گەورەتر بۆ کورتهێنانێکى زەبەلاحى بوودجە لێدەدات و داخوازى چەککردنى گرووپەکانى حەشد دێتە ئاراوە و ئاژاوەیەکى دیکە سەرى سەدر دەنێتەوە. گرەو لەسەر ئاشتى کۆمەڵایەتییە و گیرفانى خاڵى ئەو گرەوەى پێناکرێت.
بەهۆى سەرکردە مایەپووچەکانەوە، عێراقییەکان راهێندراون لەسەر نەریتێکى سیاسی گاڵتەجاڕانە. کاتێک ناوێک دەخرێتە سەرکاغەز بۆ ئەوەى بەرپرسیارێتى وەربگرێ، خەڵک لە عێراق گوێهەڵدەخەن تاوەکو بزانن تۆنى دەنگى واشنتن و تاران چۆنە، دواتر قسەى خۆیان دەکەن. کەچى بەڕێز کازمى لە یەکەمین دەرکەوتنیدا مژدەى پاراستنى سەروەریی ئاسمان و زەمینى عێراق دەدات! ئەو کە دەیان شەو کەنگەشەى (دڵڕەقى و بێدەنگى) و (فیتنە)ى لەگەڵ کەنعان مەکییەى هاوڕێی کردووە و، ساڵانێکیش بە کردار بەرپرسى یەکەمى هەواڵگری بووە، لە هەموومان باشتر دەزانێ “سەروەرى عێراق” قسەیەکى خۆشی ئێرانى و ئەمریکییە و سیستانى و شیوعییەکانیش حەز لە دووبارەکردنەوەى دەکەن. بەڵام بەداخەوە، سەروەریی ناخرێتە نێو رستە عێراقییەکانەوە. چوونکە ئەزموونەکانى رابردوو دەریانخست، بڕیاردەرى راستەقینە لە عێراق ئەوانەن، لە شاشەى تەلەڤزیۆنەکانەوە دەرناکەون.
نوکتەى هەرە سەرنجڕاکێش ئەوەیە، خودى ئەوانەش لە عێراق رازى نین کە بەم دەردەى ئێستایان بردووە. خەزعەلى و کەوسەرانى و ئەحمەد ئەسەدى و کەریم نووری، ناوى درەوشاوەى نێو فەرهەنگى سیاسى ئێستاى عێراقن، نەک ئەوانەى بە رەگەزنامە لەندەنییەکانیانەوە گەڕانەوە ناوچەى سەوز. ساڵى 2004 کاتێک پۆل بریمەر لە مزگەوتى سەددام چاوى بە شێخ قەزوینى دەکەوێت، کەسایەتییە شیعەکە بە نێردراوە ئەمریکییەکە دەڵێ “خواستمان ئەوەیە عێراق ببێتە 53یەمین ویلایەتى ئەمریکا” بەڵام چەند ساڵێک دواتر، بریمەرى خانەنشینکراو هەواڵى ئەو نووسراوەى شارەوانى تارانى دەخوێندەوە کە رێنمایی بۆ شارەوانى نەجەف دەرکردبوو! سەرکوەزیرى راسپێردراو، ئەمە ئەو عێراقەیە کە ئەمریکییەکان لەنێو چەرچەفێکى ئیرانیدا، بانگى دیموکراسییان دا بەگوێیدا.
بەڕێز مستەفا عەبدوللـەتیف کازمی، تۆ سەیرى یارى سێرکت کردووە؟ واز لە پیاهەڵدانەکانى سەرۆککۆمار بهێنە و بگەڕێرەوە بۆ نووسینەکانى بیرمەندى ناسراوى عێراقى، عەلى وەردى. هەرنەبێ بۆ پرۆژەکانى دامەزراوەی یادەوەریی عێراقی، کە پرۆژەى خۆتن. سەرۆکایەتیکردن لە عێراق، وەک یاریی سێرک و راکردنە بەسەر تەنافدا. چوونکە دەبێ پێش عێراقییەکان، هەڵبژاردەى تاران و واشنتن بیت. قاوەیەکت بەرووى خۆشەوە لە سعودیە خواردبێتەوە و لە هاموشۆکردنى ئەنقەرە نەترسی، بەبێ واژۆکردنى راگەیێندراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە بەشداریی لوتکەى عەرەبی بکەیت، خوێنى رژاوى سەدان مارێنز بە شەقام و کۆڵانەکانەوە ببینى و چینییەکان بانگهێشتبکەى بۆ نۆژەنکردنەوەى. بۆ خوێنى رژاوى حوسەین بگەڕێیت و ئەو ستەمەش ببینى شوێنکەوتووانى حوسەین دەیکەن. بەرگەى ئەوەش بگریت کە فرۆکەکەى ترەمپ لە عەینولئەسەد بنیشێتەوە، نەک بەغدا.
وڵات ڤایرۆس سەری تێناوە و نەوت چیدیکە مووچەى فەرمانبەران هەڵناسوڕێنێ. داعش خۆی رێکدەخاتەوە و هێز و بازووى خۆی پیشان دەداتەوە. ئەمریکا گوژمە پارەى دیکە تەرخاندەکات بۆ سەرى بەرپرسەکانى حەشدى شەعبی. عێراق هەموو شتێک هاوردە دەکات و تەنیا وێنەى تراژیدى بۆ میدیاکانى جیهان هەناردە دەکات. تەنیا شتێک دەکرێ کازمى لەو دۆخەدا دڵى پێخۆشبکات ئەوەیە، کۆڤید 19 شەقامى بێزارى عێراقیى لە موقتەدا سەدر وەرگرتووەتەوە و ئەمریکییەکانیش بە جێگیرکردنى سیستمى پاتریۆت، هەموو شەوێک بانگى ناکەنە باڵیۆزخانەى بەغدا بۆ ئەوەى کاتیۆشاکانى حزبوڵڵا و خەزعەلییان لێدووربخاتەوە.
لە کۆنگرەى یارمەتیدانى عێراق لە کوەیت، ئەیاد عەللاوى جێگرى ئەوکاتى سەرۆککۆمار روویکردە سەرانى عەرەب و عەللاوى قسەیەکى زۆر درەنگوەختى کرد و وتى، “کەس بیرلەوە نەکاتەوە عێراق قوتبدات.”کەچى هەر ئەو رۆژە کاتێک سعودییەکان باسی بەخشینى ملیارێک دۆلار و تورکەکانیش دەمى کیسەکەیان بەرەو رووى عێراقییەکان ئاوەڵاکردبوو، سەوداى کڕینى رووداوی گرنگیان دەکرد. رووداوێک لە تەلەعفەر و شنگال و رووداوێک لە بەسرە.
شەوى دواى راسپاردنى دوو برووسکە لە واشنتن و تارانەوە گەیشتنە بەغدا، ئێران و ئەمریکا پەسەندکردنى کازمییان مەرجدارکردووە بە پاراستنى سەروەرى عێراقەوە. مرۆڤى زیرەک تێدەگات کاتێک باسی سەروەریی عێراق دەکرێت، سەردانە ناوەختەکانى قائانى و داواکارییەکانى پەمپیۆ و ئەو فڕۆکانە ناگرێتەوە کە لە ئەنفەرەوە دەفڕن و لە شنگال و قەندیل بۆمب بەردەدەنەوە. بەخێربێن بۆسەر شانۆى یارى سێرک، ئەى ئەو پیاوەى، گۆڕە بە کۆمەڵەکان هێنایتیانەوە بۆ عێراق و دڵنیاشی زۆنگاوى سیاسەت لەم ناوچەیە، سیحرى بە دارعەساى هیچ سەرکردەیەکەوە نەهێشتووە.