لاهور شێخ جەنگی بۆ وادەکات و چی دەوێت؟

لاهور شێخ جەنگی بۆ وادەکات و چی دەوێت؟

چیا عەباس

پێشەکی دەبێت بڵێم لاهور شێخ جەنگی لە غیابی سیاسی مام جلال و دوای وەفاتی و نەخۆشی هێرۆ خان ورد و ژیرانە کاری بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناو یەکێتی و ناراستەوخۆش لە ژیانی سیاسی و حوکمرانی هەرێمدا کردوە.
بێگومان گەر ئەم زاتە لە بنەماڵەی تالەبانی نەبوایە زۆر ئەستەم بو دەرفەتی بۆ برەخسێت ئەو پێگەیەی ئێستا بەدەست بهێنێت.
هەوڵەکانی لاهور بۆ گەیشتن بەو پێگەیە، بەدەر لە ئاکامە رێکخراوەیی و سیاسیەکانی، بە بوێری و تموحی رەوا دەبینم، چۆن بەوە گەیشت و چی پێدەکات، لە مەقامی یەکەمدا کاری یەکێتییەکانە بە هەمو ئەتیافەکانیەوە وەڵام بدەنەوە. ئەرکی دەرەوەی یەکێتیە چاودێر بن و هەڵسەنگاندنی دروست بۆ هەڵوێست و کارەکانی پەیوەست بە پرسە گشتیەکان بکەن.
بە بەراوردکردن بە سەرکردە کلاسیکیەکانی هێزەکانی تر لاهور زەمینەیەکی مێژویی تۆکمەی نیە بۆ ئەو پێگەیەی ئێستا، ئەمەیان لە دەرەوەی دەسەڵات و خواستی ئەودا بوە، بەڵام خۆشی بوێت یاخود ترش ناتوانێت چاو لەو راستیە دابخات، گەر مامەڵەی دروستیش لە گەڵ ئەو راستیەدا نەکات بێگومان بۆ نەیار و رکابەرەکانی چەکێکی بەهێزە دژی بەکاری بهێنن.
هەرچەندە لاهور پشتگیریەکی بەرچاوی نەوەی گەنجی هەیە وهێزی چەکدار و پارەیەکی زۆریشی لە بەردەستدایە، بەڵام لە ئێستادا لە نێوان دو پاڵەپەستۆی بەهێزدا گیرساوەتەوە، لەلایەک بنەماڵەی بارزانی و پارتی و لەلاکەی تریشەوە بەشێک لە جەمسەرە دێرینەکانی یەکێتی و دڵەراوکێی هێزەکانی تر.
نان ئەو نانەیە ئەمرۆ لە خوانە، با باسی ئێستا بکەین. بۆ خۆم دو جار لاهورم بینیوە، جارێک سەرپێی لە سلێمانی و جاری دوەم چەند ساڵێک لە مەوبەر لە سیمینارێک لە یەکێک لە هۆڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسڵ، لە سیمینارەکەدا وتارێکی بە زمانی ئینگلیزی دەرباری تێرۆریزم و داعش پێشکەش کرد کە شایستەی بایەخدان و گوێگرتن بو. ئەوەشی شایستەی ئاماژە پێکردنە زۆر موحافزکارانە باسی هەندێک تەوەری گرنگی کرد، هۆکارەکەشی گەراندەوە بۆ ئەوەی لەو شوێنەدا پێویست بەو شێوازە دەکات. هەڵسەنگاندنەکەی ورد بو، چونکە زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی ئاژانسەکانی هەواڵگری و ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا و چەند رۆژنامەگەرێک ئامادەی سیمینارەکە بون.


ئەم شارەزایی و لێهاتوەی لە بواری هەواڵگری و ئاسایشدا ئۆتۆماتیک نایکات بە سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکی حەکیم و وردبین و بەهێز، بەشێک بیت لە بنەماڵەی تالەبانی و سەرکەوتن لە بوارێکی سیاسی و هەواڵگریدا مۆڵەتی بی خەتم نین بۆ سەرکەوتن لە بوارەکانی تری سیاسی و حوکمرانیدا.
جمال عبدالناصر، جیڤارا، تیتۆ، ئاپۆ، نەوشیروان مستەفا، مەلا مستەفا، مام جلال، خومەینی، مەندێلا، ونستۆن چەرچڵ، بوشی باوک، مۆگابێی زیمبابۆ و چەندین سەرکردە و سیاسەتمەداری تر کە لە سایەی خەبات و مێژودا خاوەنی کاریزمای تایبەت بە خۆیان بون، لە چەند بوارێکدا لێهاتو و کارا بون بەڵام لە کۆی گشتی پرۆسەی سیاسیدا دوچاری داکشان و شکستی گەورە و ئازاردەر بونەتەوە.
ماوەیەکە لاهور خۆی لە قەرەی گۆرینی نەخشەی سیاسی و حوکمرانی هەرێم دەدات، ئەمەی گرتۆتە بەر پشتئەستور بە پێگەی لە ناو یەکێتیدا و بە ئەزمونی لە دژە تێرۆردا و بەو هێزە چەکدارەی دەوری و ئەو پارەیەی دەستی دەکەوێت، چەندین گومان و پرسیار بەرامبەر ئەو هەوڵانە سەریان هەڵداوە، بۆچی؟
یەکەم: وەک لە سەرەتای وتارەکەدا ئاماژەم پێداوە لاهور خاوەنی زەمینەی مێژویی بە هێز نیە،
دوەم: لە ناو یەكیتیدا ناحەز و رکابەری بەهێزی خاوەن مێژو و ئەزمونی هەیە،
سێیەم: لە دوای کارەساتەکانی ئۆکتۆبەر چەندین گومان و پرسیار دەرباری رۆڵی لەو روداوانە سەریان هەڵداوە،
چوارەم: هاوپەیمانی و پشتئەستوری سیاسی ئەو لە عێراق و ناوچەکە بە چەند کەسایەتی و هێزێکە کە شایستەی متمانەی میللەتی کورد نین،
پێنجەم: نەفەس و نیەتی بەرەنگاربونەوەکانی پەلەیی و خەسڵەتەکانی تٶلەسەندنەوەیان پێوە دیارن،
شەشەم: دەنگۆی بازرگانیەکانی وەک دەهۆڵی پارشێو دەبیسترێن و …. تاد.
لاهور کاردەکات بۆ لاوازکردنی پێگەی بنەماڵەی بارزانی و پارتی، تا ئێستاش زۆر رون و ئاشکرا نیە نیەتی ئەم کارکردنەی بۆ چاکسازی و گۆرانکاریە یاخود هاندەری تر لە پشتیەوەن!
سەرەرای ئەوەی مافی هێزەکانە ئازادانە لە هەمو سوچێکی کوردستان کار بکەن، بەڵام کاتێک کەسایەتیەکی وەک لاهور دەڵێت چەقی کاری سیاسەتکردن دەبەنە هەولێر و بادینان، بۆ هەوادارانی خۆی ئەم بانگەشەیە حەماس و هەڵچون دەوریژێنێت، بۆ کەسانێکی خاوەن ئەزمون مەترسی و دڵەراوکێ، کاتێک دەڵێت تەنها مەرجەعی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە فڵان کەسایەتی یەکێتیە سەرجەم تیمی حزبەکەی لە حوکمرانیدا ئیحراج دەکات، کاتێک لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا کاری پەرڵەمان سست دەکرێت و بێئەوەی ئەڵتەرنەتیڤێک بخاتە رو ( هەرچەندە ئەو پەرلەمانە بەم شێوەیەی ئێستای لە ئیفلیج ئیفلیجترە)، رەفتاری تاکرەوی بەبیر دەهێنێتەوە و ….تاد.
منداڵی سەر بێشکەش تێدەگات هەمو هەوڵ و تەقەڵڵای لاهور بۆ لاوازکردنی پێگەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیە و بۆ فشارکردن لە سەریان تا خودی ئەو وەک سەرکردەیەکی نوێی یەکێتی قبوڵ بکەن و مامەڵەی راستەوخۆی لە گەڵدا بکەن، پێدەچیت زەمینەی بەهێزی ئەم هەوڵانەی لە دڵی خۆیدا هەڵگرتوە، لەو حاڵەتەدا بێگومان لە دوا مەتەفدا بە تەنیا دەمێنێتەوە.
ئەرکێکی گرنگی مێژو بە ئاگاهێنانەوەیە، لاهور شێخ جەنگی دەتوانێ سودی زۆر لەم راستیە بکات. تەحجیمکردنی بنەماڵەی بارزانی و پارتی، تایبەت لەم دۆخە زۆر ئاڵۆزەی عێراق و ناوچەکە، کارێکی ئەوەندە ئاسان نیە، لە مێژودا عوسمانلیەکان، ئینگلیز، حکومەتەکانی عێراق، بەرەی جەلالی، سەدام و دواتریش بە هاریکاری شای ئێران، ئەمریکیەکان، داعش، سەردەمانێک تورکیا، یەکێتی بە جۆرەها هەڵمەت، پەکەکە پشتئەستور بە قوڵایی ستراتیژی نەتەوەیی و شیعەکان پشتئەستور بە یەکێتی و نەیارەکانی پارتی هەوڵی زۆری لاوازکردن و پەرواێزخستنی پارتیان داوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا پارتی لە هەمویان قورتار بوە و بەهێزتریش بوە. ئەمە مەدحکردنی پارتی نیە بەڵام واقیعێکە پێویستی بە وردکردنەوە و بە تێگەیشتن لە کۆدەکانی هەیە، بەپێچەوانەوە هەر بەرەنگاربونەوەیەک لەوانەی پێشو باشتر نابن. تۆ بڵێی نهێنی ئەمە چی بێت؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تەوەری ئەم بابەتەی ئێستا نیە، مەبەستم بە ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسایەتی و هێزانەیە کە لە هەوڵێکی لەو جۆرەدان چاوێک بە مێژودا بخشێننەوە پێش ئەوەی خەڵک ببنە قوربانی هەوڵەکانیان و دۆخەکە سەختتر و ئاڵۆزتر بێت.
تەسلیمبون بە پارتی و نەرمبونی رازیکەرانە کرداری بێ ئاکامن، لاهور لە هەوڵەکانیدا پەیامێکی دروستی ناراستەوخۆی راگەیاندوە: شێوازی مامەڵەکردنی یەکێتی لە گەڵ پارتی لە بنەرەتدا دەگۆرێت. ئەوەی تا ئێستا بەرچاو کەوتوە هەوڵەکانی لە گەڵ بازنەیەکی بچوکی داخراوی دەوری خۆیدا چر کردۆتەوە، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە دۆزینەوەی رێگەیەکی بەرفراوانتر و کراوەتر و گشتگیرترە تا ئەم دۆخ و رەوشە ئاڵۆز و سەختەی سیاسی و حوکمرانی تێپەرێندرێن.
ناشێت کەس دەرک بەو راستیە نەکات کە دۆخی ئێستای هەرێم بەرهەمی نزیکەی سی ساڵی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە، لاهور ناتوانێت خۆی و حزبەکەی لەو بەرپرسیاریەتیە بە چەند لێدوان و کردار قورتار بکات، ئەوەی پێویستە بکرێت دان نانە بەو واقیعە و داوای لێبوردنە لە خەڵک و چرکردنەوەی هەوڵەکانی راستکردنەوەی دۆخەکەیە بە نەفەسێكی کراوە و دور لە دۆگمای شەخسی وحزبی.
لە لێدوان و کرادارەکانی لاهور پێدەچیت لە راستیەکی واقیعی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابوری و حوکمرانی باشور ورد نەبوبێتەوە کە هەوڵی گۆرانیان دەدات.
زیاتر لە نیو سەدەیە باشوری کوردستان بە دابەشکردنی جوگرافیای سیاسی و سەربازی و ئابوری و هەواڵگری راگیراوە، مەخابن ئەمە ئیرسێکە تا ئەمرۆش رەنگدانەوەی خەستی لەسەر رەوشی هەرێم هەیە.
مام جلال وەک سەرکردە و سیاسەتمەدارێکی موحەنەکی بە ئاگا ئەم راستیە مێژوەییەی بە رێکەوتنی ستراتیژی لە گەڵ پارتی پارادۆکسانە بەرجەستەکرد، خوالێخۆشبو گیرۆدەی گرێکوێرەیەکی مێژویی بو بۆ سرینەوەی و بۆ راگرتنی ئەو هاوسەنگیە لاسەنگە ئامادەی زۆر سازشکردن بو، ئێستا بەشێک لە نەوەکانی دوای خۆی گیرۆدەی ئەو مێژوە و تێرامانیان بۆ ئایندە بون بێئەوەی زەمینەی مێژویی بەهێزیان هەبێت، هەولێک پێویستی بە هەڵوەستەکردنی جدی هەیە.
هاتنە پێشەوەی لاهور و گەنجەکانی تر لە ناو یەكێتیدا روداوێکە شایستەی لێکۆڵینەوە و باسکردنە، لەو باوەرەدام گەر مام جلال لە ژیاندا بوایە زۆر ئەستەم بو ئەوە روبدات، ئەم راستیە بۆ کاك نەوشیروانیش بەکارە، سەبارەت بە دەسەڵاتدارانی ناو پارتی و لە حوکمرانیدا رۆڵی بنەماڵەی بارزانی رێژەیەکی نەگۆرە.
لاهور لە ناو گەنج و نەوەی تورەبوی کوردستان هەواداری بەرچاوی هەیە، بێگومان ئەمە سەرمایەکی کەم نیە، دەشێت لەو راستیە تێبگەین زۆربەی ئەم هەواداری و پشتگیریە ئاوێنەیەکە بۆ نمایشکردنی خواست و تورەیی و هەڵچونی ئەو یاخیبوانە بەرامبەر بە دۆخی هەرێم لە سایەی هەڵوێست و کردارەکانی لاهوری شێخ جەنگی.
وەک خەمخۆرێکی پرسی نەتەوەکەم و هەوادارێکی چاکسازی و گۆرانکاری لە کۆتاییدا ئەم رستەیەم بۆ لاهور شێخ جەنگی هەیە:
وەک موخەزرەمێک سیاسەت و رەفتار مەکە، بەڵکو وەک واقیعبینەرێکی سەردەمانەی هێمن و پشودرێژ، ئەوسات زۆر شتی تر فێردەبیت و چێژیان دەکەیت…! کار بۆ پاراستنی یەکگرتویی خاک و نەتەوە و سەروەریەکانیان بکە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو