حکومەتى هەرێمى کوردستان لەماوەى دوو مانگى ڕابردوودا تەنها لەداهاتى نەوت ٤٢٠ ملیۆن دۆلارى نەوتى دەستکەوتووە، جگە لەداهاتى ناوخۆ، وڵات هۆکارى لێبڕینى مووچە ئاشکرا دەکات.
بەگوێرەى زانیارییەکان لەماوەى دوومانگى ڕابردوودا بێ گرفت رۆژانە ٤٧٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕوانەى بازاڕە نێودەوڵەتیەکان کراوە کە لەماوەى دوو مانگدا زیاتر لە ٢٨ ملیۆن بەرمیل دەکات، بەهاى ئەو نەوتە بە دۆلار، سەروو ٨٤٣ ملیۆن دۆلارى کردووە سەرو ٥٠% دراوەتەوە بە کۆمپانیا نەوتییەکان لەوپارەیە سەرو ٤٠٠ ملیارى بۆ حکومەت ماوەتەوە.
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕێکى دیکە لەو پارەیەى داوەتەوە بە شایستەى دارایى کۆمپانیاکان و کە قەرزى مانگەکانى ساڵى ڕابردووە و نەدراوەتەوە بە کۆمپانیاکان بۆیە پارەیە بۆ ٣٥٠ ملیۆن دۆلار دابەزیووە لەگەڵ داهاتى ناوخۆ دەمج کراوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، حکومەتى هەرێمى کوردستان دڵنیابووەتەوە لەوەى بەو پارەیەى لەبەردەستیەتى بە تەواوکارى ٣٢٠ ملیارەکەوە ناتوانێت مووچەى ئەم مانگە دابین بکات، بۆیە بەباشى زانیووە ٢١%ى مانگى ڕابردوو بکات بە پێوەر تا لانیکەم زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینارى بۆ بگەرێتەوە، بڕێک پارەش لەداهاتى ناوخۆ بمێنیتەوە بۆ ئەوەى مانگى ئەیلوولیش ئەگەر پارەهات بتوانن بە تەکمیلەى ٣٢٠ ملیارەکە مووچە بدەن بە لێبڕینى تازە یان بە ٢١%وە.
بەگوێرەى ڕاگەیەنراوەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پاش ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و بەرچاوڕوونی زیاتر لەبارەی دۆخی داریی ھەرێم، بڕیاردرا مووچە بە پێی ئەو داھاتەی كە لەبەر دەستە، لە زووترین کاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت. بۆ لەمەودواش، پێویستە بە میکانیزمی خۆگونجاندن لەگەڵ داھاتی مانگانە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مووچە لە کاتی گونجاودا دابەش بکرێت بە پشت بەستن بەداھاتەكانی ھەرێم كە داھاتی نەوتی و نا نەوتی و ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە دێت بۆ ھەرێم، ھەموو مانگێک ڕێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت
واتە لێبڕین هەر ئەم مانگە نیە و بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەش حکومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵدەدات لەپاڵ دابینکردنى مووچە قەرزە کەڵەکەبووەکانى کابینەى پێشوو لە قەرزى “کۆمپانیاکان و دەرەکى” لەوانەش “تورکیا و ڕووسنەفت بداتەوە کە لەچوارچێوەى قەرزى ٢٧ ملیارەکەن بەشێکیان پارەى نەوت بوون و براونەتە دەرەوەى وڵات.