دیاری محمد ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان: ئێستا باشترین کاتە بۆئەوەی ئەم حکومەتە متمانەی لێ وەربگیرێتەوە

دیاری محمد ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان: ئێستا باشترین کاتە بۆئەوەی ئەم حکومەتە متمانەی لێ وەربگیرێتەوە

دیارى محمەد ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى لەم دیدارەدا لەگەڵ ئاژانسى وڵات_ وەڵامى چەند پرسیارێک دەداتەوە سەبارەت بەناوخۆى حیزبەکەى و کوردستان و عیراق و بڕواشى وایە، ئەم حکومەتە شکستى هێناوە و کاتى ئەوەیە متمانەى لێوەربگیرێتەوە.

وڵات: بۆچوونی ئێوە لەسەر یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق؟

دیارى محەمەد: یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق خواست و داواکاری خۆپیشاندەران و جەماوەری باشووری عێراقە، یاساکە زیاتر لە دیموکراسییەوە نزیکەو توانای کەسیی رۆڵی باش دەبینێت لە هەڵبژاردنی کاندیدانی داهاتووی پەرلەمان.
ئەم یاسا نوێیە بەگشتی زیان بە پێگەی حزبە بچووکەکان دەگەیەنێت و رەنگە هەندێک لەو حیزبانە نەتوانن کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن ، بەڵام دەتوانن لەڕێگەی دروستکردنی لیستی ئیئتیلافیی یان بە دانانی کاندیدی هاوبەش تاڕادەیەک بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵ بن.
ئەوەی گرنگە لێرەدا چوونی خەڵکە بەدەم پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانەوە، چونکە بۆچوونێکی وا درووستبووە کە کەسانێکی زۆر بەبیانووی ئەوەی هەڵبژاردن هیچ لە ژیانیان ناگۆڕێت بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، ئەمەش هەڵەیەکی کوشندەیەو پێویستە یەک بە یەکی ئەو دەنگدەرانەی لە دۆخی ئێستا رازی نین بەپەرۆشەوە بەشداری دەنگدان بکەن بەپێچەوانەوە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن واتە رازیبوون بەو واقیعەی کە تیایدا دەژین.

وڵات: چۆن دەڕواننە پرسی چاكسازی حكومەتی هەرێم ؟ بژێوی خەڵك لە كوێی پرسی چاكسازی و بەدەمەوەهاتنی دەسەڵاتە؟

دیارى محەمە: تا ئێستا هاوڵاتیانی کوردستان و موچەخۆران تەنها چاکسازی دەبیستن بەڵام نایبینن، حکومەت رۆژانە دوور لە یاسا باج زیاد دەکات و خەرجی گشتی و پرۆژەکان کەمدەکاتەوە و مووچەش بەلێبڕینەوە دوو مانگ جارێک دابەشدەکات، بەڵام لەبەرامبەردا نابینین بەرپرسێکی گەندەڵ دادگایی بکرێت، یان فرەموچەکان و خانەنشینانی نایاسایی ئیجرائاتیان لەگەڵ بکرێت، تائێستا گەورەترین سەرچاوەکانی گەندەڵی و ناشەفافی وەک خۆیان ماونەتەوە و چاکسازییان تێدا نەکراوە، لەوانەش دۆسیەی نەوت ومەرزەکان و فڕۆکەخانەکان…
پاشان حکومەت قەرزێکی زەبەلاحی خستووەتە سەر شانی خەڵک بێئەوەی کەس بزانێت ئەم قەرزە چۆن و بۆچی و لە کێ کراوە!
حکومەتی هەرێم لەئێستادا هیچ متمانەی لەلای خەڵکی نەماوە و بۆ مووچە و نەوت و بەشە خۆراکی مانگانە و دەرمانی پزیشکی چاوی لە دەستی عیراقە، ئێستا باشترین کاتە بۆئەوەی ئەم حکومەتە متمانەی لێ وەربگیرێتەوەو لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیرەکانی بکرێت، دوای ئەوەی لەسەر داوای ٢٣ پەرلەمانتار بانگێشتی ناو پەرلەمان دەکرێن و پێویستە چیتر درێژە نەدەن بەم شێوازە شکستخواردووەی بەڕێوەبردن، کە تیایدا حزب و بنەماڵە بوونەتە بەدیلی حکومەت و دامەزراوەکان. سیستمی تەندروستیمان دواکەوتووەو کەرتی پەروەردە دارووخاوە و قەزا رۆڵی نییە.
حکومەت و پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان بوون بە دوو ئامراز بەدەست چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی ناو حیزبەکانی دەسەڵاتەوە کە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاریدەهێنن.
وڵات: تائێستا بیر لە بژێوی خەڵک نەکراوەتەوە و ئەوەی دەیبینین پێچەوانەکەیەتی، ئێستا تێڕوانینێک درووستبووە کە حکومەت ویستی چاکسازی بکات واتا مووچە دەبڕێت.

وڵات: كۆمەڵی ئیسلامی كەی كۆنگرە دەبەستێت و كارەكانی گەشتۆتە كوێ ؟

دیارى محەمەد: کارەکانی کۆنگرەی چواری کۆمەڵی ئیسلامی بەرەو کۆتایی دەچێت و لەئێستادا کۆنفرانسە ناوچەییەکان تەواو بوون و دوای ئامادەکردنی راپۆرتی لیژنەی باڵای ئامادەسازی کۆنگرەی چوار ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆدەبێتەوە و بڕیار لە کات و شوێنی کۆنگرە دەدات ئەگەر باردۆخی تەندروستی و کۆرۆنا ڕێگرنەبێت لە زووترین کاتدا کۆنگرە بەڕێوەدەچێت.

وڵات: بۆچوونت چییە دەربارەی پرسی لامەرکەزیەتی پارێزگای سلێمانی ؟
دیارى محمەد: دەبێت لەگەڵ هەر شێواز وفۆرمێکبین کە بتوانرێت بەهۆیەوە خزمەتی زیاتری خەڵک و بەرەوپێشبردنی ووڵات بکرێت، بەمەرجێک نەبێتە ھۆی پەرتەوازەیی و قووڵبوونەوەی سیمای دووئیدارەیی و لاوازبوونی قەوارەی دەستووریی هەرێم.
پرسی لامەرکەزی پرسێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی جیاکاری نێوان شارو ناوچەکانی کوردستان ئەگەر وەک خۆی بەڕێوەبچێت وئەو لایەنانەی بانگەشەی بۆ دەکەن ڕاستگۆ بن و بەلاڕێیدا نەبەن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو