دانیاری ئەکرەم، رەخنەگر و چالاکەوان: نازناوی مەرجەعیەت بۆ ‘ بارزانی ‘ بێ بیرکردنەوەی پێشوەختەبووە ، ئەمەش ھۆکاری نەبوونی مەرجەعیەتە، کە کۆمەڵە کەسانێکی موشتاق بە ‘دۆلار’ خەریکی ئەم جۆرە مەکیاجانانەن، دێن ئەم باسە بە گوێی خەڵکدا دەچرپێنن بۆ دەستکەوتی شەخسی خۆیان، ئەوەی سەیرە خودی بارزانی خۆیەتی؛ چۆن بیری لەوە نەکردۆتەوە کە خۆی سەرۆکی حزبێکە پاشگری دیموکراتیە، ئاخر لەڕووی سیاسیەوە زۆر نامەنتقییە تۆ ھەوڵی مەرجەعیەت و دیموکراتی لە یەک کاتدا بدەیت، چونکە ھەردووک چەمک، ھەم ‘مەرجەع’ و ھەم ‘دیموکراتی’ مێژووی نێوانیان ئێجگار کۆنە، ئەو خاڵە زۆر گرنگە کە دەبێت خودی بنەماڵە بیری لێبکەنەوە ئەوان بە دۆلار دەیانەوێت ببن بە مەرجەع کەچی خۆی دروستبوونی مەرجەعیەت بە سۆز و خۆشەویستیە، خوێندەوەیەکی لۆژیکی بۆ بنەماڵەی بارزانی دەربارەی نزیکبوونەوەیان بۆ مەرجەعیەت ھەمیشە ھەر ناو و خەیاڵ دەبێت، ھەرگیز نابێت بە ئەمری واقع، ئەمە ڕق نیە بەڵکو خوێندەوەیەکە ھەموو مرۆڤێکی ڕەوان دەتوانێت ھەڵسەنگاندنی بۆ بکات.
بڕوابوون بە مەرجەع یاخود دروست کردنی مەرجەع لەھەر جوگرافیایەک تەواوی، ماف و یاسا و دیمکراسی دەخاتەوە دواوە ، ئەگەر سەیری مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بکەین دەبینن کە رێژەیەکی زۆری شیعەکان لە ژێر فەرمانی مەرجەعیەتی شیعی جوڵەدەکەن، ھاتنی داعش و نزیک بوونەوەیان لە بەغدا بە فەتوایەکی مەرجەع بە رێژەی نزیکی ملیۆنێک کەس دەستیدا چەک بۆ بەرگریکردن و ھەزارانیان ئامادەیی قوربانیدانیان پیشاندا ، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە ئەساسدا زۆر ترسناکە، بەڵام ئەوە جێگایی ھەلوەستەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بە بڕیاری مرۆڤێکی تر ئامادە بێت خۆی بکات بە قوربانی، ئەو ھەست و سۆزە لە رۆحەوە شوێن دەگرێت ئەمەش بەڵگەی سەلمێنەرە کە عێراق خودی خۆی تا ئێستا ئامادەنیە خۆی لەو کۆیلایەتیە رزگار بکات.
لە ھەرێمی کوردستانیش بنەماڵەی بارزانی گەرەکیانە ھەمان بەرنامە و پلانی شیعەکان بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان جێ بە جێ بکەن، بەڵام لەوەدا زۆر ھەڵەن، پێش ئەو بڕیارە و بیرکردنەوەیە دەبوو خۆیان بیر لەوە بکەنەوە، کورد لە سەردەمی’ماد’ەوە تاکو ئێستا ھیچ کاتێک ئەوەیان قبول نەبووە کەسێک وەک مەرجەع ببێت بە بڕیاردەر، مەبەست لەو باسە دژایەتی نیە بەڵام لەناو کورد ئەوە بوونی نەبووە، ئەگەر ‘بارزانی’ بەراورد بکەین بە نموونەیەکی مەرجەعی شیعی لەسەر ھاتنی داعش و نزیک بوونەوە لە بەغدا، ئەوە تەواوی ئەو خەونەی بنەماڵە پووچەڵ دەبێتەوە، چونکە کە داعش خۆی نزیک کردەوە لە ھەولێر، خەلکی ھەولێر خەریک بوو بە تەواوی ئەو شارە چۆل بکا کەچی بارزانی لە ڤێلا و بالڵەخانە قەبە قەبەکانی پێش ھەمووان لە ھەولی رزگارکردنی کەس و کارەکەی بوو، پێچەوانەی سیستانی کە لە گەڕەکە ھەژارنیشینەکان و ناو خانووە بچووکەکەی جولەی،یەکێک لە خاسلەتەکانی مەرجەع بوون خۆ بە بچووک زانینە بەرانبەر بە گەڵ نەک خۆ بە گەورە زان، ئێستا بارزانی دەبێت دڵنیا بێت نەوەیەک دروست بووە نەوەی مۆدێرن و سەردەمیە نە بڕوای بە مەرجەعە و نە مەرجەعی قبولە، بۆیە بۆ بارزانی وا باشترە ھەوڵی گەورەکردنی حزبەکەیان بدەن کە پاشگری ‘دیمکراتیە’ بۆ مانەوەی خۆیان و بنەماڵەکەیان کە جیھانی ئێستای سیاسەتدا زلھێزەکانیش باشتر مامەڵە لەگەڵ چەمکی ‘دیموکراتی’ سەردەمی دەکەن لەوەی مامەڵە لەگەڵ ‘مەرجەرع’ بکەن کە وشەیەکی کۆنی داتاشراوە.