سەركۆ ئازاد گەڵاڵی: ئابوری سەربەخۆ لە هەرێم تەنها بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند كرد

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی: ئابوری سەربەخۆ لە هەرێم تەنها بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند كرد

دیدارى: کاشما قەرەداغى:

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی – پەرلەمانتاری كوردستان (یەكێتی)، لەدیدارێکى تایبەت بە “ئاژانسی وڵات”، وەڵامى چەند پرسیارێك لەبارەی ئەو ڕێكەوتنە ٥٠ ساڵەی هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوت لەگەڵ توركیا بەشێوەیەكی سەربەخۆ، دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ئەو ڕێكەوتنە ٥٠ ساڵەیە بۆ فرۆشتنی نەوت بە توركیا، تەنها بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند كرد و بارودۆخی میللەتی كوردی خراپتر كرد.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، تایبەت بە ” ئاژانسی وڵات” ڕایگەیاند: ٣٢ پەرلەمانتاری كوردستان، لەبارەی ئەو ڕێكەوتنە ٥٠ ساڵەی كە هەرێم لەگەڵ توركیا ئیمزای كردوە بۆ فرۆشتنی نەوت، یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كردوە، بۆ بانگێشت كردنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتیەكان (مەسرور بارزانی)، بۆ پەرلەمان، لەبارەی پێدانی ڕونكردنەوە لەو بارەیەوە و خستنەڕوی زانیاری.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، باسی لەوە كرد: ئەم بانگێشت كردنەی سەرۆكی حكومەت، بۆ ئەوەیە تاوەكو بەرچاو ڕونی بدرێت لەبارەی مەلەفی نەوت و شەفافی لە فرۆشتنی نەوت، چونكە حكومەت دەیەوێت چاكسازی بكات، ئەمەش یەكەم هەنگاوی چاكسازیە گەر دەیەوێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا: بەهۆی ئەم ڕێكەوتنە ٥٠ ساڵەی هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ بە دەوڵەتی توركیا، كاریگەری دروست كردوە و سودی تەنها بۆ بنەماڵەیەك و چەند دەسەڵاتدارێك بووە وهیچی تر، ئەوەتا زیانەكەی تەنها بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و لەدوای فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ ئابووری خەڵك خراپ تر بوو.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا:یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاگاداری ئەو ڕێكەوتنە ٥٠ ساڵەیە نییە و داوایی ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكە دەكات و دەیەوێت شەفافیەت هەبێت لەبواری نەوتدا و لەبارەی ئەو ڕێكەوتنەی هەرێم لەگەڵ توركیا رونكردنەوە بدرێت، ڕاستە ئەوان لە حكومەتن بەڵام دەبێت هەموو ڕاستیەك بۆ خەڵكی كوردستان رون بكرێتەوە، ئەمەش متمانە لەنێوان خەڵك و حكومەت دەگەرێنێتەوە.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، وتی:بەهۆی ئەم ڕێكەوتنە ٥٠ ساڵەیەوە، هەرێم نەیتوانیوە پابەندی ئەو ڕێكەوتنانەبێت كە لەگەڵ بەغدا لەبارەی ناردنی مووچە فەرمانبەرانی هەرێم لەسەری ڕێكەوتبون، بۆیە هاتنی سەرۆكی حكومەتی هەرێ بۆ پەرلەمانی كوردستان و پێدانی ڕونكردنەوە كاریگەری خۆی دەبێت و هۆكارێكە بۆئەوەی پەرلەمان بەتوانێت چاودێری تەواوی كارەكانی حكومەت بكات، وە ئەمەش پرسێك بوو تایبەت بە دامەزراوەیی كردنی مەلەفی نەوت.

لە ١٥/١١/٢٠٢٠، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، نێچیرڤان بارزانی -سەرۆكی هەرێمی كوردستان،ڕایگەندبوو، هەرێمی كوردستان ڕێكەوتنێكی ٥٠ ساڵەی بۆ فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت بەتوركیا بە شێوەیەكی سەربەخۆ ئیمزا كردووە، ئەمەش كاردانەوەی پەرلەمانتارانی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێناو بەپێی مادەیی (٦٦) لە پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی كوردستان،٣٢ پەرلەمانتار یاداشت نامەیەكیان ئیمزا كردووە و ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و داوا دەكەن سەرۆكی حكومەت بانگێشت بكرێت بۆ پەرلەمان و ڕونكردنەوە بدرێت لەبارەی ئەو ڕێكەوتنە و ناوەڕۆكی گرێبەستەكە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو