دیدار/كاشما قەرەداخی
ئەحمەد حاجی رەشید – سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، لەدیدارێکى تایبەت بە “ئاژانسی وڵات”، وەڵامى چەند پرسێکى لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەو یاداشتەی كە ئامادەیان كردوە، ڕایگەیاند: حكومەتی عێراق چەند بەڵێنێكی داوە، یەكێك لەوانەش پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، بەڵام دەڵێت لەتوانایدا نییە مووچەی ئەو ڕێژە زۆرە بدات كە هەرێم داتاكانی ناردوە بەڵام ئامادەییە مووچەی ڕاستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ بیدات و خۆی سەرپەرشتی بكات.
لە وڵامی چەند پرسیارێكی ”ئاژانسی وڵات”، ئەحمەد حاجی رەشید، ئەوەی ئاشكراكرد: ئەو یاداشتەی كە ئامادەیان كردوە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەبەغداوە، ژمارەی یاسای بۆ واژۆ كردنی یاداشتەكە تێیپەڕاندوە، كە تاوەكو ئێستا ١١٧ پەرلەمانتار واژۆیان كردوە كە ژمارە یاسایەكە خۆی ٢٥ پەرلەمانتارە، وە ٢١ پەرلەمانتاری تریش بەڵێنیان پێداوین كە واژۆی بكەن، بەڵام ئەگەر ئەمە ببێتە پڕۆژە یاسایەك پێوسیتە سەرەتا لەگەڵ حكومەتی عێراق قسەبكرێت تاوەكو بزانین ئالیەتی چۆنیەتی پێدانی مووچەكە چۆن دەبێت پاشان ئەمە جێ بەجێ بوو ئیتر دەبێتە یاسا لە چوارچێوەی دەستور و دەكەوێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
ژمارەیەك پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاداشتێكیان ئامادە كرد بۆ ئەوەی لە پەرلەمان قسەی لەسەر بكرێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەبەغداوە بدرێت، لەبارەی كاردانەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، ڕایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان بەهەموو شێوەیەك دژی ئەم كارەیە و نایەوێت بەغدا راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.
لەبارەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان وەك بەشێك لە حكومەت، ئەحمەد حاجی رەشید، وتی: تائەم ساتە ئەو دوو لایەنەی بەشداربوو لە حكومەت بێدەنگن و هیچیان نەوتوە، وە لایەنە ئۆپزسیۆنەكانیش كێشەیان نییە لەگەڵی، ئەوان تەنها دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت.
لەبارەی كاریگەری و سودەكانی یاداشتەكەوە، ئەحمەد حاجی رەشید، باسی لەوە كرد: ئەمە وادەكات كە فشارێك لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خۆی بیدات و ئێمەش و فەرمانبەران لەم دڵەڕاوكییە ڕزگار بكات.
لە ٢٧/١٠/٢٠٢٠، پەرلەمانتاران (د.ڕێبوار كەریم، ئەحمەد حاجی رەشید، غالب محەمەد، سەركەوت شەمسەدین، یوسف كیلابی، حسن كەعبی) نوسراوێكیان وەك یاداشتنامەیەك ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەبەغداوە لەڕێی هەژماری بانكیەوە وەربگرن و چیتر ئەو برە بووجەیەی لە بەغداوە بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێت نەكەوێتە دەست حكومەتی هەرێم، لەئێستاشدا یاداشتەكە ١١٧ پەرلەمانتار واژۆیان كردوە چونكە پێوستی بە واژۆی ٢٥ پەرلەمانتار هەیە وەك ژمارەی یاسایی بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەك قسەی لەسەر بكرێت و وەك پڕۆژە یاسایەك لە چوارچێوەی دەستوردا كاری پێبكرێت