نەدیم زەهاوی؛ ئەو پیاوەی لەسەر نەوتی كوردستان ئیمپراتۆریەتێكی دروستكرد

نەدیم زەهاوی؛ ئەو پیاوەی لەسەر نەوتی كوردستان ئیمپراتۆریەتێكی دروستكرد

ڕۆجیار هێمن

نەدیم زەهاوی، پەرلەمانتاری كوردی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، كە لە هەرێمی كوردستان بە داكۆكی كاری سەرسەختی مافەكانی كورد لە بەریتانیا وێنەدەكرێت، یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە لە دۆسیەی ڕەشی بازرگانی نەوتی هەرێم و دەڵاڵیكردن بۆ كۆمپانیاكانی نەوت و بانجەدان تێوەگلاوە، بەو پارە بێشومارەشی كە مانگانە و ساڵانە كۆیدەكاتەوە ئیمپڕاتۆریەتی خۆشگوزەرانی بۆ خۆی و خێزانەكەی بونیادناوە.

نەدیم زەهاوی كێیە؟

نەدیم زەهاوی یان (نازم زەهاوی) لە ساڵی 1967 لە بەغدا لە دایك و باوكێكی كورد لەدایكبووە. لە ساڵی 1976 كە نەدیم لە تەمەنی 9 ساڵیدا دەبێت لەگەڵ خێزانەكەی كۆچدەكەن بەرەو وڵاتی بەریتانیا، لە لەندەن دەگیرسێنەوە. نەدیم لەوێ لە خوێندنگەی (ئیبستۆك) دەستبە خوێندن دەكات. پاشان، دەچێتە زانكۆ و بڕوانامەی ئەندازیاری كیمیایی لە زانكۆی لەندەن بەدەستدەهێنێت.

لەدوای تەواوكردنی خوێندن زەهاوی دەستی بە كاركردن كردووە، لەگەڵ ستیڤن شێكسپیەر، یەكێك لە هاوڕێكانی لە ساڵی 2000 كۆمپانیای (یۆگۆڤ)ی نێودەوڵەتیان دامەزراندووە كە لە بواری (گەڕانی بازاڕەكان لە ئینتەرنێتدا) كاردەكات. زەهاوی لە ساڵی 2005 بۆ 2010 بەڕێوەبەری بووە، دواتر بەهۆی تێكەڵبوونی بە كاری سیاسی و خۆپاڵاوتنی بۆ پەرلەمانی بەریتانیا وازی لە بەڕێوەبردنی یۆگۆڤ هێناوە.

نەدیم زەهاوى و مەسرور بارزانى .. کاتى ڕیفراندۆم

لە ڕووی سیاسیەوە زەهاوی یەكێكە لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی بەریتانیا بەگشتی و پارتی پارێزگاران بە تایبەتی، چونكە لە ساڵی 2010ەوە تاوەكو ئێستا پەرلەمانتارە لە پەرلەمانی بریتانیا لەسەر ناوچەی ستراتفۆرد ئۆن ئەیڤۆن.

ئەوەشی كە لەبارەی ژیانی تایبەتی ئەم سیاسەتمەدارە كوردەوەیە، هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێك بەناوی (لانە) كردووە كە بە (لانە زەهاوی) بەناوبانگە، دایكوباوكی دوو كوڕ و كچێكن كە دوور لە دایكوباوكیان، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەخوێنن و ژیان بەسەر دەبەن.

نەدیم هەرچەندە خۆی بە كورد دەزانێت و بەردەوام رەچەڵەكە كوردییەكەی دەخاتە پێشچاوی هەمووان، بەڵام توانای قسەكردنی بە زمانی كوردی نیە، منداڵەكانیشی هاوشێوەی خۆین و بە زمانی ئینگلیزی قسە دەكەن.

زەهاوی لە هەرێمی كوردستان كێ بە دۆستی خۆی دەزانێت؟

دەركەوتنی نەدیم زەهاوی لە كایەی سیاسی و ئابوری هەرێمی كوردستاندا زۆر دور نیە، چونكە بەشێوەیەكی فەرمی زەهاوی لە ساڵی 2012، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبووە.

ئەم پەرلەمانتارە لەرووی سیاسییەوە تەنیا لە سێ كەسایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان نزیكە كە هەر سێكیان كەسایەتی پلەباڵای پارتی دیموكراتی كوردستانن و بریتین لە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، جێگیری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەكاتی سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان تەنیا لەگەڵ ئەوان كۆدەبێتەوە.

تێوەگلانی زەقی زەهاوی لە بازرگانی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونیەتی بە بەڕێوەبەری باڵای ستراتیژی كۆمپانیای گڵف كیستۆنی بەریتانی كە لە ساڵی 2007وە كاری‌ بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی‌ نەوت دەكات لە بیرە نەوتی‌ شێخان

هاوكات زەهاوی یەكێكبوو لەو كەسانەی كە لەپاڵ ڕاوێژكارانی بیانی و بەرپرسانی ناوخۆی و بیانی بەشداری لە گەورەترین ئاهەنگی ریفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان كرد كە لە شاری هەولێر لە 22ی ئەیلول، بەڕێوەچوو و لە ریزی دووەمی میوانانی پلەبەرزی ئاهەنگەكە دانیشتبوو.

لەپاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش زەهاوی لە تویتێكدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كردویەتی دەڵێت: “هەموو جیهان زۆر قەرزاری سەرۆك مسعود بارزانییە، ئەو، ئەو سەرۆكەیە كە سەركردایەتی پێشمەرگە قارەمانەكانی كرد لە شەڕی دژ بە داعش، سوپاس بەرێز بارزانی”.

چۆن لە كەیسی نەوتی هەرێم تێوەگلاوە؟

نەدیم زەهاوی پێش ئەوەی روویەكی سیاسی هەبێت روویەكی بازرگانی هەیە، چونكە پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتمەدار بازرگان بووە، بە ئێستاشەوە هاودامەزرێنەری كۆمپانیای (یوگۆڤ)ە، كە لە بەریتانیا بەناوبانگە، بەڵام تێوەگلانی لە بازرگانی نەوتی هەرێم و دەڵاڵیكردنی بۆ كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە هەرێم، هەمیشە نیشانەیەكی پرسیارە كە لەسەر كەسایەتی نەدیم بەدی دەكرێت.

تێوەگلانی زەقی زەهاوی لە بازرگانی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونیەتی بە بەڕێوەبەری باڵای ستراتیژی كۆمپانیای گڵف كیستۆنی بەریتانی كە لە ساڵی 2007وە كاری‌ بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی‌ نەوت دەكات لە بیرە نەوتی‌ شێخان، كە بەدووری‌ 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری‌ خۆرئاوای‌ شاری‌ هەولێرەوە.

نەدیم زەهاوى چەند بازرگانێکى بەریتانى لە ئەنجومەنى وەزیران

ئەم پەرلەمانتارە مانگانە نزیكەی بڕی 29 هەزار و 643 پاوەن لە بری كارەكەی وەك بەڕێوەبەری باڵای ستراتیژی گڵف كیستۆن وەردەگرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی، هەموو ساڵێك لە مانگی كانونی دووەمدا بڕی 253 هەزار و 200 پاوەن وەك پاداشتی دڵسۆزی لە كارەكانی وەردەگرێت لەو كۆمپانیایە. ئەم بڕە پارەیەش ئەگەر بەراورد بكرێت بە داهاتی ساڵانەی تاكێكی بەریتانی كە كاری هەبێت و بە بەردەوامی مووچە وەربگرێت، زیاترە كە ساڵانە 27 هەزار و 195 پاوەنە.

نەدیم زەهاوی و دیڤد كامیرۆن

وەرگرتنی ئەم بڕە زۆرە لە پارە لەلایەن زەهاوییەوە بووەتە جێگەی سەرنجی میدیا و شیكەرەوانی ئابوری بەریتانیا، لەو بارەیەوە ئۆركارت ستیوەرت، هاودۆزەرەوەی كۆمپانیای بازرگانی (سێڤن ئینڤێستمێنت مانیجمێنت) لە وڵاتی بەریتیان باسی دۆخی ئێستا كیستۆن و پشەكەكانی دەكات و دەڵێت: “من بەڕاستی دەترسم لەم جۆرە بازرگانیانە كە زۆرترین گومانیان تێدایە و رون نین و هیچ وەبەرهێنەرێكی بەهۆش و شارەزا نزیكی ناكەوێتەوە”.

زەهاوی بەپێی ئەو تۆمارەی كە لە پەرلەمانی بەریتانیا نوسیویەتی هەفتانە هەشت بۆ 21 كاتژمێر كاردەكات لەبری ئەو مووچەیەی كە وەریدەگرێت، بەڵام ئەم بڕە مووچەیە زۆر زۆرە گەر بەراورد بكرێت بەكاتەكەی

ئەو بازرگانە ڕەخنەی لە بڕی ئەو موچەیەش هەیە كە زەهاوی لە بری كارەكەی لە كڵف كیستۆن وەریدەگرێت و ئاماژە بەوەشدەكات: “زەهاوی بەپێی ئەو تۆمارەی كە لە پەرلەمانی بەریتانیا نوسیویەتی هەفتانە هەشت بۆ 21 كاتژمێر كاردەكات لەبری ئەو مووچەیەی كە وەریدەگرێت، بەڵام ئەم بڕە مووچەیە زۆر زۆرە گەر بەراورد بكرێت بەكاتەكەی، چونكە ئەگەر ئێمە لە كۆمپانیاكەی خۆمان 29 هەزار پاوەن بدەین بە كەسێك ئەوە بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەو كەسە بەدەر لەكارەكەی شتێكی ترش بۆ ئێمە بكات، بە كورتی چاوەڕوانی شتێكی زیاتر لە ئەنجامدانی كارێكی نیوەكاتی لێ دەكەین”.

“نەدیم بەهۆی كاری دەڵاڵی بۆ گڵف كیستۆن لەنەوتی هەرێم پارەیەكی خەیاڵی وەردەگرت”

لە وەڵامی ئەو هەموو گومانانەی كە لەسەر مووچەكەی زەهاوی هەیە وتەبێژی كۆمپانیای گڵف كیسۆن وەڵام دەداتەوە و دەڵێت “زەهاوی بەشێوەی تەواوەتی واتە كاتی تەواوەتی كارناكات لەگەڵ ئێمە، چونكە ئەوە رونە كە ئەو پەرلەمانتارە، بەرپرسیارییەتی تری لەسەر شانە”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەو نهێنیە چیە كە لەپشت پێدانی ئەو بڕە مووچە و پاداشتە زۆرەوە هەیە كە دەدرێت بە زەهاوی؟ وتەبێژی كیستۆن ئاماژە بەوەدەكات: “ئەو ناوچەیەی كە ئێمە كاری تێدادەكەین ناوچەیەكی بەتەواوەتی ئاڵۆزە، ئەو روداوانەشی كە لەم ماوەیە دوایدا رویاندات باشترین بەڵگەن بۆ ئەم قسەیە. زەهاویش بە تەواوەتی كوردستان شارەزایە و خاوەنی پەیوەندییەكی باشە لەگەڵ كوردستان. لەبەر ئەوە پێشڕەویكردن بەناو ئەم ناوچەیەدا و بەو پەیوەندییە باشەی كە زەهاوی هەیەتی بەڕاستی نرخی تایبەتی خۆی هەیە”.

وتەبێژی گڵف كیستۆن باس لە نرخی زەهاوی بۆ كۆمپانیاكەیان دەكات و ئەوە ئاشكرادەكات “زەهاوی بەڕاستی پارەیەكی زۆر بۆ كۆمپانیاكەمان پەیدادەكات، ئەوەش بۆ ئێمە وەبەرهێنانێكی پڕبایەخە. لەبەر ئەوە گەر ئێمە بەوشێوەیە بیربكەینەوە كە هەبوونی زەهاوی هەڵەیە ئەوا كێڵگەكانمان و پڕۆسەی وەبەرهێنانەكانمان هیچ بەهایەكیان نابێت”.

نه‌دیم زه‌هاوى و تێرێسا مه‌ى

تێوەگلانی زەهاویی لە كاری بازرگانی نەوت تەنیا لە چوارچێوەی كۆمپانیای گڵف كیستۆن-دا نەماوەتەوە، چونكە لە دەوروبەری ساڵی 2014 بووەتە ڕاوێژكاری كۆمپانیایەكی تر بەناوی (ئافرین) لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەم ئیشەش بە باشی كۆتای نەهاتووە، چونكە كۆمپانیاكە لە ساڵی 2015 لەدوای رووبەڕووبوونەوەی كێشەیەكی دارایی كە لەگەڵ هاتنە خوارەوەی نرخی نەوت دەستیپێكردووە مایەپوچبووە. دواتر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیاكە تێوەگلاوە لە گەندەڵی 300 ملیۆن یۆرۆ، بووەتە هۆكاری شكستخواردنی كۆمپانیاكە.

لەدوای ئەم بابەتەوە تۆمەتی زیاتر ئاراستەی ئەم پەرلەمانتارە كران، بەڵام، زەهاوی پاش ماوەیەك لەدوای مایەپوچبوونی ئەو كۆمپانیایەوە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: “ڕۆڵی من لە كۆمپانیای نەوتی ئافرین تەنیا دۆزینەوە كڕیاربوو بۆ سامانی كوردستان”.

كۆمپانیاكەی زەهاوی چۆن تێوەگلا لە بابەتی ریفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان؟

كۆمپانیای یوگۆڤ بە شێوەیەكی نهێنی بانگەشەی بۆ ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017ی هەرێمی كوردستان كردووە، بەتایبەتیش لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، چەندین ئامرازی سۆشیاڵ میدیای بەكارهێناوە، لەوانەش دروستكردنی ڤیدیۆ بۆئەوەی كار لە خەڵكی بكەن كە بە “بەڵێ” دەنگ بە ریفراندۆم بدەن”، جەختی كردووەتەوە لەسەر، ترس لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و ستایشكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.

بەپێی زانیارییەكان “ئەم كۆمپانیایە لە ڤیدیۆكانیدا جەختی كردووەتەوە لەسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، بۆ ئەم مەبەستەش هەستاوە بە دروستكردنی پەڕەیەكی تایبەت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوون بەناوی (نام كەركوك) كە بەشێوەیەكی بەردەوام هەستاوە بە پۆستكردنی قسەی وەك “بەغدا كەركوكی پشتگوێخستووە”، “كوردستان ئەو كەسەیە كە هاتووە بۆ یارمەتیدانی ئێمە”، “ریفراندۆم هەلێكی باشە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بكەین لەنێوان بوون بە بەشێكی بچوك لە وڵاتێكی شكستخواردوو، یان بوون بە شارێكی مەزن لە نیشتمانێكی پڕئارامی نوێدا”، ئەمە سەرەڕای بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ”.

ئەو كەسانەی كە كاریان كردووە لەم پڕۆژەیەی یوگۆڤ-دا كراوە بە مەرج بەسەریانەوە كە رێككەوتنەكانیان لەم كارەدا بەشێوەی نهێنی بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندی كۆمپانیاكەیان بەم كارەوە ئاشكرا نەبێت.

زەهاوی هەرچەندە لە ساڵی 2010ەوە بەڕێوەبەری ئەم كۆمپانیایە نەماوە، بەڵام لە سەروبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆم-دا دووبارە رۆڵی لە كۆمپانیاكەدا دەركەوتووەتەوە

لەبارەی ڕۆڵی زەهاوی لەو كارەی كە كۆمپانیاكەی تێوەیگلاوە ئەوەش ئاشكرابووە “زەهاوی هەرچەندە لە ساڵی 2010ەوە بەڕێوەبەری ئەم كۆمپانیایە نەماوە، بەڵام لە سەروبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆم-دا دووبارە رۆڵی لە كۆمپانیاكەدا دەركەوتووەتەوە، زۆر بە ڕونی ئەوە لە كارەكاندا هەستی پێكراوە”.

ستیڤان كاسزوبۆوسكی، بەڕێوەبەری بەشی گەڕانی بەشداربوونی نێودەوڵەتی لە كۆمپانیای یوگۆڤ لەبارەی ئەو زانیاریانەی كە لەبارەی كۆمپانیاكەیانەوە بڵاوكراوەنەتەوە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان كراون رەتیناكاتەوە كارێكی لەو شێوەیەیان كردبێت و دەڵێت “ئەنجامدانی كەمپەینی بانگەشە بابەتێكی لە هەوو وڵاتێكی دیموكراسی ئەنجامدەدرێت و كارێكی ئاساییە. بەڵام، ئێمە هیچكات داتای تایبەتیمان لەسەر هیچ كەس كۆنەكردووەتەوە بەبێ پرسی بەشداربووەكان تا بۆ مەبەستی تایبەتی بەكاری بهێنین”.

زەهاوی یەكێكە لە تێوەگلاوەكانی كەیسی نەدانی باج

زەهاوی لە ساڵی 2013 تێوەگلا لە كەیسێكی باجدان لە پەرلەمانی بەریتانیا. پاش لێكۆڵینەوە ئاشكرابوو “بڕی 5 هەزار و 822 پاوەنی بردووە لە پارەی دەوڵەت كە لە باجی هاووڵاتیان كۆكراوەتەوە”.

لەدوای تێوەگلانیشی ئەم پەرلەمانتارە داوای لێبوردنی كرد و ئەو كارەی بە هەڵەیەك ناوبرد و بەڵێنی دا پارەكە بگەڕێنێتەوە.

ئیمپڕاتۆریەتی (زەهاوی و زەهاوی) چیە؟
بەهۆی ئەو سەروەت و سامانە زۆرەی خێزانی زەهاوی بونیادیانناوە، لە ئێستادا خاوەنی ئیمپڕاتۆریەتێكی تایبەت بەخۆیانن كە لەلایەن نەدیم زەهاوی و هاوسەرەكەیەوە بەڕێوەدەبرێت، تەنیا خانو و موڵكەكانیان نرخی سەدان ملیۆن پاوەنیان هەیە، سەرجەم ئەم كارانەشیان لەڕێگەی كۆمپانیایەكی تایبەتی خۆیانەوە بەڕێوەدەبرێن بەناوی (زەهاوی و زەهاوی) كە پشكەكانی دابەشكراون بەسەر دوو بەشدا نیوەی هی لانە زەهاوییە و نیوەكەی تریشی هی نەدیم زەهاوییە.

زەهاوی خاوەنی كۆشكێكی شاهانەی شەش نهۆمییە لە ناوەڕاستی لەندەن كە نرخەكەی 25 ملیۆن پاوەنە. لە ساڵی 2013 بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەكەی لە ناوچەی بەلگەڤیریا كە یەكێكە لە گرانبەهاترین ناوچەكانی لەندەن كۆشكێكی كڕیووە كە بەهاكەی 13 ملیۆن و 75 هەزار پاوەنە، خۆشی هەستاوە بە گۆڕینی بەشێك لە دیكۆرەكەی، ئەم كۆشكە نزیكە لە كۆشكی ماڵی مارگرێت تاتچەر، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا.

نەدیم زەهاوى و دیڤد كامیرۆن

یەكێكی تر لە موڵكەكانی زەهاوی دەكەوێتە رێگەی فوڵهام لە لەندەن، كە ئۆفیسی سەرەكی كۆمپانیای بەناوبانگی بیناسازی (ساڤیڵس) تێدایە، نرخی ئەم بینایە 2 ملیۆن و 7 هەزارە پاوەنە. ئەمە سەرەڕای، موڵكێكی تری لە ویمبڵدن كە ئۆفیسی سەرەكی بانكی (نات وێست) بووە و نرخەكەی دەگاتە 5 ملیۆن 25 هەزار پاوەن.

زەهاوی خاوەنی خانوێكیشە لە ناوچەی (پەتنی) لە لەندەن كە پێش ئەوەی ببێت بە پەرلەمانتار لەگەڵ هاوسەرەكەی كڕیویانە. خاوەنی رێستۆرانی فیشی فیشی-یە، لە ناوچەی برایتن، ئەمە سەرەڕای، بەشێك لە موڵكەكانیان لە شارۆچكەی (ۆڵتن ئۆن تێمس).

لەبارەی ئەو هەموو موڵكەی كە زەهاوی و هاوسەرەكەی خاوەنداریەتی دەكەن ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: “بابەتێكی ئاساییە كە سیاسەتمەدارەكان لە دەرەوەی كارەكەیان بەرژەوەندی تایبەتیان هەبێت، منیش پێش ئەوەی سیاسەتمەدار بم، بازرگان بووم، ئەوەش ژیانی تایبەتی منە”.

بۆچی ناتوانێت منداڵەكانی بە ئاسانی ببینێت؟

لەگەڵ دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی (قەدەغە گەشتكردنی) بۆ بەشێك لە هاووڵاتیانی وڵاتان دەركرد، هەرچەندە زەهاوی ڕەگەزنامەی بەریتانی هەیە و هەڵگری پاسپۆرتی دیپۆلماسییە، بەڵام یەكێكە لەو كەسانەی كە ناوی كەوتووەتە لیستی ئەو كەسانەی كە ناتوانن گەشت بۆ ئەمریكا بكە.

هەرچەندە منداڵەكانیشی لە وڵاتی ئەمریكا دەژین، بەڵام زەهاوی توانای گەشتكردنی بۆ ئەو وڵاتە نیە، هەر لەبەر ئەوەش ئەو پەرلەمانتارە ئەو سكاڵایەی گەیاندووەتە دەستی تێرێسا مەیی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، بەڵام هیچ سوودێكی بۆی نەبووە.

زەهاوی یەكێك بووە لە میوانانی رووداوی (ئابڕووچونی ئۆرچێستەر)

لە كۆتاییەكانی مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2018، میواندارییەكی خێرخوازی تەنیا بۆ پیاوان لەلایەن یانەی (سەرۆك) لە هۆتێلی ئۆرچێستەر رێكخرا لە لەندەن كە دواتر میدیاكانی بەریتانیا بڵاویانكردەوە “لەو میواندارییەدا دەستدرێژی و كاری نەشیاو بەرامبەر خزمەتگوزارە كچەكان كراوە”، بووە مانشێتی میدیاكانی ئەم وڵاتە.

یەكێك لە بەشداربووەكانی ئەو بۆنەیە نەدیم زەهاویبوو، كە لەپاش ئاشكرابوونی ئابڕووچوونەكە، ئەو پەرلەمانتارە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر داوای لێبوردی كرد و نوسی “من لەكاتی میواندارییەكەدا زۆر بێزاربووم، بەڵێندەدەم هیچكان نەچمە شوێنی لەو شێوەیە”.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو