سەرکەوت شەمسەدین: عێراق نایەوێت مەلەفى نەوت بەدەستى عەشیرەتێکەوە بێت

سەرکەوت شەمسەدین: عێراق نایەوێت مەلەفى نەوت بەدەستى عەشیرەتێکەوە بێت

دیدار/ كاشما قەرەداخی

سەركەوت شەمسەدین، ڕایگەیاند: پارتی نەوتی هەرێمی كوردستانی بۆ خۆیی قۆرغ كردووە و ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێی سیاسی جیابكاتەوە و ئەمەش ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدای ئەستەم تر كردووە و ئاسان نییە.

سەركەوت شەمسەدین – ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیدارێكی تایبەت لەگەڵ ”ئاژانسی وڵات” لەبارەی پرسی مووچە و ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، ڕایگەیاند: ئەوەی ئێستا باس دەكرێت لەنێوان هەرێم و بەغدا بەهیچ شێوەیەك ڕێكەوتن نییە و هیچ ڕێكەوتنێكیش نەكراوە، چونكە تاوەكو ئێستا نە نەوت و نە داهاتی خاڵە سنووریەكان نەدراوەتە عێراق و وە عێراقیش داوای ئەوانە دەكات.

سەبارەت بە شاندەكەی هەرێم، سەركەوت شەمسەدین باسی لەوەكرد: شاندەكەی هەرێم هیچ گفتوگۆیەكی لەبارەی بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق نەكردووە، وە هیچ ڕۆڵێكیان لە دارشتنی ئەم بودجەی ئێستا نەبووە، حكومەتی عێراق چونكە هیچ ڕێكەوتنێكی لەگەڵ هەرێم نەكردووە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستانی كەدیاری كردووە بە هەمان پشكە كە لەساڵی ٢٠١٥ بۆی دانراوە.

سەركەوت شەمسەدین وتیشی: بەهیچ شێوەیەك ئەو برگەیە تێناپەرێت و هیچ ڕێكەوتنێكی هەرێم و بەغدا ئەنجامنادرێت و لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر نادرێت هەتا هەرێم نەوت و داهاتی خاڵە سنورەیەكان ڕادەستی بەغدا نەكات.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت: ئێمە وەك پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها حكومەتی عێراق و لایەنەسیاسیەكانی عێراق دەمانەوێت هەرێم نەوت تەسلیم بە بەغدا بكات، چونكە ئەو نەوتە لەدەستێكی نائەمیندایە و لەژێر دەستی بنەماڵەیەكدایە، وە ئەوەش بۆ سەركوتكردنی هێزەكانی تر و چەسپاندنی حكومی بنەماڵە و دیكتاتۆری لە هەرێمی كوردستاندا بەكاری دەهێنێت، بۆیە حكومەتی عێراق دەیەوێت سیستەمێكی فیدراڵی و دەوڵەتی نەوت بەڕێوەببات، نەك عەشیرەتێك دەست بەسەر نەوتی هەرێمی كوردستاندا بگرێت و چارەنووسی ئەم میللەتە بكەوێتە ژێر دەستی ئەوان.

لە وڵامی پرسیاری، هەوڵەكانی پەرلەمانتارانی كورد بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا، سەركەوت شەمسەدین، وتی: ئێمە وەك پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چەندین جار بە لایەنە عێراقیەكانمان وتووە كە ئێمە متمانەمان بە حكومەتی هەرێم نییە و نەوت ڕادەست ناكات، وە حكومەتی هەرێمیش بیانوی دەهێنایەوە بۆ رادەست نەكردنی نەوت، ئەوەش كە گوایە عێراق ئامادە نییە تێچووی نەوت بگرێتە ئەستۆ، وە ئێمە لەگەڵ لایەنە عێراقیەكاندا و لەگەڵ هێزە سیاسیەكان و كوتلەكاندا گەیشتینە ئەو ڕێكەوتنەی عێراق ئامادەییە بە هەموو كەم و كوریەكانەوە نەوت لە هەرێم وەربگرێت و وە كرێ و تێچووی كۆمپانیاكان و هەموو ئەو كێشەنەی لە نەوتی هەرێم هەیە بیگرنە ئەستۆ، بەڵام هەرێم هەر بەوشێوەیەش هەر نەهاتنە ژێر باری ڕادەست كردنی نەوت.

عێراق بەهەموو کەموکوڕییەکانەوە مەلەفى نەوتى دەوێت، بەڵام هەرێم ڕادەستى ناکات

هاوكات، سەركەوت شەمسەدین ئاماژەی بەوەش كرد: ئێمە كارمان بۆ ئەوە كردووە كەپرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ بەبەغداوە ببەسترێتەوە، وە بۆ ئەمەش یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ڕەزامەندی خۆیان نیشانداوە بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت من ڕازیی نیم و نایەوێت پرسی مووچە فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێی سیاسی هەرێم و عێراق جیا بكاتەوە

سەركەوت شەمسەدین دەڵێت: ئەوكاتەی نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی هاتنە بەغدا و چاویان بە لایەنە سیاسیەكانی عێراق كەوتوو بۆیان دەركەوت كە عێراق ئامادەییە ڕاستەوخۆ خۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات و بیگوازێتەوە سەر عێراق و مووچە نەدرێتە دەست حكومەتی هەرێم، كە هەموو ئەمانەیان بەرونی لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی لیژنەی مالیە و هێزە سیاسیەكان و كوتلەی سائیرون و فتح و حیكمە گوێ لێ بووە و وە ئەوان پشتگیری داوای مامۆستایانیان كرد.

هەوڵەكانیان بۆ گواستنەوەی مووچە فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەبەغداوە، باسی لەوەشكرد: بەنیازین لە پرۆژە یاسای بودجەدا فەقەرەیەكی بۆ زیاد بكەین و بنەمایەكی یاسایی بۆ دادەنێن و دواتر فشارەكانمان بۆ سەر حكومەتی هەرێم دەستپێ دەكات كە ئەو مەلەفە ڕادەستی حكومەتی عێراق بكات تاوەكو دەست بە گواستنەوەی مووچەكە بكرێت، چوونكە ئەو پڕۆسەیە یەكەم جار یاسای دەوێت و دواتر لەبواری جێ بەجێ كردندا پێویست دەكات لەرووی لۆجیسیكیەوە ئەو مەلەفانە ڕادەستی حكومەتی عێراق بكرێت و لەگەڵ هەندێ هەنگاوی دیەكە كە لەداهاتوویەكی نزیك ئەنجامی دەدەین.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو