کورسی پارێزگای ھەولێر کورسی مەرگە؟

  • December 27, 2020
  • 325 Views
کورسی پارێزگای ھەولێر کورسی مەرگە؟

وڵات: بەدران محێدین

شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیان وێنەکەى شەوی رابردووی فرسەت سۆفى بە فۆتۆشپی دەزانن

کورسی پارێزگای ھەولێر کورسی مەرگە؟
سێگۆشەی بەرمۆدە ئەگەر ھەمووشمان زانیاریمان لەسەری نەبێت؛ ئەوا زۆرینەمان بیستوومانە کە هەرچی نزیک ئەو سێگۆشەیە بوو ناگەڕێتەوە.
خەریکە کورسی پارێزگای ھەولێریش دەبێتە سێگۆشەی بەرمۆدە.
لەدوای31ی ئابەوە کورسی پارێزگای ھەولێر مۆری مەرگی لێدراوە.
ئەو پۆستەی بۆ خاوەنەکەی بۆتە فریشتەی گیانکێشان بەڵام هێشتاش لە خاوەن پۆستە باڵاکانی ناو پارتی و تەنانەت ئەوانەش کە لەلاوە چوونەتە ناو پارتی ھەر شەڕی لەسەر دەکەن؛ ئەوە بۆ ھەموومان بۆتە جێی کۆمەڵێک پرسیار؛
ئەرێ بەراست کە فەرەنسۆ ھەریری پارێزگاری ئەوکاتی ھەولێر بە نوێژی نێوەڕۆ لەناو ھەولێر گولەباران کرا، کەیسەکەی بەکوێ گەیشت؟
چۆن لەبیر خەڵکیان بردەوە؟
کێ کوشتی؟
تاوانبارەکان گیران؟
ئەگەر گیران؛ کێ بوون؟ ئەو پرسیارە و دەیان پرسیاری تر بۆ ڕای گشتی تا ئێستاش بێ وەڵامن!

دوای تیرۆرکردنی فەرەنسۆ ھەریری، ئەکرەم مەنتک بووە پارێزگای ھەولێر، لە تەقینەوەکەی 1ی شوبات لە لقی 2ی پارتی؛ ئەویش چووە کاروانی نەمران.
ئێمەی ھەولێری شاھێدی ئەوە دەدەین کاتێک گروپێکی تێرۆرستی لە ھەولێر دروست بوو لە چەند شوێنێک کاری تیرۆرستی و تەقاینەوەیان ئەنجام دەدا، دوای تاوانە خۆکوژیەکەی ئەو گرووپە لە ناو لقی پارتی ھەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامێکی تری سەکردایەتی پارتیاندا بە بڕێک تی ئێن تی لەبەردەم ماڵەکەی بۆ ئەوەی ئەویش تیرۆر بکەن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. کاری تیرۆریستی لە ھەموو دونیا نەفەرەت لێکراوە و دژ بە مرۆڤایەتیە، بەڵام ئەوەی ئێمەی شۆک کرد لە ھەولێر کاتێک ئەو گرووپە تیرۆرستیە دەستگیرکران و دەرچوو دۆستی گیانی بە گیانی دەسەڵات بوون تەنانەت ئەفسەری ئاسایشی تێدابوو.
ئاخر چۆن پرسیار نەکەین و نەڵێین:
ئەرێ کێ لەو یاریە ئاڵۆزەی دەسەڵاتی هەولێر تێدەگا؟
دوای تیرۆرکردنی ئەکرەم مەنتک بە کردەوەیەکی تیرۆرستی؛ نەوزاد ھادی بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر کورسی پارێزگا دانیشت و بە پارێزگاری (موخەزڕەم) ناوی دەرکرد.
مانەوەی نەوزاد هادی بۆ ئەو ماوە زۆرە بە پشتگیری باڵێکی ناو پارتی بوو، تەنانەت لە دەنگدانی خولی پێشوو ھەر دوو باڵەكەی ناو پارتی کاندیدی خۆیان ھەبوو، تەنانەت گرژیش کەوتە نێوان نەوزاد ھادی و پشتیوان سادق لەسەر ژمارە 1ی لیستی پارتی، بەڵام ئەو پشتگیریەی نەوزاد ھادی هەیبوو؛ پشتیوان سادقی ناچارکر بکشێتەوە.
ئەگەرچی لەگەڵ کشانەوەی نێچیرڤان بارزانی، نەوزاد ھادیش دورخرایەوە لە پۆستەکەی، باڵە بەھێزەکەی بەناوی (ھەڵۆ)ی ناو پارتی لە رێگای میدیا و سۆشیال میدیاوە خەریکی داواکردنی دادگایی کردنی نەوزاد ھادی بوون بەڵام زۆر زوو نێچیرڤان بارزانی ھاتە سەر ھێل و لە سەرۆکایەتی ھەرێم شونێکی بۆ کردەوە.
لە داھاتووش دیار نابێت ئاخۆ کورسی پارێزگای ھەولێر بۆ نەوزاد ھادیش دەبێت بە فریشەی گیان کێشان یا تەواو،

لێی دەرچوو!
دوای نەوزاد ھادی؛ فرسەت سۆفی ئەو پۆستەی وەرگرت، بەڵام تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژەی نەکێشا و لە ونبوونێکی لەپڕ و تەم و مژاوی هەواڵی مردنی بڵاوکرایەوە، بێ ئەوەی تەنها وێنەیەکی کاتی نەخۆشیەکەی بڵاوبکرێتەوە یا ڕێگابدەن کەس و کاری تەرمی ببینن لەکاتێکدا وەک هەر مردووێکی تر ڕێۆڕەسمی ناشتنی بۆ سازدرا، نەک مردووی ڤایرۆسی کۆرۆنا. لە ھەموو جیهان مردنی کت و پڕ بۆ سیاسی و دەسەڵاتداران جێی پرسیار و گومانە، بۆیە لەو شێوازەی مردن و ناشتنی؛ کۆمەڵێک پرسیاری زۆر لای خەڵک دروست بووە زۆر ڕا هەیە گوایا بەرداشی باڵ باڵێنی ناو پارتی ئەوی هاڕی، ئەوەی گومانی شەقامی چڕتر کردووە؛ وێنەیەکی شەوی رابردووی خوا لێخۆشبوو فەرسەت سۆفی بوو، کەناڵێکی سێبەری باڵێکی ناو پارتی کە ھەرایەکی گەورەی ناوەتەوە لەسەر تەواوی وێنەکە.
شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیان بە فۆتۆشپی ئەزانن، رەنگە بڵاوکردنەوەی وێنەکەی فرسەت سۆفیش وەڵامێک بێ بۆ شەقامی کوردی کە زۆرترین پرسیار ئەوە بوو بۆچی ھیچ وێنەیەکی پێش مردنی نیە و یاخود بڵاو نەکراوەتەوە؟
دوای مردن ھەر رەحمەت باشە بەڵام داھاتوو وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لای شەقامی کوردی بێ وەڵام ماونەتەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو