وڵات_تایبەت
ئەو شەڕەى ئەمرۆ لەپەرلەمان ڕوویدا سەرەتا بە شەڕە قسەى نێوان کازم فارووق سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ ڕزگار عیسا پەرلەمانتارى پارتى دەستى پێکرد، پاشان بووە شەڕى دوو فراکسیۆن.. هۆکارى شەڕەکەش “وەزیرى نوێى سامانە سروشتیەکان بوو.
سپیان ئامێدی پەرلەمانتارى نەوەى نوێی دواى هاتنە دەرەوەى لەهۆڵى پەرلەمان دەستبەجێ پەیامنێرى وڵات قسەى لەگەڵ کرد، بەگوێرەى گێڕانەوەى خۆى، ئازار بەر سەرى کەوتووە و شوێنى “خەنجەر بۆکس” لەسەر سەرى دەرچووە، ووتى” بەخەنجەر بۆکس پەرلەمانتارانى پارتى هێرشیان کردە سەرم”.
هەردواى ئەوە ئومێد خۆشناو سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانید، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، ئەوان شەڕیان دەستپێنەکردووە شەڕیان پێ فرۆشراوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەش ووتى :”بەبۆکس هێرشیان بۆ هێناوین، خۆ بەگوڵ وەڵا نادەینەوە”.
لەکاتى شەڕەکەدا کە تەنها ئەو پەرلەنتارانە لەوێ بوون دەنگیان بە وەزیرى سامانە سروشتیەکاندا لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکى دیکە، شەڕەکەش لەوکاتەدا سەرى هەڵداوە کە وەزیرى نوێى سامانە سروشتیەکان ویستوویەتى هۆڵى پەرلەمان جێبهێڵێت.
شایتەحاڵێک لە پەرلەمانى کوردستان ووردەکارى شەڕەکەى ناو پەرلەمان بۆ وڵات دەگێڕێتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات شەڕەکە سەرەتا بەهۆى دەمەقاڵێى نێوان کازم فاروق و پەرلەمانتارانى دەستى پێکردەوە و پاشان سیپان ئامێدى و مووژدە مەحمود تێوەى گلاوون.
بەگێرانەوە ئەو شایتحاڵە، لەبڕگەى دووەمى کۆبونەوەى پەرلەمان دواى ئەوەى وەزیرى سامانە سروشتیەکان بیناى پەرلەمانى جێهێشتووە، کازم فارووق داواى ئەوەیکردووە، کە پێویستە وەزیر وەڵامى پرسیارەکان بداتەوە، بەڵام سەرۆکایەتى پەرلەمان ڕێگرى لەوەکردووە.
لەکاتى چوونى بۆدەرەوە هۆڵەکە کازم فارووق هاوار دەکات، کەنابێت بڕوات، لەوبارەیەوە پەرلەمانتارانى پارتیش وەڵام دەدەنەوە، ڕزگار عیسا پەرلەمانتارى پارتى بەتوندى هێرش دەکاتەسەر کازم فاروق، ئەویش لەوەڵامدا چاکەتەکەى دادەکرێت لەکۆرسیەکەى دێتە دەرەوە و پێى دەڵێت:” ئەگەر ئازاى وەرە”، بۆیە سەرئەنجام هەردوو پەرلەمانتارەکە هێرش دەکەنە سەر یەکترى، هەر لەوکاتەدا بەشێک لەپەرلەمانتارانى پارتى و نەوەى نوێش دەگلێن بەشەڕەکەوە.
حەسیبە گەردى پەرلەمانتارى پارتى، هێرشى کردووەتەوە سەر موژدە مەحمود و قژى ڕاکێشاوە، سیپان ئامێدیش کە ویستوویەتى بەرگرى لە “کازم فارووق بکات”. لەلایەن ڕزگار عیساوە پەلامارى دراوە و هێرشى کراوەتەوە، کەوتووەتە سەرزەوى.
چەندین سەرچاوەى پەرلەمانى نزیکبوون لەشەڕەکەوە ئاماژەى پشتڕاستکراوە نادەن لەبارەى ئەوەى بەچى هێرشکراوەتە سەر پەرلەمانتارەکەى نەوەى نوێ، بەڵام سەرچاوە پەرلەمانیەکەى وڵات ووتى: ڕزگار عیسا تاکەپێڵاوى لەسەرى سیپان ئامێدى گرتووە، هەردوو مۆبایلەکەشى شکاندووە، چونکە ڕزگار خۆى کۆنفۆیە”، هەرچەندە باس لەوەش دەکرێت ئەوەى لەسەرى سیپاندراوە ئایفۆنى پرۆماکسە، ئەو وینەش لەسەرى دەرچوو لینزکى کامیراکانە.
ئەوەشى ووت:”پەرلەمانتارانى یەکێتى و فراکسیۆنەکانى دیکە هەردوو فراکسیۆنەکەیان لەیەک جیاکردووەتەوە، نەیانهێشتووە شەڕەکە درێژە بکێشێت”.
سیپان ئامێدى پەرلەمانتارى نەوەى نوێ دووەم جاریەتى لەلایەن پەرلەمانتارانى پارتى و هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشى دەکرێتە سەر، چەند مانگێگ لەمەوبەر هێزە ئەمنییەکانى دهۆک بەبیانوى خۆپیشاندان هێرشیان کردە سەرى و ئازاریاندا.