چیرۆکى ڕادەستکردنى بەرپرسى گولەنییەکانى هەولێر، بەتورکیا

چیرۆکى ڕادەستکردنى بەرپرسى گولەنییەکانى هەولێر، بەتورکیا

سامیت گورە و ساڵح فیدان لە فڕۆکەخانەى ئۆکرانیا، ڤیدۆییەکیان تۆمارکردووە، لەو گرتەیەدا، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن لە فڕۆکەخانەى ئۆکرانیا ویستوویانە بچنە دووبەى پاشان بگەڕێنەوە هەولێر، بەڵام بەرپرسانى و هەواڵگرى ئەو ووڵاتە، فشاریان لێکردوون و نابێت بگەڕێنەوە و دەبێت بگەڕێنەوە تورکیا، سامیت بەدەنگێکى نزمەوە دەڵێت:”ئێمە داواى مافى پەنابەرى لە ئۆکرانیا دەکەین”.

ئەم گرتە ڤیدۆییە کۆتا گرتە ڤیدۆیی بوو سامیت و ساڵح تۆماریان کرد، هەر دواى ئەوە لەئۆپراسیۆنێکى هاوبەش دا، هەردووکیان دەستگیرکران و ڕادەستى تورکیا کرانەوە.

دەستگیرکردنى ئەو دوو مامۆستا تورکە وەکو بۆمب لەناو میدیاى تورکى تەقیەوە، میدیاى تورکى هەواڵەکەى وابڵاودەکردەوە دوو تیرۆرستیان دەستگیرکردووە، کە بەرپرسن لە ڕێکخستەکانى فەتحوڵا گولەن لەهەولێر و بەغداد، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان “بەرپرسى قوتابخانەکانى ئیشک و نیلوفەرن” لەو دووشارە عێراقیە.

وەزارەتى دەرەوەى تورکیا، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، سامیت یەکێکە بووە لەو کەسانەى بەشێوەیەکى نائاسایى ژمارە بانکیەکەى لەبانکى “ئاسیا” هەڵکشاوە و کەسێکى داواکرابووە لەلایەن تورکیاوە بەتۆمەتى بەرپرسیارییەتى لە تۆڕى “تیرۆرستى” گولەن.

هێشتا ساغ نەبووەتەوە بۆچى ئەم دوو مامۆستا تورکە، چوونەتە ئۆکرانیا، هەواڵگرى تورکیا دەڵێت: “هۆکارى ئەوەى لە ئۆکرانیا بوون، ویستویانە بەنایاسایى لە ئۆکرانیاوە بچنە پۆڵەندا، بەڵام پۆلیسى ئۆکرانى ئەوانى دەستگیرکردووە.

گرتە ڤیدۆیەکەى هەردوو مامۆستاکەش ئەو قسەیەى هەواڵگرى تورکیا ڕەتدەکاتەوە، چوونکە پێش دەستگیکرکردنیان دەڵێن: ئێمە ناتوانین بنوسین و بڵاوبکەینەوە لەبارەى خۆمانەوە، چوونکە فشارمان لەسەرە، بۆیە ئەم گرتە ڤیدۆییە بڵاودەکەینەوە.

گرتە ڤیدۆیەکە خۆیان بڵاویان نەکردووەتەوە، دیارە پێشتر بۆ کەسێکى نزیکیان ناردووە و دواى دەستگیرکردنیان ئەو بڵاویکردووەتەوە لەتۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر.

ئەکاونتى سامیت گورە لەفیسبووک، کۆتا پۆستى ریکلامە بۆ قوتابخانەى ئیشک لەهەولێر، کە لەرۆژى ٢٦ى مانگى ئابى ساڵى ڕابردوو پۆستەکەى شەیرکردووە، لەوکاتەوە هیچ چالاکیەکى نەبووە، بۆیە گومان دەکرێت لەوکاتەوە سامیت لەهەولێر نەمابێت.

بەگوێرەى زانیارییەکى تایبەت دەستى وڵات، کەوتووە، سەمەت لەهەولێر لەژێر چاودێرى توندى کونسوڵگەرى تورکیا و دەزگاى هەواڵگرى میت بووە، سەرچاوەى سەرجەم جوڵەکانى لەقوتابخانە و ماڵ و شوێنە گشتیەکان دەستنیشان کراون، بەڵام پاساوى یاسایى نەبووە تا دەستگیربکرێت.

ئەو سەرچاوەیە ووتى :”بەگوێرەى نەریتى قوتابخانەکانى گولەن سامیت کە مامۆستاى فیزیا بووە پۆستەکەى گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەیەکى دەرەوەى عێراق بۆیە لە ئۆکرانیاوە ویستوویەتى بەنایاسایى بڕوات بۆ ئەوروپا، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا چووەتە دووبەى پاشان بۆ ئۆکرانیا، بەڵام بەهۆى ئەوەى ناوى لە هەواڵگرى دۆستەکانى تورکیا بۆ دەستگیرکردن هەبووە، ئۆکرانیا دەستگیریکردووە”، بەهەمان شێوەى سامیت گورە، ساڵح فیدانیش لەچوارچێوەى پلانەکەدابووە.

لەدواى کودەتاکەى مانگى تەمووزى ٢٠١٥ى تورکیا، قوتابخانەکانى سەربە ڕەوتى گولەن لەهەرێمى کوردستان بەتایبەت لەهەولێر لەژێر گوشارێکى قورسى هەواڵگریدان، بەڵام ئەوە یەکەمجارە مامۆستایەک کە بەرپرسى قوتابخانەکانە دەستگیربکرێت.

سامیت گورە و ساڵح فیدان، ئێستا لەتورکیا لەلایەن پۆلیسى میتى تورکیەوە لێپرسینەوەیان لێدەکرێت، تائێستاش دیارنیە، ڕووبەڕوى چ سزایەک دەبنەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو