دیدار/ کاشما قەرەداخی
سەلیم شوشكەیی ڕایگەیاند: بەم زوانە بەغدا بوودجەی هەرێم نانێرێت و هەركاتێكیش ناردی جێگەی دڵخۆشی نابێت بۆ موچەخۆرانی هەرێم
سەلیم شوشكەیی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەدیدارێكی تایبەت لەگەڵ ”ئاژانسی وڵات” ڕایگەیاند: ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە بۆ چەند دەستكەوتێكی سیاسیە بووە و بەئاسانیش بودجە لەبەغداوە نایەت بۆ هەرێم و هەركاتێكیش هات جێگەی دڵخۆشی نابێت.
وڵات/ ئایە رێككەوتنێك لەنێوان هەرێم و بەغدا هەبووە لەبارەی بوودجەوە؟
سەلیم شوشكەیی/ حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی موازەنە تێپەڕێنن بەڵام ئایە ڕێككەوتوو لەسەر ئەوەی موازەنە جێ بەجێ بكەن؟ ئەوە بابەتێكی دیكەیە.
من لەو بڕوایەدام هەردوولا رێككەوتن و گرفتێك بۆ موازەنە دروست نەكەن چونكە ئەو كاتە شەقامی عێراقی تەحەمولی دواكەوتنی موازەنەی نەدەكرد، وە هەرێمی كوردستانیش ئامادە نەبوو بچێتە ژێر باری بەبێ ئەوەی پشكەكانی هەرێم دیاربێت، بەڵام ئایە لەپشتی پەردە شتێكی دیكە هەییە؟ ئەوە لای ئێمە روون نییە و تەنها ئەوەی لەبارەی ئەو رێككەوتنەوە دەزانین تەنها ئاماژەكان بۆ ئەوەن رێككەوتنەكە بۆ تێپەڕاندنی موازەنە بووە وەك شێوازێكی شكڵی و وە هەردوولا پابەند نەبن پێیەوە بەشێوەیەكی فعلی.
وڵات/ هاتنی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا بۆ چی ئامانجێكە؟
سەلیم شوشكەیی/ هاتنی ئەو وەفدانەی هەرێم بۆ بەغدا تەنها بۆ ئەوەیە كە پەیامێك بدەن بەخەڵكی هەرێمی كوردستان كە ئێمە رێككەوتوین لەگەڵ بەغدا و داخوازیەكانمان جێ بەجێ كردوون بەڵام ئەوە بەغدایە هەق و موازەنەی هەرێمی كوردستان نانێرێت.
وڵات/ ئامانج چی بوو لە تێپەڕاندنی موازەنە لە پەرلەمانی عێراق؟
سەلیم شوشكەیی/ لە عێراق چەندین لایەن و پارتی چەك بەدەستی تێداییە و ٣٢٨ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق هەییە، هەموو بابەت و رێككەوتنێك دێتەوە پەرلەمان و تێدەپەڕێت، ئەگەر بێتوو لایەنێكی گەورەی بەتایبەت وەكو كورد كە مكەونی دووەمی عێراقە و پێكهاتەیەكی گرنگی عێراقە ئەگەر بێتو دەنگ بە موازەنە نەدات عەیبەیەكی گەورەیە، بۆییە داوایان كرد دەنگ بە موازەنە بدات وە پشكەكانی هەرێم دیاری دەكەن وە لەبەرامبەردا هیچ ئیجرائاتێكی تووند نەبوو بەرامبەر هەرێمی كوردستان بۆیە زۆربەی لێكۆڵەران وە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، وە پێیان وابوو ئەوە بۆ تێپەڕاندنی موازەنەیە بۆ حكومەتی عێراقی نەك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
وڵات/ كەی پشكی هەرێم لە بەغداوە دێت؟
سەلیم شوشكەیی/ بەدووری دەزانم لەئێستادا بوودجە لەبەغداوە وەبێت ئەگەر بێتیش ئەو شێوازە دڵخۆشكەرە نییە كە خەڵكی هەرێمی كوردستان چاوەڕێیی دەكەن چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێستادا پشت بەخۆی دەبەستێ و نرخی بەرمیلێك نەوت ٧٠ دۆلاری تێپەڕاندووە واتا لە ١٥-١٦ دۆلارەوە بچێتە ٧٠ دۆلار پێویستە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی باش دان بەوەدا بنێ كە كەموكوڕی لەخۆیدا هەیە كە مووچە بە لێبڕینەوە دابەش دەكات.
وڵات/باشە گەر بەوجۆرەی كە دەڵێن، كەواتە هۆكاری بەردەوامی لێبڕنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چییە؟
سەلیم شوشكەیی/ هیچ بیانوێك نەماوە و نەوت روو لەبەرزبوونەوە دەكات لە بازاڕەكانی جیهاندا و وە پڕژەی چاكسازی هەیە و داهاتی ناوخۆیی هەیە، ئەگەر بە هەموو ئەوانە نەتواندرێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكرێت ئیتر دڵمان بەچی خۆش بێت!؟
وڵات/ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری هەبووە لەسەر جێ بەجێ نەكردنی رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغدا؟
سەلیم شوشكەیی/ هەركات نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان زیاتر بێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا زیاتر دوور دەكەوێتەوە و پشت بەخۆیی دەبەستێ وە كاتێكیش نرخی نەوت دابەزی هەرێم خۆی هەڵدەداتەوە باوەشی بەغدا ئەوەش بەس بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات.
وڵات/ئامانج چی بوو لەو رێككەوتنە هەرێم و بەغدا؟
سەلیم شوشكەیی/ لەسیاسەتدا هەر ڕێككەوتنێك دەكەیت مەرج نییە لەبەرامبەر شتێكدا بێت، بۆ نمونە ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە بۆ ئەوەیە نەڵێن كورد گرفت دروست دەكات بۆ موازەنە، وە هەرێمی كوردستان لەبەرامبەردا دەستكەوتی سیاسی بەدەست هێناوە.











