ساره‌ دلشاد: ئێمە وەک پارتى گەشەپێدانى تورکمانى هیچ کاتێک لەگەڵ شەڕ و کاولکاری نین

  • June 7, 2021
  • 352 Views
ساره‌ دلشاد: ئێمە وەک پارتى گەشەپێدانى تورکمانى هیچ کاتێک  لەگەڵ شەڕ و کاولکاری نین

دیدار/ کاشما قەرەداخی

سارە دڵشاد ڕایگەیاند: هیچ کاتێک ئێمە لەگەڵ شەڕ و کاولكاری نین، کێشەکان دەبێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بن.

سارە دڵشاد، ئەندامی لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى لە فراكسیۆنی پارتى گه‌شه‌پێدانى توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، لەدیدارێكی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی وڵات، لەبارەی شەڕی پەكەكە و پارتی ڕایگەیاند: هیچ کاتێک ئێمە لەگەڵ شەڕ و کاولکاری نین، کێشەکان دەبێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بن بەم شێوەیە تا ڕادەیەکی باش دەتوانرێت مەترسی لەسەر هەرێم دووربخرێتەوە خەڵکیش پارێزراو بێت.

وڵات/ لەبارەی شەهید بوونی ئەو پێنج پێشمەرگەیەی چیای مەتینای دهۆك دەڵێن چی؟

سارە دڵشاد/ ئێمە بە هەموو شێوەیەك سەرکۆنەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک دەکەین کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان. پێویستە هەموو لایەک ڕێز لەسەروەری هەرێمی کوردستان بگرێت، هاوخەمیی خۆشمان بۆ شەهیدبوونی ئەو پێنچ پێشمەرگەیە دەردەبڕین کە بەرەبەیانیی ڕۆژی ٥ی ٦ی ٢٠٢١، لەدەڤەری ئامێدی شەهید کران وە پێویستە لایەنەکان ناکۆکییەکان ببەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، وە ڕێگەش بدرێت بە هاوڵاتیانی ناوچەکان دووبارە شوێنەکان ئاوەدان بکەنەوە.

وڵات/ ئایە بوونی پەكەكە مەترسی هەیە لەسەر قەوارەی هەرێم گەر بەم شێوەیە بمێننەوە و بەردەوام بن؟

سارە دڵشاد/ ئەگەر هاتوو هەر گروپێکی چەکداری یان ڕێکخراوێک یان لایەنێکی دیاریکراو بە بێ مۆڵەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وە بە بێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و بوونی لە ناوچەیەکی دیاریکراو دا هەبێت، بێ گومان کاریگەریی نەرێنی و مەترسی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان.

وڵات/ پەكەكە كوردن، گەر مەترسین بۆ هەرێم، چۆن دەبێت حكومەتی هەرێم رووبەرویان ببێتەوە؟

سارە دڵشاد/ تاكە چارەسەر بۆ کۆتایی هێنان بە گرژی و شەڕ و جەنگ و کاول کاری ئەوەیە دەبێت حکومەتی ھەرێم کوردستان دەورێکی باڵای هەبێت لە نێوندگیری و گەیاندنی لایەنەکان بە یەکتری و دەرگای ئاشتی بکاتەوە و کێشەکان بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بن بەم شێوەیە تا ڕادەیەکی باش دەتوانرێت مەترسی لەسەر هەرێم دووربخرێتەوە.

وڵات/ لەبارەی داڕبڕینەوەكانی چیاكانی كوردستان، ئایە ئەم بابەتە گەورەكراوە یان هەر بەڕاستی بوونی هەیە؟

سارە دڵشاد/ لە ڕاستیدا جگە لە زانیاریەکی سەرەتایی لەسەر بابەتەکە زانیاریەکی وردم لەسەر نیە وە داواکارم لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبستێت بە دروستکردنی لیژنەیەک لە کۆمەلێک پەرلەمانتار پێكبێت بەمەبەستی سەردانی کردنی ناوچەکان و بەدواداچوون بکەن ڕای گشتیی لە ڕاستی و دروستی ئەم بابەتە ئاگادار بکەنەوە.

وڵات/ ئێوە لەگەڵ شەڕی پەكەكە و پارتی دیموكراتی كوردستان دان؟ پێتان وایە پێویستە بكرێت؟

سارە دڵشاد/ هیچ کاتێک ئێمە لەگەڵ شەڕ و کاوڵکاری نین، کێشەکان دەبێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بن بەم شێوەیە تا ڕادەیەکی باش دەتوانرێت مەترسی لەسەر هەرێم دووربخرێتەوە خەڵکیش پارێزراو بێت.

وڵات/ هەڵوێستان چی دەبێ گەر شەڕ لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پەكەكە رووبدات؟

سارە دڵشاد/ هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، کە جگە لە گفتوگۆ و دیالۆگ و ئاشتی، هاندانی لایەنەکانە بۆ دوورخستنەوەی شەڕ و کاولکاری لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هیچی دیکە نیە.

وڵات/ ئایدن مەعروف دەڵێت دەبێت لە دەستووری هەرێم ئەیرەقیب نەمێنێت و ئاڵای كوردستان بگۆڕدرێت، بەڕێزتان لەگەڵ ئەوەدان؟

سارە دڵشاد/ هیچ ڕایەکەم نییە لەسەر قسەکانیان، ئەوەیان بیروبۆچوونی بەرێزیانە، بەڵام ئێمە پێمان وایە دەبێت زیاتر هەوڵی ئەوە بدەین مافی گەلەکەمان لە دەستووری هەرێمی کوردستان بچەسپێنن، داواکارییەکان بخەینە بەر دەستی لایەنە پەیوەندیی دارەکان شەڕ بۆ مافەکانی گەلەکەمان بکەین.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو