دیدار/ کاشما قەرەداخی
سۆران عومەر، ڕایگەیاند: حكومەتی هەرێم دەیەوێت لێبڕینی مووچە بكات بە یاسا و درێژە بەم كارە نایاساییە بدات
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لەدیدارێكی تایبەت لەگەڵ ”ئاژانسی وڵات” لەبارەی بەردەوام بوونی لێبڕینی مووچە و رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند: حكومەتی هەرێمی نە بەقسەی پەرلەمان دەكات و نە هەموو هەوڵەكان كاریگەری دەبێت لەسەر نەمانی لێبڕینی مووچە، چونكە حكومەت پێی وایە ئەو بوودجەی بۆ مووچە تەرخان كراوە زۆرە و دەیەوێت لەڕێی لێبڕینی مووچەوە كەمی بكاتەوە و بە یاسایی بکات
وڵات/ پێتان وایە رێككەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بودجە بوبێت؟
سۆران عومەر/ ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجەوە نەبوو، بەڵكو بۆ ئەوە بوو كە بابەت و دۆسیەی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەوەندە ئاڵۆز نەكرێت و نەكرێتە هۆكارێك بۆ ناكۆكیەكانی نێوانیان، ئەوەتا دواجاریش هەر ئەوەی لێ دەرچوو كە دەبینین دوای تێپەڕ بوونی چەند مانگێك هێشتا بوودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسایی بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق هیچی دیار نییە و تائێستا نەنێردراوە.
وڵات/ ئایە لێبڕینی مووچەوە كەی كۆتایی دێت؟
سۆران عومەر/ من كاتێك لە پەرلەمانی كوردستان بووم چەند جار ئەوەم لە بەرپرسانی حكومەت بیستووە لە خولی پێشوو وە لەم خولەش كە حكومەت ئەو مووچەیەی كە ئێستا بەو ڕێژەیە دەیدات بە فەرمانبەران و مووچە خۆران پێی زۆرە، بۆیە داهێنانێكی نوێی كردووە و مووچەی كەم كردۆتەوە بەناوی لێبڕین، وە ڕەنگە لە داهاتوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكاتەوە كە ئەم لێبڕینە بە یاسایی چاكسازی جێگای بكاتەوە بە دەستكاری دەرماڵەكان و هەندێك لەو مووچانەی كە پێی وایە زیادەیە كە بەناوی دەرماڵە و بەناوی ترەوە دراوە بە مووچە خۆران، واتا ئێستا هۆكاری دۆخی مووچە ئەوە نییە كە هەرێم داهاتی نییە بەڵكو هۆكاری سەرەكی لێبڕینی مووچە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بەم ڕێژەیە مووچە بدات بە فەرمانبەران و لەوە زیاتری نەداتێ وە ئەمەش هۆكاری سەرەكیە كە لێبڕین لاناچێ و گرفتی مووچە چارەسەر نابێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاسایی چاكسازی لێبڕینی مووچە دەكات بەیاسا و بەكۆمەڵێك ناوی تر بەردەوامی پێ دەدات.
وڵات/ هۆكاری سەرەكی بەردەوامی لێبڕنی مووچە چیە؟
سۆران عومەر/ سەرەڕای ئەوەی كە گرفت لە شەفافیەتی داهاتی نەوت و خاڵە سنووریەكان و گومرگوو داهاتی ناوخۆدا هەیە كە ئەمانەش هۆكارن کە بە لێبڕینەوە مووچە دابەشبكرێت، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێیی واییە كە زۆرە هەموو مانگێك ٩٠٠ ملیار دینار بدات بە فەرمانبەرانی.
وڵات/ لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەرێمی و بەغدا زانیاریتان چییە؟
سۆران عومەر/ ئاگاداریی ئەوەم كە یاسایی بوودجە كە ڕێككەوتنی لەسەر كرا بەو جۆرە كرا كە دۆسیەی نەوت بەو جۆرەی لێبێت كە هەرێم نەوت بەبێ كێشە بفرۆشێت و حیزبە و لایەنە سیاسیەكانیش ئەونە نەیڵێنەوە.
وڵات/ بۆچی وەزیری دارایی بە جۆرێك دەردەكەوێت كە هیچ دەسەڵاتێكی نییە؟
سۆران عومەر/ من هیچ كۆمێنتێكم نییە لەسەر وەزیری دارایی بەڵام ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حكومەت دەبێت بە ئاگابن لەداهاتی هەرێم و وە دەسەڵاتیشیان هەبێت بەسەر ئاستی وەزارەتەكانی خۆیان.
وڵات/ ئایە پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی دەبێت لە نەهێشتنی لێبڕنی مووچە؟
سۆران عومەر/ ڕۆڵی پەرلەمانی كوردستان نەهێڵدراوە و لاواز كراوە و وە نە توانایی چاودێری هەیە بەپێی پێویست نە دەشتوانێت لێپرسینەوە بكات، بۆیە پەرلەمانی كوردستان هیچی پێناكرێت بەم جۆرە سەرەڕایی ئەوەی پەرلەمانتاری باشمان هەییە بەشەخسی كە هەوڵی زۆر دەدەن بەڵام ئەوە كافی نییە بۆ نەهێشتنی ئەو بارودۆخە