”كاروان یاروەیس، ڕایگەیاند: ”گەر یەكێتی بەهێز نەبێت كورد ناتوانێت بەهێز بێت لە بەغدا
كاروان یاروەیس، كاندیدی ژمارە ٣٢ لە لیستی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە وڵات-میدیا-ی ڕایگەیاند: ”یەكێتی هێزێكی سەرەكییە لە عێراق و پەیوەندیەكی مێژووی ٤٥ ساڵەی لەگەڵ هێزە نیشتیمانیەكانی عێراق هەیە، وە مام جەلال لە بەغدا پێگەیەكی گەورە و مێژووی هەبووە لەگەڵ هەموو لایەنەكان و ئەو ماوەیەی لە بەغدا بووە پەیوەندیەكی گەورەیی دروست كردووە و ئەزمونێكی گەورەیی هەیە، ئەمەش وای كردووە كە یەكێتی لەلای هەموو هێزە ڕەسەنەكانی عێراق ناسراو بێت و ڕێز لێگیراو بێت، بۆیە یەكێتی پێگەیەكی گەورەی لە بەغدا هەیە”.
ڕایگەیاند: ”كورد گەر دەیەوێت پێگەی بەهێز بێت دەبێت یەكێتی دەنگی زۆر بەدەست بێنێت و كورسی زۆر بەدەست بێنێت لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، وە گەر یەكێتی بەهێز نەبێت كورد ناتوانێت بەهێز بێت لە بەغدا”.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: ”ئەزمونەكانی ڕابردوو دەری خست كە یەكێتی بەو پەیوەندیە مێژوویەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق هەیەتی و بەو ئەزمونەی كە هەشیەتی دەتوانێت دانوستان بكات لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق و لەگەڵ حكومەتی عێراقی، وە یەكێتی بەو پێگەیەی كە هەیەتی دەتوانێت باشتر قسە بكات لەگەڵ لایەنەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە دواین هەوڵەكانی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بوو، وە لەلایەكی تریشەوە ئەوە بوو كە یەكێتی توانی بەو مفەوەزاتە دوور و درێژەی كە لەگەڵ عێراقدا كردی و لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراقدا كردی توانی متمانەی داروخاویی نێوان عێراق و هەرێم ببوژێنێتەوە، بۆیە ئەگەر یەكێتی لەداهاتوودا لە عێراق بەهێزتر بێت بۆ كۆمەڵێك پرس كە لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دروست دەبێت دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی هەبێت، بۆ نمونە تەعبیری دەستوور و چارەنووسی ناوچە دابڕێندراوەكان و ئەو بۆشاییە ئەمنیەی دروست بووە و بابەتی هێزی پێشمەرگە…كە ئەمانە كۆمەڵێك پرسی گرنگە كە گەر یەكێتی لە بەغدا بەهێز بێت دەتوانێت باشتر چارەسەری بكات”.
سەبارەت هەڵوێستەكانی خەڵك بۆ باگەشەكانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان وتی: ”خەڵك بە گەرم و گوڕیەوە دێن بەدەم بانگەشەكانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان و بە شێوەیەكی زۆرباش پێشوازی دەكەن”.
باسی لەوەش كرد: ”هەر كاندیدێكی یەكێتی ئەزمونێكی باشی هەیە و یەكێتیش حیزبێكی تاقی كراوەیە لە هەرێمی كوردستان و وە خەڵك متمانەی پێیەتی و وە بەوە ناسراوە كە ئەركی قورس جێ بەجێ دەكات وە ئێمە وەك كاندیدانی یەكێتی لە لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەخۆمان ڕادەبینین كە پشتیوانی خەڵك بكەین و ئەركی قورس جێ بەجێ بكەین”.
كاروان یاروەیس لەڕێی وڵاتەوە وەك كاندیدێك بەڵێنەكانی بۆ خەڵك دووپات دەكاتەوە و دەڵێتت: ” بەڵێن دەدەین كارنامەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان وەك خۆی جێ بەجێ بكەین و لەسەر ڕێبازە پاكەكەی مام جەلال بین و ئەو ئەركە دیموكراسی و نیشتیمانیانەی هەیە لە بەغدا جێ بەجێی بكەین”.