كەریم شكور محمەد: ئەو لاسەنگیەی لە خورماتوو لەنێوان کـورد و عەرەب دروست بووە بەم هەڵبژاردنە هاوسەنگی دەکەین

  • September 26, 2021
  • 297 Views
كەریم شكور محمەد: ئەو لاسەنگیەی لە خورماتوو لەنێوان کـورد و عەرەب دروست بووە بەم هەڵبژاردنە هاوسەنگی دەکەین

کاشما قەرەداخی

کەریم شکور محمەد، ڕایگەیاند: نایەڵین كورد لە ناوچەی خورماتوو زوڵمی لێ بكرێت چونكە لێرە جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان كورد و عەرەب، وە لەڕێی دەنگدانەوە هەموو ئەو كێشانە چارەسەر دەبێت بەڵام گەر بێتوو خەڵك دەنگ نەدات، هێزی جەماوەریمان نابێت و بارودۆخمان خراپتر دەبێت وە ئەو لاسەنگیەی لەنێوان كورد و عەرەب لە خورمات دروست بووە لەڕێی هەڵبژاردنەوە هاوسەنگی دەكەین.

كەریم شكور محمەد ناسراو بە مەلا كەریم، كاندیدی ژمارە ٣٩ی بازنەی ٢ی سەڵاحەدین لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستان، لە لێدوانێكی بۆ وڵات_میدیا، ڕایگەیاند: هەتا كورد لەیەك نزیك بۆتەوە بارودۆخی باش بووە، هەتاش لەیەك دوور كەوتۆتەوە بارودۆخی خراپ بووە، وە سەركەوتنی ئێمە وەك لیستی هاوپەیمانی كوردستان كاریگەری خۆیی هەیە هەم لەرووی مووچە و بوودجەوە هەم بۆ ئارامی هەرێمی كوردستان، وە كۆمەڵێك بابەت هەیە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان كە رەهندی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەیە، وە ئەو عەرەبە تەعریف كراوەكانەی لە رابردوودا كە هێندراونەتە ئێرە بەتەمان بگەڕێندرێنەوە، وە لێرە كێشەی ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئاسایشی هەیە، وە لێرە كێشەی سەلماندی كوردایەتی هەیە، هەموو ئەمانە هۆكارن كە دەنگدان بە ئێمە رزگار بونێك بێت لەو كێشانە، وە دەبێت بزاین ئەم هاوپەیمانیە سودی زیاتری بۆ خەڵك هەیە چونكە هەتا یەكگرتوو بین زیاتر دەتوانین بە ئامانجەكانمان بگەین.

كەریم شكور محمەد، لەبارەی بەدەم هاتنی خەڵك بۆ بانگەشەكانیان، ڕایگەیاند: لە خورماتوو خەڵك گەرموو و گوڕیەكی باشی هەیە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، چونكە لەساڵی ٢٠١٧ بەدواوە لە خورماتوو بارودۆخی خەڵك باش نەبووە، وە سەرۆكی فەرماندەكان لێرە بەدەستی ئێمە نەماوە وە خزمەتگوزاریش نییە و ژیانی خەڵیكش لەرووی ئەمنییەوە خراپ بووە، بۆیە خەڵك بەباشی دەزانێت لەئێستاوە كەسێك هەبێت داكۆكی لێ بكات، وە ئێمە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینین و لەو ناوچانە و لە بەغدا كاریگەریمان دەبێت، بۆیە خەڵك لەگەڵ ئێمەدایە و پشتیوانیەكی باشمان لێ دەكات و كۆبوونەوەمان بۆ ئەنجامدەدەن و ڕیكلامی هەڵبژاردنمان بۆ دەكەن بێ ئەوەی خۆمان بچینە ناو پڕۆسەكەوە.

وتیشی: ئەگەر خەڵك دەنگمان پێ بدات و بچینە پەرلەمانی عێراق دەتوانین داكۆكی لە مافەكانیان بكەین، وە من لە ڕابردوودا لە خورماتوو بووم و لێرە ماومەتەوە و لە شەڕەكانی ٢٠٠٣ بەدواوە تا ٢٠١٧ش لێرە بووم و بەشدار بووم لە شەڕی داعش و بەرگری كردن لەم شارە و پێشمەرگە و داكۆكی كاری كورد بووم، وە ئەوەی پێم كرابێت كردوومە وە كە بچیشمە بەغدا بابەتی خزمەتگوزاری و ئەمنی و قەرەبووكردنەوەی خەڵك دەكەمە بەرنامەی كاری خۆم و ئیشی لەسەرەكەم.

كەریم شكور محمەد لەڕێی وڵات-وە جەخت لەسەر جێ بەجێ كردنی بەڵێنەكانی دەكاتەوە و دەڵێت: من لەڕابردوودا لە خورماتوو بوم و بەڵێنیش دەدەم هەر لێرە بمێنمەوە و ئیش بۆ هاوكاری خەڵك بكەم، وە ڕابردووی منیش دەیسەلمێنێت كە ڕاستگۆ دەبم لەسەر ئەم بەڵێنانەم و وە لەداهاتووشدا دەتوانم لەوە زیاتر بكەم، وە ئامادەشم لەسەر خەڵكی شارەكەی خۆم خۆم بەكوشت بدەم.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو