کاشما قەرەداخی
د.یوسف محمەد: باشترە هەرێم بەبڕیاری دادگای فیدڕاڵی عیراق ڕازی بێت بۆ ئەوەی زەرەر نەكات.
لەلێدوانێكی بۆ وڵات_مییدیا د.یوسف محمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم بابەتەیە عینادی نەكەن عینادی هیچ دادی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان نادات و پێویستەكات بە شێوەی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق بكەن و هەوڵی لێك تێگەیشتن بدەن و هەموو نەوتەكە لەڕێی سۆمۆوە بفرۆشن وە ئامادەیی دەرببڕن بەشێوەیەكی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عیراق بكەن و پێداچونەوە بە گرێبەستەكانی نەوت بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان زەرەرمەند نەبێت، چونكە ئەگەر بەم بڕیارە ڕازی نەبێت كۆمپانیاكانی فرۆشتنی نەوت وردە وردە لە هەرێم دەكشێنەوە و مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی دەكەن بۆ ئەوەی پڕۆژەكانیان شكست نەهێنێت.
وڵات_میدیا/ بۆچی لەم كاتەدا دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق ئەم بڕیارەی دا؟ وە بەڕایی ئێوە كێ لەپشت ئەم بڕیارەبوو؟
د.یوسف محمەد/ بڕیاری دادگایی باڵای فیدڕاڵی عیراق چاوەڕوان كراو بوو وە ئێمە ١١ مانگ پێش ئەم بڕیارە چاوەڕێ بووین كە دادگایی فیدڕاڵی عیراق ئەم بڕیارە بدات لەهەر كاتێكدا بێ وە وتومانە پێش ئەوەی ئەو دادگایە دەست بەكار بێت و ئەو مەلەفە یەكلایی بكاتەوە هەرێم بە شێوەیەكی كەم تەوازە لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی ڕێك بكەوێت بۆ ئەوەیی نەكەوێتە مەوقیفی زوعفەوە، بەڵام بەداخەوە گوێیان لێ نەگرتین و ئێستاش ئەوەی روودەدات ئەنجامەكەیەتی.
وڵات_میدیا/ بڕیارەكەی دادگایی باڵای فیدڕاڵی عیراق لەلایەن هەرێمەوە جێ بەجێ دەكرێت بۆ ڕادەست كردنی نەوت؟ لەكاتێكدا تاوەكو ئێستا لەبەرامبەر ڕادەست كردنی ئەو بڕە نەوتەی بۆ ٢٠٠ ملیارەكە لەسەری ڕێككەوتبوون نەدراوە!
د.یوسف محمەد/ باشترین بژاردە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەیە كە مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارە بكەن بە شێوەیەكی ئیجابی وە ڕازیی بن كە نەوتەكەی خۆیان لەڕێی سۆمۆوە بفرۆشن و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی بكەن لەبارەی مەلەفی نەوت و گازی هەرێم بەتایبەتی كە ئێستا عێراق ئامادەیی ئەوەی دەربڕیووە وتووێژ بكات لەگەڵ هەرێم.
وڵات_میدیا/ ناڕەزایەتیەكان لەبارەی ئەم بڕیارەوە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ بەتایبەت لەلایەن پارتی و تەنانەت پەرلەمانیش! لەكاتێكدا دەڵێن گورزی كوشندەیە بۆ هاوڵاتیان!
د.یوسف محمەد/ پێم سەیرە لایەنە سیاسیەكان ناڕەزایەتیان لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عیراق دەربڕیووە، چونكە ئەمە شتێكی چاوەڕوان كراو بوو، وە دەبوو پێشتر خەمی ئەم مەلەفە بخورایە وە پێشتر رێكەوتنێكی هاوسەنگ لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی بكرایە وە ئەو بێ سەروبەریەی لە بواری نەوت لە هەرێم هەیە چارەسەر بكرایە تاوەكو نەگەیشتینایە بەم ڕۆژە و ئەم بڕیارانەش دەرنەچویایە، وە ئەمە چاوەڕوان كراو بوو، لەگەڵ هاتنی دەسەڵاتداران بۆ بەغدا ئەو بابەتەمان باس كردووە و ئاماژەمان بەوە داوە دادگای فیدڕاڵی عیراق ئەو مەلەفانەی لەبەردەستدایە و چاوی پێدا دەخشێنێت، بۆیە دەبوو زووتر لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی لەبارەی نەوت و گازی هەرێم ڕێك بكەوتنایە، بەڵام دەرفەتی زۆریان لەدەستدا بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتنە بكەن، بۆ نمونە ”عادل عەبدولمەهدی” ئامادەبوو ڕێكبكەوێت لەگەڵیان كاتێك ئەو سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو وە دەتوانم ئەوە بڵێم كە ”عادل عەبدولمەهدی” باجی ئەوەی دا كە نەرم بوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كەچی دوایی یەكەم لایەن كە پشتیان تێكرد لایەنی كوردی پارتی و یەكێتی بوون، دوایش ”محمەد عەلاوی” ئامادەبوو ئەو ڕێككەوتنەی كە ”عادل عەبدولمەهدی” لەكۆتایی ٢٠١٩ لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردبووی لەبارەی نەوت و گازی هەرێم و قەرزەكانی هەرێم و پاشەكەوتی مووچەش، بگات بە ئەنجامێك بەڵام لایەنە كوردیەكان دژی وەستانەوە و لەبری ئەوە هەوڵیاندا د.فوئاد حسێن لەجێی ئەو دابنێن وەك وەزیر بەڵام ڕەت كرایەوە، وە مستەفا كازمیش بەهەمان شێوە و هیچ سوودی نەبوو، ئەوەتا لەم ماوەیی ڕابردوو هەموو بابەتێكیان بەستۆتەوە بە شەڕی پۆست و بەیاننامە بێ ئەوەیی بگەرێنەوە بۆ ئەسڵی كێشەكان كە ئەسڵی كێشەكە پەیوەندی دارە بەو ڕێككەوتنە نهێنیانەی كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەرەوە كردوویانە بەو شێوە خراپانەی كە ئەمان كردوویانە، ئەوەتا نەوتی هەرێمیان هەناردەی دەرەوە كرد بەبێ ئەوەی ئەوە ببێتە هێنانە كایەی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم بەڵكو بووشە هۆیی قەرزاربوونی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و دروست بوونی گرێ كوێرەیەك لەنێوان كوردستان و عیراق، وەفدەكانی هەرێم كە دەهاتنە بەغدا هەموو وتووێژێكیان بریتی بوو لە كاتی دروست بوونی حكومەت ”پۆستە” وە لەدوای دروست بوونی حكومەت ”بوودجە و پارەیە” بێ ئەوەی گرنگی بە خاك و مادەی ١٤٠ و ئەنجومەنی ئیتیحاد و بابەتی تەوازن و شەراكەت لەعێراق بدەن، ئەمانە هیج باس و خواستێكی لەسەر نەبوو.