كاروان یاروەیس: ڕێککەوتن نەکرێت دانیشتنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق شکست دەهێنێت بۆهەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار

  • March 30, 2022
  • 156 Views
كاروان یاروەیس: ڕێککەوتن نەکرێت دانیشتنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق شکست دەهێنێت بۆهەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار

کاشما قەرەداخی

كاروان یاروەیس ڕایگەیاند: دانیشتنی ئەم جارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق بكرێت و رێككەوتنی پێش وەختە نەبێت، جارێكی تر شكست دەهێنێتەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی، كاروان یاروەیس، لە لێدوانێكی بۆ وڵات_میدیا ڕایگەیاند: بەپێی دەستوور و ئەو ماوە دەستووریەی كە ماوە دەبێت تاوەكو ٦ی نیسانی ئەم ساڵ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەو دانیشتنانەی كە لەماوەی ڕابردوو كران و ئەو دانیشتنەی كە ئەمڕۆش كرا شكستی هێنا چونكە رێككەوتنی پێشوەختەی لایەنەكان نەكرابوو، وە ئەو بەرە سێ قۆڵیەی كە ڕەوتی سەدر و پارتی و حەلبوسی و هەندێك لەلایەنەكان پێكیان هێنابوو دەیان ویست بە مەسەلەی زۆرینە نیساب تەواو بكەن و وە بەبێ لایەنەكانی تر سەرۆك كۆمار دابنێن، بۆیە دانیشتنەكان نارەزای تێدەكەوێت، ئەوەتا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ژمارەی پەرلەمانتاران كەمتر لە ٢٠٠ كەس بوو ئەمڕۆش ژمارەكە زۆر زیاتر كەمی كرد، وە بەدڵنیایشەوە دانیشتنی داهاتووش بەبێ ڕێككەوتنی پێشوەختە ڕێژەی پەرلەمانتاران كەمتر دەبێت و سەرۆك كۆمار هەڵنابژێردرێت.

لەبارەی بەردەوامی شكستی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، وتی: بەهۆی شكستی بەردەوامی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەدڵنیایەوە فەراخی دەستووری دروست دەبێت و دادگای ئیتیحادی ڕایی دەستووری دەبێت بۆ ئەم كێشەیە.

كاروان یاروەیس سەبارەت بە كاریگەریەكانی دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەڵێت: هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەكاتی خۆی كاریگەری باشی دەبێت و عیراق دەچێتە قۆناغێكی نوێوە، بەڵام دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كاریگەری خراپی دەبێت بەڵام نابێتە هۆیی دروست بوونی كێشەی گەورە لەسەر عیراق و هەرێم.

وتیشی: لەڕێی گەڕانەوە بۆ مەبدەئی تەوافق و سازانی نیشتیمانی لایەنەكان دەتوانین هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق یەكلای بكرێتەوە و نابێت لەڕێی زۆرینەوە هێز بسەپێندرێت و لایەنە گرنگ و گەورەكانی عیراق لەبەرچاو نەگرێت، وە پێوستە لایەنە شیعەكان لەناو خۆیان ڕێكبكەون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و كوردیش لەنێو خۆی رێككەوتن بكات لەسەر مەبدەئی تەوافق تاوەكو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەزوترین كات و لەوادەیی دیاری كراوی خۆیدا كۆتای پێبێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو