ئەیهان سەعید بۆ وڵات: پارتی زیندانیانی بادینان ئازاد نەكات شكستی گەورەی لە هەڵبژاردن بۆ ڕادەگەیەنین

  • April 12, 2022
  • 479 Views
ئەیهان سەعید بۆ وڵات: پارتی زیندانیانی بادینان ئازاد نەكات شكستی گەورەی لە هەڵبژاردن بۆ ڕادەگەیەنین

کاشما قەرەداخی

ئەیهان سەعید، ڕاگەیاند: بەهۆی بابەتی دەستگیركراوانی بادینان پارتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو شكستی گەورەی تووش بوو.

لە لێدوانێكی دا ئەیهان سەعید، نوێنەری دەستگیركراوانی بادینان بە وڵات_میدیا ڕایگەیاند: پارتی بەهۆی ئەوەی کردی لە بادینان لە هەڵبژاردنی ڕابردوو زەرەرێکی زۆری کرد و لەسەدا پەنجای دەنگەكانی كەمی كرد کە دەکاتە ١٣٧ هەزار دەنگ، سەرباری ئەو تەزویرە زۆرە، چونکە پێکهاتەی سۆسۆلۆژی بادینان بە جۆرێكە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێزە و خەڵک تێکەڵی یەکن وە ئەوەی پارتی کردی دوور بوو لە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و ئەوانەشی لە بادینان كەسانی عەشایرین و ئەم مامەڵەیان پێ قبوڵ نەکراوە.

لەبارەی دۆخی دەستگیركراوانی شیلادزێ ئەیهان سەعید ڕاگەیاند: دۆخی زیندانیان بەگشتی باش نییە و بەتایبەت ئەو پێنج چالاکوانەی کە خەڵکی شیلادزێن کە ساڵێک و چوار مانگە دەستگیرکراون لە ئاسایشی گشتی هەولێر، لەئێستادا تەندروستیان زۆر خراپە بووە و تووشی نەخۆشی پێست بوون چونکە لەهۆڵێکی زۆر بچوكن و بەناچاری لەسەر یەک دەخەون و بەشێوەیەکی پێویست تیمی تەندروستی ناچن بەدەمیانەوە مەگەر بکەونە حاڵەتێکی خەتەرەوە، زۆر کات ئەو تیمە تەندروستییە کە دەیان بینن پێیان دەڵێن دەبێت پەنجە مۆر بکەن بۆ ئەوەی هەر شتێکتان لێ بەسەر بێت خۆتان لێ بەرپرسیار بن.

وتیشی: لە پێناو ئەوەی ئازاد بن دەستگیرکراوانی شیلادزێ ماوەی ٣٦ ڕۆژە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و تەندروستیان زۆر تێکچووە و لەبری چارەسەر ددانیان دەرهێندراون، وە بەشێکیان وەسێتیان بۆ کەس و کارەکەیان کردووە، بەڵام هیچ گوێ لە مانگرتنەكانیان نادرێت وە هەوڵ دەدرێت مانگرتنەکان بشکێندرێت، وە هێزە ئەمنیەکان چەند جارێک چونەتە لایان پێیان وتوون ئەگەر مانگرتن بشکێنن لەماوەیەكی کەم دۆسیەكەتان رەوانەی دادگا دەکرێت، وە پێشتریش ئەم بەڵێنەیان هەر پێ دابوون و جێ بەجێیان نەکرد و شەڕی دەروونی لەگەڵ ئەو دەستگیرکراوان دەکەن.

باسی لەوەشكرد: بەپیێ یاسا دەبوو دۆسیەکانیان یەکلای بکرایەتەوە کە کەسانێک لەگەڵ ئەوان زیندانی كراون بەڵام ئێستا دۆسیەکانیان یەکلای کراوەتەوە بەڵام چونکە بابەتی ئەمان پەیوەستە بە سیاسەت و لەسەر پارتی دەکەوێت بۆ کەم کردنی دەنگەکان و لەکەدار کەوتنان بۆیە تاوەکو ئێستا کەیسەکانیان یەکلای نەکراوەتەوە وە ڕێگریش دەکەن لەوەی پارێزەریان هەبێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەم بابەتە یاسایی نیە و سیاسیە، وە زانیاریمان هەیە کە زۆر بە توندی تەعزیب دراون و جلیان لەبەرا دڕێندراون و ڤیدیۆ کراون و دان پێدانانیان پێ کراون کە ئەو کارەنەیان ئەنجام نەداوە.

ئاماژەشی بەوەدا: دەستگیرکراوانی شیلادزێ بە تەواوی بێ هیوا بوون لە دادگا، وە بەهۆی ئەوەی ئێمە کارمان کردووە بۆ ئەم بابەتە فەرمانی گرتنیش بۆ ئێمە دەرچووە بۆیە ناتوانین سەردانیان بکەین و تەنانەت ناتوانین بچینە هەولێر و دهۆک.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو