ئومێد بەڕۆشكی لە دوای ئازاد بوونی لەڕێی وڵات باس لە رووداوەكانی بادینان و زیندان دەكات

  • April 27, 2022
  • 338 Views
ئومێد بەڕۆشكی لە دوای ئازاد بوونی لەڕێی وڵات باس لە رووداوەكانی بادینان و زیندان دەكات

کاشما قەرەداخی

ئومێد بەڕۆشكی، ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان لەپاش ١٨ مانگ لە زیندانی كردنی لە لێدوانێكی دا بۆ وڵات_میدیا، چیرۆكی ناو زیدان و دۆخ و گوزەرانی لەوێ دەگێڕێتەوە.

١٨/٨/٢٠٢٠، لە بادینان، ئومێد بەڕۆشكی تەمەن ٢٤ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەست بەسەر دەكرێت وەك چالاكوان و ڕۆژنامەنووسێك لەسەر رەخنە گرتنی لە دەسەڵات بەتایبەت لە سۆشیاڵ میدیای خۆی، بۆیە چەندین جار دادگای دەكرێت و پاشان بە حكومی ١٨ مانگ زیندانی دەكرێت و سزا دەدرێت.

لە ٢٢بۆ ٢٣ی ٢ی ٢٠٢٣، ئازاد دەكرێت، لەپاش دوومانگ لە ئازاد بوونی لەڕێی وڵات_میدیا باس لەو رووداوانە دەكات كە بەسەری هاتووە و چۆن مامەڵەی لەگەڵ كرا لە زیندان.

وڵات_میدیا/ ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە بادینان لەچی ئاستێكدایە؟

ئومێد بەڕۆشكی/ ئازادی كاری ڕۆژنامەنووسی لە كوردستان بەگشتی و لە بادینان بە تایبەتی لەژێر دەستی دەسەڵاتدایە، لە بادینان كاركردنی ڕۆژنامەنووسی سنووردارە و لەژێر دەستی حیزبدایە و كاركردن لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات تووشی گرفتی گەورەت دەكات و هەڕەشەت لێ دەكرێت و سزا و زیندانی دەكرێیت تەنانەت روبەرووی تیرۆریش دەبیتەوە

وڵات_میدیا/ باس لە هۆكاری دەستگیركردنەكەتمان بۆ بكە، چۆن ئەمە روویدا؟

ئومێد بەڕۆشكی/ هۆكاری دەستگیركردنی من بەهۆی ئەو ئازادی فكر و ڕادەربڕینەوە بوو كە وەك ڕۆژنامەنووس پیشەیانە كارم دەكرد و دەربڕینم بۆ دەكرد، وە ئەو هۆكارەی منی بەهۆیەوە كەوتمە زیندان چەندین رۆژنامەنووس و چالاكوان بەهۆیەوە دەستگیركراون و هەندێكیشیان تاوەكو ئێستا لە زینداندان، وە ئەگەریش زۆرە بەسەر رۆژنامەنووسانی دوای ئێمەش بێت، وە ئازادی ڕادەربڕینەكەی ئێمە ئەوە بوو كە من ڕازی نەبووم ئەم دەسەڵاتە كار و ئازادی ئێمە بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی و دەمانەویست سەربەخۆ و ئازادانە كاربكەین و ببینە دەنگی ئازاد و خەڵك و كۆمەڵگای ستەم لێكراو

وڵات_میدیا/ دۆخی ژیان و تەندروستیت چۆن بوو لە زیندان؟

ئومێد بەڕۆشكی/ ژیانمان لە زیندان لەئاستێكی خراپدا بوو، من ماوەی یەك ساڵ لە زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر بووم و ٦ مانگیش لە چاكسازی دهۆك بووم، لە هەولێر لەرویی ژینگەوە زۆر خراپ بوو كە ١٥٦ كەس لە هۆڵێكی بچوكدا دەبوین و نانمان دەخوارد و دەژییان، بەوهۆیەوە تووشی نەخۆشی بووین و وە ماوەی ٨ مانگ تووشی نەخۆشی پێست بووین و چارەسەریشمان بۆ نەدەكرا ئەمەش وەك شەڕێكی دەروونی بوو لەگەڵ ئێمەدا تاوەكو ئێستاش من دۆخی تەندروستیم جێگیر نییە

وڵات_میدیا/ ئایە ئەو سزایە بەسەتدا سەپێندرا ناهەقی بوو؟

ئومێد بەڕۆشكی/ ئەو سزایەی بەسەر من و هاوڕێكانمان سەپێندرا لەهیچ یاسایەكی نێودەوڵەتی و جیهانی و عێراقیش نییە كە رۆژنامەنووس لەسەر كاری ڕۆژنامەنووسی بەو جۆرە سزا بدرێت و زیندانی بكرێت، ئەگەریش ئێمە هەر پێشێڵكردنێكمان كردبێت دەبوو بەپێی یاسایی ڕۆژنامەنووسی مامەڵە و بڕیار بدرایە نەك بە یاسایەكی نایاسایی، بۆیە سزای ١٨ مانگیم بە زوڵم لەقەڵەمی دەدەم

وڵات_میدیا/ هۆكاری ئەو سزا ١٨ مانگیە بۆچی دەگرێننەوە؟

ئومێد بەڕۆشكی/ هۆكاری ئەو سزایەی كە بەسەر من و هاوڕێكانمان سەپێندرا لە بادینان بەهۆی ئەوەوە بوو كە دەسەڵاتی پارتی لەم دەڤەرە فێر نەبووە بە ئازادی ڕادەربڕین تەنها فێری گرتن و دەست بەسەرداگرتن بوون و وە خاوەنی دەسەڵاتی عەسكەرین و حكومی پۆلیسی پەیڕەو دەكەن، وە ئەوەش بزانین ئەوەی حكومی شاخی كردبێت لە توانایدا نییە لە شارێك حكوم بكات، وە پارتی هەموو كارێكی كردووە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان لە دەڤەری بادینان نەتوانن ئازادانە كار بكەن و خەڵك هۆشیار بكەنەوە لە كاری هەق و ناهەق، ئەو فشارانەشی پارتی دەیكات كاریگەری خراپی لەسەر خۆیی هەبووە و بۆتە هۆكاری ئەوەی لە هەڵبژاردنەكان دەنگەكانی لە بادینان كەم بكات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو