بەدواداچوونی وڵات لەبارەی ئەو ئەنجومەنەی لەپشت کار و چالاکیەکانی کوردانی تاراوگەیە

  • May 12, 2022
  • 727 Views
بەدواداچوونی وڵات لەبارەی ئەو ئەنجومەنەی لەپشت کار و چالاکیەکانی کوردانی تاراوگەیە

کاشما قەرەداخی

لە بەدواداچونێکی وڵات_میدیا بۆ ئەو چالاکی و ڕووداوانەی لە بەریتانیا لەلایەن کوردەکان ئەنجام دەدرێت، دەگەن بە وەڵامی ئەوەی، چۆن مەسرور بارزانی هێلکە باران کرا؟

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەلایەن چەند چالاکوانێکی مەدەنی ئەنجومەنێک دروست کراوە بەناوی ” ئەنجومەنی چالاکیەکانی کوردانی بەریتانیا” کە بە قسەی خۆیان کاریان ڕێکخستن و بەگژداچونەوەی دەسەڵاتی گەندەڵ کاری کوردە

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە گفتوگۆمان لەگەڵ اسماعیل سیان، وتەبێژی ئەنجومەنی چالاکیەکانی کوردانی بەریتانیا کرد و تەواو زانیاریەکانی بۆ باس کردین

اسماعیل سیان، بە وڵات_میدیا ڕاگەیاند: ئەنجومەنەکە ناوی ”ئەنجومەنی چالاکیەکانی کوردانی بەریتانیا”یە، کە لە ١١ ئەندامی سەرەکی پێ دێت کە دوانیان ئافرەتە و بارەگای سەرەکیمان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و لە تەواوی شارەکانی کوردستانیش ئەندامان هەیە

وتیشی: کار و چالاکیەکانمان لە ئەنجومەنەکە بەشێوەیەکی بەردەوام بووە و سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیامان کردووە و مەعاناتی خەڵکی کوردستانمان بەدەست دەسەڵاتی گەندەڵەوە گەیاندۆتە لایان و دۆخی خراپ و نەبوونی ئازادی لە کوردستان کردوومانەتە بابەتێکی سەرەکی و گەیاندوومانەتە لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و میدیاکان و وە خۆپیشاندانەکانیشمان بردۆتە شارەکانی دیکەی بەریتانیا و بۆ بەردەم پەرلەمانیش

دەشڵێت: وە لەماوەی کارا بوونی ئەنجومەنەکە چەندین چالاکیمان لە لەندەن ئەنجام داوە یەکێک لەو کارە دیارانەشمان لە ٢٠ی ٤ی ٢٠٢٢ بوو کە هێلکە باران کردنی ئۆتۆمبێلەکەی مەسرور بارزانی بوو کە بۆ سەردان کردن و کۆبوونەوە هاتبووە بەریتانیا، وە چەندین کار و چالاکی جیاوازمان ئەنجام داوە و جیاوازی لە حیزبایەتی ناکەین و لە زەرد تاوەکو سەوز و قاوەی و پرتەقاڵی ئەوەی گەندەڵ بێت دەبێتە ئامانجی ئەنجومەنەکەمان و بە گژیدا دەچین

دیمەنێک لە چالاکیەکانی اسماعیل سیان دژی بنەماڵەی بارزانی

دەشڵێت: ئەم ئەنجومەنە ماوەی ساڵێک و ١٠ مانگە دامەزراوە و وە بە شێوەیەکی فەرمی لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ دەستمان بەکار کردووە و کار و چالاکیەکانمان بە شێوەیەکی دیار ئەنجام دەدەین و لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی مەدەنی لە بەریتانیا پێوەندیمان هەیە و بەرپرسین لە بەشێکی زۆر لە چالاکی و خۆپیشاندانەکان و هەریەک لە ئەندامەکانمان کەسانی دیار و پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و هەروەها قوربانی دەستی بنەماڵەی حیزبین چونکە لە کوردستان و لە هەولێر بە تایبەتی کە من خۆشم خەڵکی هەولێرم بەهۆی داوا کردنی ماف و ئازادی لەلایەن بنەماڵەی بارزانی هێرش کراوەتە سەرمان و تۆمەتمان بۆ هەڵبەستراوە وە خەڵکی کوردستان بەڕای من هەموویان قوربانی دەستی ئەم بنەماڵانەن و بۆیە هەموو هەوڵێکمان لە ڕێی ئەم ئەنجومەنەوە شکاندی پلانگێریەکانی دەسەڵاتی کوردی گەندەڵە و لە بەریتانیا و کوردستانیش کار بۆ ئەو ئامانجە دەکەین

لەبارەی بوون بە ئەندام لە ئەنجومەنەکەیان باس لەوە دەکات: مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە ئەنجومەنەکەمان لە بەریتانیا: دەبێت کار و چالاکی مرۆیانە و خزمەت بە خەڵکت ئەنجام دابێت و وە لەڕێی ئەوەوە دەسەڵات دژایەتی کردبێتیت و بووبویتە قوربانی دەستیان چونکە ئەوانەی ئەندامی لای ئێمەن قوربانی دەستی دەسەڵاتی کوردی گەندەڵن

اسماعیل سیان ئاماژە بەوەش دەدات: ئێمە هیچ کاتێک بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان ناکەین و باوەڕمان بە پەرلەمانی کوردستان نییە و وەک کارتۆنێک دەیبینین و بێ سودە لەلامان و سودی بۆ کوردستان و خەڵکی کوردستان نیە

باس لەوەش دەکات: هەوڵدەدەین سود لە دیموکراسی بەریتانیا وەربگرین بۆ بە گژداچونەوەی ئەو خراپەکاریانەی دەسەڵاتی کوردی دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدەن

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو