وڵات ڕاستی ئەو کەیسە سیاسیانە ئاشکرا دەکات کە پارتی توڕەکرد

  • June 8, 2022
  • 433 Views
وڵات ڕاستی ئەو کەیسە سیاسیانە ئاشکرا دەکات کە پارتی توڕەکرد

کاشما قەرەداخی

لەماوەی ساڵانی ڕابردوو لە شاری هەولێر، چەندین چالاكوان و ڕۆژنامەنووس رووبەروی هێرش و توند و تیژی و گرتن و لێدان بوونەتەوە و پەنجەی تاوانیش بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان درێژ دەكرێت كە بەناوی ئاسایش و هێزی ئەمنییەوە چالاكوانان و ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەكەن و دەستگیریان دەكەن

وڵات_میدیا، ڕاستی چەند کەیسێکی سیاسی ئاشكرا دەكات و ئەوەی لەڕابردوو روویدا و پارتی پێ توورەكرد دەیوروژێنین و بەبەڵگەوە لەسەر زاری قوربانیەكان ڕاستیەكان دەگێرینەوە

هێمن مامەند، وەك ڕۆژنامەنووس و چالاكوان لەهەولێر چەندین جار لەسەر بڵاوكردنەوەی زانیاری و چالاكیەكانی دەستگیركراوە و ئێستا لەشاری سلێمانی دەژیت و لەهەولێر دوورخراوەتەوە و پارتی ڕێگری لێ دەكات كە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە شوێن و ژینگەی خۆی، وڵات_میدیا لە گفتوگۆیەك لەگەڵ هێمن مامەند بەبەڵگەوە ڕاستی ئەو كەیسە بڵاودەكاتەوە و چیرۆكی تەواوی رووداوەكە دەگێڕێتەوە

هێمن مامەند: من ١٠ جار دەستگیركراوم و یەكەم دەستگیركردنم دەگەڕێتەوە بۆ ١/٦/٢٠١٧ كە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر هێزێك منیان ڕفاند، ئەمەش بەهۆیی ئەوەی سەرمەشقی خۆپیشاندانێكم كرد بە درووشمی ”ئەی حكومەتی قومارچی پارەی نەوتت دابەچی”، بۆیە ئەو خۆپیشاندانەشمان ڕێكخست چونكە ئەو نادادیەی لە هەرێم هەبوو ئەو ناشەفافیەی لەهەرێم هەبوو جێگای قبوڵ كردن نەبوو، بەڵام ئەو هێزەی منیان ڕفاند هێزێكی دەمامك داری جل ڕەش بوو، پاشان لە ٤/٦/٢٠١٨ جارێكی دیكە دەستگیركرام ئەمەش بەهۆی ئەوەی كارم لەسەر كەیسی كوشتنی جێگری قونسوڵخانەی توركیا لە ڕێستۆرانتی ”ئۆقەباس” لە هەولێر كرد كە كوشتنەكەی گوماناوی بوو وە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی شاردنەوەی دەدرا، كە ماوەی یەك هەفتە لەسەر ئەو كەیسە من دەستگیركرام، پاشان لە ٢٠٢٠ دەستگیركرامەوە بۆ ماوەی مانگێك و چوار ڕۆژ

جارێكیشیان ٢٤ كاتژمێر دەستگیركرام و دوای ٢٤ كاتژمێرەكە جارێكی دیكە دەستگیركرام لەكاتژمێر ٢ی بەرەبەیان، ئەمەش لەكاتێكدا بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لەدوایی بانگی مەغریب دەبێت هەڵنەكوترێتە سەر هیچ ماڵێك و كەس دەستگیرنەكرێت، تەنانەت ئەگەر كەسەكە تۆمەت بار بێت بە كەیسی تیرۆریش، بەڵام كاتژمێر ٢ هەڵیان كوتایە سەر من كە هەم ڕۆژنامەنووسم و هەم چالاكوان، وە لەناو زیندان لەكاتی لێكۆڵینەوە پێیان دەوتم تۆ حجزی مەسرور بارزانی نیت! كە ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە كەیسەكەی من سیاسیە لەكاتێكدا كە دادگا هەیە و یاسای ڕۆژنامەوانیمان هەیە بۆ سزادانم كە یاسایی ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ە كە تایبەتە بەپرسی رۆژنامەنووسان، وە دەستگیركردنەكانی منیش لەرووی رۆژنامەنووسیەوە لەسەر ئەو نوسین و بڵاوكردنەوەی زانیاریانە بوو كە لەساڵی ٢٠١٨_٢٠١٩ لە ڕۆژنامەی ئاژانس كە هی یەكێتی بوو بڵاوم دەكردەوە و چوار دۆسیەی كونكردنی نەوتم ئاشكرا كرد و وە دەیان دۆسیەی گەندەڵیم ئاشكرا كرد و لەو ڕۆژنامەیە بڵاوم دەكردەووە، وە لەبەر بڵاوكردنەوەی ئەوانە لەوكاتەوە پارتی و مەسرور بارزانی ڕقیان لێ هەڵگرتم، وە هەر چوارشەممەیەك كە لەو ڕۆژنامەیە زانیاریم بڵاودەكردەوە نوسینگەی مەسرور بارزانی دەكەوتنە جوڵە و ڕوونكردنەوەیان بڵاودەكردووە، وە كارم لەسەر وون بوونی بەرپرسی پاسەوانەكانی ڕێباز حەملان كرد كە ماوەیەكی زۆر بوو بێ سەروشوێن بوو و وە ئەم دۆسیەشم ئاشكرا كرد كە لەوكاتە پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە نۆ بەیانامەیان لەدژی یەك دەركرد، واتا بەكۆی گشتی بەهۆی ئەو كارە رۆژنامەنووسی و چالاكیە سیاسیانە و خۆپیشاندانانەی كە دەم كرد بەو جۆرە دەستگیر دەكرام، وە بەپێی زانیاریەكانی من لە هەولێر دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس لەژێر سەرپەرشتی سێ كەسدایە كە ئەوانیش ”مسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، مۆكسی برایی مەسرور بارزانی” و كەسی دیكە بۆی نییە لەناو پارتی ڕۆژنامەنووس دەستگیر بكات، كەجارێكیان ئازاد بەرواری بۆ ماوەی دوو كاتژمێر ڕۆژنامەنووسێكی دەستگیر كرد، لەلایەن پارتی بەتوندی سزادرا چونكە لەناو پارتی تەنها ئەو سێ كەسە بۆیان هەیە رۆژنامەنووس دەستگیر بكەن

ئەو هەواڵ و زانیاریانەی هێمن مامەند لە رۆژنامەی ئاژانس لە ٢٠١٨_٢٠١٩ بڵاوی دەکردەوە

خودی دەستگیركردن خۆی ئەشكەنجەدانە، وە كە لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٠ كاتژمێر ١٠ی شەو هێزێك هاتنە سەر ماڵمان كە دراوسێكانمان ژماردیان نزیكەی ٤٠ ئۆتۆمبێل لە هێزی جۆراو جۆر بوون، لەبەردەم دایكم منیان ڕفاندوو و پاڵیان بەدایكمەوە نا، كە دایكم تائێستا بەهۆی ئازارەكانی ئەوكاتەوە دەناڵێنێت، وە ئەوكاتەی من دەستگیركرام دەستم كەلەپچە بوو لەپشتەوە و وە بە ٢٠ ئەفسەر و پۆلیس گرتیانم و قسەی نەشیاویان پێ دەووتم، دوای ئەوەی ١٠ ڕۆژ دەستگیر دەكرێم ئیدی ئازاد دەكرێم هەر لە دوای ٢٤ كاتژمێر كە هێشتا ماندووبونی ئەو ١٠ ڕۆژەم دەرنەچبوو كاتژمێر ١:٣٥ خولەكی بەرە بەیانی هەڵدەكوتنەوە سەر ماڵمان، من لە هەورەبانی ماڵەكەمان دەستگیردەكرێم و بەپۆستاڵەوە هێزێكی زۆر بەسەر بەرماڵی دایكمدا دەڕۆن كە لەوكاتە نوێژی دەكرد و پاڵیان پێوە نا كە ئەمەش دوورە لەهەموو بەها مرۆڤیەكانەوە، كە ئەمن قەت ئەم دیمەنانەم لەبیر ناچێتەوە، لەوكاتە ٥٠ كەس هێرش دەكەنە سەرم و دەمانچە دەخەنە سەر سەرم و دەم بەنەوە بۆ زیندان، وە لە زیندان هیچ مافێكت نییە لەوێ دەڵێن دەبێ ببیتە حیزبی برا گەورە یان بەتوندی هێرشیان دەكرد سەرم تاوەكو ئاشكرای بكەم كێ زانیاری پێ دەدام یان پێیان دەوتم زانیاریمان پێ بدە و سەرچاوەی هەواڵەكانت كێن یان دەیان وت دەت كوژین و دوای دەڵێین خۆی خۆی كوشتووە، وە ئەوكاتەی چوومە لای دادوەر بە دادوەرەكەم وت بەچی یاسا و ئەخلاقێك لە ١ و ٣٥ خولەكی بەرەبەیانی بەو شێوازە ناشرینە هەڵدەكوتنە سەر ماڵمان، دادوەرەكە پێی وتم كە تۆ ڕۆژنامەنووسی ڕاستیەكان باشتر دەزانیت كە من بڕیاری وا دەرناكەم و هیچ كام لەمانە لەژێر دەسەڵاتی من نەبووە خۆت دەزانی كاری كێیە

ئەو کاتەی هێمن مامەند دەستگیرکرا و دایکی هێمن مامەند پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد
دیمەنی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر ڕێگری دەکەن لە پارێزەری هێمن مامەند قسە بۆ ڕۆژنامەنوسان بکات لە ساڵی ٢٠٢٠

:چیرۆکی دەستگیر کردن و توندوو تیژی بەرامبەر بە هاوڕێ کوردی لە هەولێر وەک چالاکوان

هاوڕێ کوردی: من ٢٢ جار دەستگیركراوم لە ٢٠١١ تاوەكو ٢٠٢٠، هۆكاری هەموو دەستگیركردنەكانیشم پەیوەست بوو بە چالاكی و خۆپیشاندانەكانم كە زۆربەی بەگروپ لەگەڵ هاوڕێكانم ئەنجامم دەدا، وە ئەو خۆپیشاندانانەی ئێمە دەمان كرد بۆ داوا كردنی مافەكانی خەڵك بووە وە دووجار من لەسەر داوا كردنی مووچە لە هەولێر دەستگیركرام لە ئاسایشی گشتی هەولێر، وە جارێكیان بەهۆی دژایەتی كردنی بۆردومانەكانی تووركیا لەخاكی هەرێم دەستگیركرام كە ئێمە دژی ئەو هێرشانە بووین، وە زۆركات بۆ گردبوونەوەكانمان مۆڵەتیان پێ دەداین بەڵام سەرباری ئەو مۆڵەتانەش دەستگیردەكرام، وە هەموو دەستگیركردنەكانی من هیچی یاسایی نەبووە و بەبڕیاری دادوەر نەبووە، بۆ نمونە لە ٢٠١٦، من دەم ویست بچم بۆ خۆپیشاندانێك هەر لەڕێگای چوونم بۆ ئەوێ لەنزیك پەرلەمان هێزێك هاتن و منیان دەستگیركرد و هەر لەناو پیكابەكە كە بێ تابڵۆ بوو و كەسی دەمامكداری تێدا بوو بەتوندی ئەشكەنجەیان دام تا گەیاندمیان بۆ ئاسایشی هەولێر لەوێ هەرچی جل هەبوو لەبەریان داكەندم و هەندێ كاریان كرد كە حەز ناكەم باسیان بكەم، پاشان جنێوی زۆر ناشرینیان پێ وتم و منیان رەوانەی یەكێك لە قاعەکان كرد، كە لەو شوێنە جێ نەبوو لێی دابنیشم چونكە هەموو جۆرە كەسێكی لێ بوو لە تاوانی كوشتن و داعش و تیرۆر …هتد، لەكاتێكدا نایاساییە كەسێكی وەك من كە كەیسەكەم سیاسیە تێكەڵی ئەو كەسانە بكرێم، وە لەرووی تەندروستییەوە ئاسایشی هەولێر زۆر خراپ بوو ئێمە لەو قاعەدا نەمان دەتوانی هەركات بمانەوێت سەردانی سەرئاو بكەین بۆیە بەناچاری میزمان دەكردە دەبەوە چونكە بۆ هەر یەكێكمان لە ڕۆژێكدا تەنها ٥ خولەكمان هەبوو سەردانی سەرئاو بكەین، وە ئەو خواردنانەی پێیان دەداین دەیان خستە سەر یەك سینی بۆ ٨ كەس كە بەهەموو ئەو ماوەیەی لەوێ بووین یەك كۆچكی پلاستیكمان هەبوو كە هەموكات تێكەڵ دەبوو و هەركەسە و هی ئەوەی تری بەكار دەهێنا، وە خەوتمان زۆر خراپ بوو نیوەرۆ دەبوو بخەوی وە خەوتن تەنها لەسەر یەك لابوو كە بەلایەكدا دەخەوتی ئیتر تا هەڵدەسای دەوو بەولایەبیت، وەمن لەوێ بڕیارم دا مان بگرم، چاودێری ئەو قاعەیەی ئێمە كە ئەویش زیندانی كراوو بوو پێی وتم ئەگەر مانگرتنەكەت نەشكێنێت بەهەموومان لێت دەدەین سەرەتا بڕوام نەكرد ڕاست بێت بەڵام دوای ئەوەی بەردەوام بووم لە مانگرتنەكە هێرشیان كردە سەرم بە ١٢ بۆ ١٣ كەس زیاتر لێیان دام تا هۆشم نەما

وێنە/هاوڕێ کوردی

ئەوكاتەی منیان برد بۆ بەشی لێكۆڵینەوە بە دەستی بەسترا و چاوی بەستراوەوە هەموو مامەڵەكانیان و ئەو پرسیارانەی لێیان دەكردم زۆر نایاسایی بوو، لەوكات یەكێك لەئاسایشەكان لەبەشی لێكۆڵینەوە كە من نەم بینی چونكە چاوم بەسترابوو دەی وت باشی لێ بدەن و جنێوی پێ دەدام، ئەمەش لەكاتێكدا تۆمەتەكەی من نەسەلمێندرا بوو، وە هیچ كات لێكۆڵینەوەكان لەسەر ئەو بابەتە نەبوو كە من پێی دەستگیردەكرام بۆ نمونە لەسەر مووچە من دەستگیردەكرام بەڵام هیچ كات نەیان دەوت بۆ دژی دواكەوتنی مووچە بووی بەڵكو بابەتەكانی تریان دەهێنایە پێش و دەیان وت بۆ دژی تووركیات؟یان پۆستەكانی فەسبووكی منیان كۆپی دەكرد و دەیان وت بۆ ئەو پۆستانەت كردووە؟ وە مامەڵەكانیان وەك هێزی ئەمنی نەبوو بەڵكو وەك ئەندامی حیزبێك بوو، بۆ نموونە دەیان وت بۆ دژی پارتیت! ئەمە پێوەندی بەوانەوە نییە کادری حیزبێك بۆی هەیە ئەم پرسیارانە بكا نەك هێزە ئەمنیەكان چونكە ئەمە پێوەندی بە ئاسایشی و ئەمنیەوە نییە، بەراستی ئەم دادگایە حیزبیە رەت دەكەینەوە

وە ئەوەی ناخۆش بوو ئەوە بوو كە من پشتیوانی كۆمەڵگای كوردی باكوورم دەكرد دژی هێرشەكانی توركیا كەچی ئەوان لەڕێی كوردێكی كرمانج كە خەڵكی باكوور بوو لەمنیان دەدا ئەوەش وەك ئەشكەنجەیەكی دەروونی بوو بۆ من، وە لەوكاتەی چاوی منیان دەبەستەوە لەكاتی لێكۆڵینەوە چەندین واژۆیان پێ دەكردم كە نازانم ناوەرۆكی ئەو پاراوانە چی بوون

لە ٢٠١٧بۆ ٢٠١٨ ئێمە دەمان ویست دژی شەڕی ناوخۆی پەكەكە و پارتی بین لە شەنگال، كاتێك پارتی زانی ٣٣ گەنجیان لە ئێمە دەستگیركرد منیش یەكێك بووم لەوانە، كاتێك دەستگیركرام لە بەرێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر لەوێ وەرەقەیەكیان پێدام كە ئەو وەرەقەیە بۆ ئەوە بوو هەركات نەخۆش كەوتم داوای پزیشك بكەم لە زیندانەكە، كاتێك چومە ناو زیندانەكە و زیندانیەكان لێیان پرسیم لەسەر چی گیراویت وتم لەسەر چالاكی و خۆپیشاندان، دوای كە زیندانیەكان وەرەقەكەی دەستمیان خوێندەوە وتیان ئەوە بۆت نوسراوە بە رووداوی هاتووچۆ گیراویت واتا ئەوەیان كردبووە بیانویەك بەس بۆ ئەوەی من بگرن و بەو مادەیە سزام بدەن چونكە دەستگیركردنی من نایاسایی بوو و من چالاكوان بووم، دوای سێ رۆژ مانەوەم لەزیندان نێردراین بۆ لای عەبدولخالق الهق_بەرێوبەری پۆلیسی هەولێر، بەڕاستەوخۆ داوایی لێ كردین ببینە پارتی، وە ئەمەش تەنها بۆ من و هاوڕێكانم نەبوو بەڵكو ئەوەی دەستگیربكرایە پێیان دەوت ببنە پارتی، وە منیش پێم وتن ئێرە جێگەی ئەمنە یان مەكتەب سیاسی كە وام وت جنێوێكی زۆر زۆری پێ دام

وە دوای ئازاد بوونم بەهۆی ئەو كارانەمەوە لەڕەمەزانی ساڵی رابردوو لە ٢٠٢١، لەسێیەم ڕۆژ بنكەی ئاسایشی گەڕەكەكەمان لە هەولێر نزیكەی ٩ ڕۆژ كارەبایان لێ بڕیم و دوای قسەكردنم لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێك و داواكردن لێیان كارەباكەیان دامەوە، وە هەر پار سێ كەس ڕێیان لێ گرتم و لێان دام و ناسنامەكەمیان لێ بردم، دوای ئەوەی ویستم ناسنامە دەربێنمەوە موختاری گەرەكەكە بەفەرمانی ئەوان ئامادە نەبوو هاوكاریم بكات تا ئەوكاتەی پارێزگاری هەولێر هاتە سەر خەت و هاوكاریان كردم

دیمەنی ساڵی ڕابردوو لە ٢٠٢١ کە کارەبا لە هاوڕێ کوردی دەبڕن و داوای هاوکاری دەکات
میدیای پارتی و پارێزگاری هەولێر لەسەر برینی کارەبا لەسەر هاوڕێ کوردی دێتە جواب

:چیرۆکی دەستگیر کردن و توندوو تیژی بەرامبەر بە هەڤرەس شوان لە هەولێر وەک چالاکوان

هەڤرەس شوان: ئەمن دوو جار دەستگیركرام ساڵی یەكەم لە ٢٠١٨ بوو لە ١٢ی٧ لەئاسایشی هەولێر، دەستگیركردنەكەشم بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێم بوو بەبیانوی ئەوەی ئەو خۆپیشاندان و چالاكیانەی ئێمە دەیكەین دژی ئاسایشی هەرێمە، پاشان لە ٢٠٢٠ لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم خۆپیشاندانمان ڕێك دەخست دژی داگیركاری تووركیا و باشتركردنی گوزەرانی هاوڵاتیان، وە لە ١١/١٢/٢٠٢٠، نزیك شەشی ئێوارە دەستگیركرام تاوەكو ٢٣/١٢/٢٠٢٠، ئەوكاتەی من دەستگیركرام لە شوێنی كارەكەم بوو لە ماركێت، ئەو ڕۆژەی من تێیدا دەستگیركرام خۆپیشانداێك كرا بوو بەڵام من بەشداریم نەكرد كەچی هاتن منیان گرت

سەرەتا منیان برد بۆ ئاسایشی گەرەك دوای منیان برد بۆ ئاسایشی هەوڵێر و فۆڕمیان پێ پڕ كردمەووە و دواتر بردیانم بۆ ئاسایشی گشتی هەولێر و لەناو عاقەكان دۆخمان زۆر زۆر خراپ بوو لەروی تەندروستی و شوێنی مانەوە چونكە شوێنەكانمان زۆر بچوك بوو وە زۆر زیندانی لێ بوو، وە دەبوو بەیانیان ٨ بەخەبەر بووینایە و لەدوای نۆی شەو خەوتباینایە و وە ئەوكاتەی ئێمە كۆڕۆنا زۆر هەبوو بەڵام هەموو جۆرە كەسێكی لێ بوو و هەموو نەخۆشیەك تێكەڵ بەیەك كرابوو

وە قاعەكان پڕ بوو لەخەڵك و هەموو جۆرە كەسێكی لێ بوو وە من لەوێ شێروان شێروانیم بینی و كاتێك بەیەكەوە دەبووین چەند كەسێك هەبوو پرسیاریان لێ دەكردین و بۆ ئێمە جێگای گومان بوو، وە بەداخەوە منیش بوومەتە قوربانی و بەهۆی ئەو زیندانییەوە من ساڵێكی خوێندنەكەم لەدەست چوو و لەناو زانكۆ هیچ هاوكاریم نەدەكرا تەنها لەبەر ئەوەی دەستگیركرام لەسەر چالاكیەكانم ئەمری فەسڵم بۆ دەرچوو

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو