چارەنووسی ئەو كۆچبەرانەی كەمپی بێلارووسیایان لەدوای لێشاوەکە بەجێ هێشت، چی لێ بەسەرهات؟

  • July 19, 2022
  • 606 Views
چارەنووسی ئەو كۆچبەرانەی كەمپی بێلارووسیایان لەدوای لێشاوەکە بەجێ هێشت، چی لێ بەسەرهات؟

کاشما فاروق

لێشاوەكەی بێلارووس لە ٨/١١/٢٠٢٢ لەلایەن ژمارەیەكی زۆر كۆچبەرانی كوردی باشووری كوردستان دەستی پێكرد و ئامانج پەڕاندنەوەیان بوو لە بێلارووسیاوە بۆ پۆڵەندا دواتر بچن بۆ ئەڵمانیا.

گەیشتن بەئەڵمانیا خەونی ئەم كۆچبەرانەبوو كە لەلێشاوەكە بەشدار بوون و ماوەی سێ هەفتە لەجەنگەڵ و روو لەسنووری پۆڵەندا جەنگان و هەموو هەوڵەكانیاش بۆ تێپەڕبوونیان شكستی هێنا.

دوای ئەوەی بێلارووس جێی بۆ ئەم كۆچبەرانە كردەووە و كەمپێكیان بۆ دروست كردن، هەریەك لەكۆچبەرەكان چارەنووسیان بەئاڕاستەیەكدا ڕۆشتوو جیاواز لەوەی لەمیدیاكان باس دەكرا كە كۆچبەرەكان خۆیان دیپۆڕتی عیراق كردۆتەوە، بەڵكو بەپێی زانیاریەكانی وڵات هەندێكیان پەراونەتەوە بەرەو ئەڵمانیا و هەندێكیشیان تاوەكو ئێستا لە مینسكی بێلارووس ماونەتەوە.

وڵات_میدیا بۆ پشت ڕاستكردنەوەی زانیاریەكانی لەگەڵ سێ كۆچبەر گفتوگۆی كردووە و لەسەر زاری خۆیانەوە چیرۆكی خۆیان لەدوای بەجێ هێشتنی كەمپی بێڵارووس لەڕێی وڵات دەگێڕنەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی كە وڵات_میدیا لەزاری قاچاخچیەوە دەستی كەوتووە تاوەكو ئێستاش خەڵك ڤیزەی بێلارووس بە ٣٥ بۆ ٤٠ گەڵا لێ دەدەن و ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٥ كەس لەكوردستانەوە دێن، بەهەمان ڕێگای سەخت و نەهامەتی خەڵك دەگوازنەوە بۆ ئەڵمانیا و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كۆچبەرێك بۆ وڵات_میدیای ناردووە ئێستا سنووری پۆڵەندا و بێلارووس تەلبەنەكانی لابراوە و ئەم شێلمانەی بۆدانراوە

دیمەنی ئێستای سنووری بێلارووس_پۆڵەندا

چیرۆكی دوو كۆچبەر لەدوای دەرچوونیان لە كەمپی بێلارووس

یەکەم/ زیاد تائب عثمان: من و ١٣ هاوڕێم لەلێشاوەكە لەگەڵ ئەو خەڵكە هاتینە كەمپی بێلارووس هەتاوەكو مانگی ٢ی ٢٠٢٢، بەڕاستی دۆخمان لەو كەمپە رۆژ بەدوای ڕۆژ خراپ تر دەبوو لەو قاعەی ئێمەی لێ بووین هیچ شوێنی ئیسراحەتی نەبوو وە بەیانیان چایەكیان دەداینێ و نیوەڕوان گەنمە كوتاویان دەداینێ وە هەر خواردنێكیان پێ دەفرۆشتین نرخەكەیان دووقات دەكرد بۆمان بۆ نمونە هەرشتێك لە شاری مینسك بە دۆلارێك بوایە بە چوار دۆلا بەئێمەیان دەفرۆشت وە لەروویی خۆشۆردن و سەرئاوكردنەوە ئەوە نەبوو كە لەمیدیاكان نیشان دەدرا من سێ مانگ لەوێ ئاو بەر لاشەم نەكەوتبوو تەنها چەند جارێك توانیم سەرم بشۆم

وێنەی زیاد تائب عثمان

پاشان بڕیارم دا لەگەڵ چوار كەس بچینەوە جەنگەڵ و لەگەڵ پۆلیسەكانی بێلاروس ڕێككەوتین و پێیان وتین قاچاخچی بگرن و ئیمە لە سنوور سیمتان بۆ دەقرتێنین پاشان ویستمان بچین بۆ كڕینی جل و بەرگ بەڵام پۆلیسەكان ڕێیان پێ نەداین و وتیان دەبێت ڕاستەوخۆ بڕۆنە سنوور، پاشان ئێمەیان سواری ئۆتۆمبێل كرد و ئێمەیان بردە سنووری لیتوانیا و نۆ شەو و نۆ ڕۆژ لەوێ ماینەوە بەبێ ئەوەی پۆلیسەكان وەك بەڵینیان پێ دابووین سیمەكەشیان بۆ نەقرتاندین، وە لەماوەی ئەو نۆ ڕۆژە هەموو رۆژێك پۆلیسەكان دەهاتن و دەیان وت سیمەكە بقرتێنن بەڵام ئەگەر برۆشتینایەتە لیتوانیا پۆلیسەكانی لیتوانیاش دەستگیریان دەكردین و دەربازمان نەدەبوو، بەدەست پۆلیسەکانی بێلارووس و لیتوانیاوە گیرمان خواردبوو.

وێنەی زیاد و هاوڕێکانی لە کەمپی بێلارووس

لە سیمەكانی پۆڵەندا لە ٦٠ مەترەوە هێزی پۆلیسی لێ بوو، ئیتر دۆخمان زۆر خراپ بوو و بێ نان و ئاو كەوتین و هاوڕێیەكمان توشی تێكچونی تەوازنی گوێچكەی بوو بۆیە بەناچاری تەلەفونمان بۆ پۆلیسەكانی بێلارووس كرد بەڵام بە ١٤ بۆ ١٥ پۆلیس كە هاتن زۆر بەخراپی لەهەموومانیاندا وایان زانی دەمانەوێت بگەرێینەوە مینسك ئەو هاوڕێیەمان كە تەوازنی گوێچكەی تێكچبوو بورایەوە و منیش هەموو گیانم خوێن بوو وە ئەو ماوەیەی لەسنوری پۆڵەندا و لیتوانیا بووین زۆر نارەحەتیمان بینی و خواردن و خواردنەوەمان هیچ پێنەمابوو دواتر من بریارم دا بگەرێمەوە كوردستان چونكە تەندروستیم زۆر خراپ بوو وە دواتر سەد و پێنج گەلام لەهاوڕێیەكم قەرزكرد بۆ ئەوەی بگەرێمەوە و تائێستا توانیومە پێنج گەڵای بدەمەوە و وە بۆ ئەوەی ئەو گەشتەشم دوكانێكم فرۆشت بەزیاتر لە یەك دەفتەر، وە دوای ئەوەی گەرامەوە كوردستان چوارسەد دۆلارییان پێدام لەكوردستان وەك قەرەبوو وە بریاریشە بەبرێكی دیكە قەرەبوو بكرێینەوە بەڵام تائێستا پێم نەدراوە.

دووەم/ محفوظ ظاهر حمە صاڵح: نزیكەی چوار مانگ لە كەمپی بێلارووس مامەوە و هیوام هەبوو كەبچم بەرەو ئەڵمانیا سەرباری ئەوەی دۆخێكی ناخۆشم لە لێشاوەكە تێپەراند، بەڵام ژیانیشمان لە كەمپەكە تادەهات خراپ تر دەبوو وەك ژیانی ئاژەڵ وابوو چونكە نەخواردنمان خواردن بوو نەژیانمان ژیان بوو وە حكومەتی بێلارووس زۆر خراپ بوو لەگەڵمان وە ئەو خواردنانەی پێیان دەداین جگەی لەوەی دەمان كری بەنرخێكی زۆر بریتی بوو لە گەنمە كوتا و بسكیت و چایەک.

وێنە محفوظ ظاهر حمە صاڵح

پاشان لە ٢٢/٣/٢٠٢٢ی سەرەتای جەنگی بێلارووس و ئۆكرانیا بریارم دا لەگەڵ هاوڕێكانم بچینەوە جەنگەڵ و بەهاوكاری پۆلیسەكانی بێلارووس بە ئۆتۆمبێل چوینە سنووری لیتوانیا بەڵام دوای نۆ رۆژ لەهەوڵدان نەمان توانی سنورەكە تێپەڕێنین.

وە ئەو نۆ رۆژە نارەحەتیەكی زۆرمان بینی چونكە نە ئاومان پێ مابوو نە خواردن وە خۆم ئاوێكم خواردەوە كە لەقور و لیتەی جەنگەڵ دەرم هێنا و بەگوێرەویەكانم پاڵاوتم و دوایش دەم خواردەوە

وێنەی ئەو ئاوەی محفوظ لە لیتاوەکەی جەنگەڵ پاڵاوتی و بەگوێرەی قسەکانی خۆی ئەو ئاوە اوەکو ئێستا دوای ئەوەی گەرایەوە کوردستان وێنەکەی لاماوە و لەگەڵ خۆیدا ئاوەکەی هێناوەتەوە بێلارووس

دواتر لەكۆتا ڕۆژ من تووشی تێكچونی تەوازنی گوێچكەم بووم بۆیە لەگەڵ هاوڕێكانمان پێوەندیمان كرد بە هاوڕێكانمان لەكەمپ یەكێكیان رووسی دەزانی و بەپۆلیسەكانی بێلارووسی وت بێن بەهانامانەوە پاشان چەند پۆلیسێك هاتنوو ئێمەیان برد و وامان زانی دەمان بەنەوە ناوشار و من دەبەنە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر بەڵام لەنیوەی ڕێ دایان بەزاندین و هەتا توانیان بە كارەبا و دار و دەمانچە لێیان داین هەتاوەكو نیو كاتژمێر بە ١٢ پۆلیس، دواتر من لەهۆش خۆم چووم و منیان كردە ناو ئۆتۆمبێلەكە و نزیك شاری مینسك لەنزیك شەقامێك بە دوو پۆلیس منیان فڕێ دا، دۆخم زۆر خراپ بوو، هۆشم هاتبووە و لەتاو ئازار هیچم بۆ نەدەوترا نزیكەی ٤٠ خولەك لەسەر شەقامەكە كەوتبووم و چاوەڕێی ئەوە بووم بمرم، بەڵام لەوكات دوو ژن و پیاوێك هاتن و كە منیان بینی ڕەوانەی نەخۆشخانەیان كردم و چارەسەریان بۆ كردم، دوای شەو و ڕۆژێك كەچاك بوومەوە پۆلیسی ناوخۆ لە نەخۆشخانەكە پێیان وتم خۆت دیپۆڕتكەوە من وتم نارۆمەوە ئێستا دەمەوێت بچمەوە جەنگەڵ هاورێكانمان لەوێ ماونەتەوە و دۆخیان خراپە، دواتر منیان بردەوە بۆ كەمپ و لەوێوە بە ئۆتۆبێل منیان بردەوە جەنگەڵ و هاورێكانم هێشتا لەوێ مابوونەوە و لەدۆخێكی زۆر خراپ بوون، دواتر بە چوار وەرەقە بەتەكسی بردیانینەوە بۆ ناو شاری مینسك، دوای دوو شەو مانەوە لە ئۆتێل، جارێكی تر بریارم دایەوە بچمەوە جەنگەڵ تاوەكو لێی دەینەوە، شەوێك خۆم ئامادە كرد و لەگەڵ خێزانێك قاچاخچیەكمان گرت بەڵام دوای هەوڵدانێكی زۆر هەرنەمان توانی سیمی بێلاروسیش ببیرن بۆیە دوای دوو شەو هەودان سەرنەكەوتین و گەراینەوە ناو شار، وە هەوڵەكانمان لەگەل ئەو قاچاخچیانەی كە دەم گرت دوای چەندین جار هەر سەركەوتوو نەدەبووین، بۆیە بەناچاری بڕیاری گەراندنەوەم دا و ئێستا دۆخی تەندروستیم بەدەست ئەو لێدانانە و ئەو ئاوە پیسەی كە خواردم هێشتا باش نییە و ئازارەكانی ئەوكاتانەم لەبیر ناچێتەوە.

ئەمە چیرۆکی سێ کۆچبەر بوو لە بیلارووس، لەئێستادا کەمپەکە لادراوە و بەشێک لە کۆچبەرەکان هێشتا لەشاری میسنکی بێلارووس ماونەتەوە و هەوڵی خۆیان دەدەن بچنەوە جەنگەڵ و بەشێکیشیان چونەتە ئەڵمانیا و ئەوەی دیکەشیان گەراونەتەوە کوردستان.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو