ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی جوڵەی پێکرا تەنها هێزی کۆماندۆ نەبوو، بەڵکو بەڵگەیەکی روونی بوونی گەندەڵیەکی گەورەیە و دواتر سەرۆکی شارەوانی دانی پێداناو بە مافیا ناوی بردن، هەر دوای ئەمەش بافڵ تاڵەبانی بڕیارێکی دەرکرد کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت بڕیارێکی زۆر باشە، ئەویش بەکار نەهێنانی ناونیشان و پلەی حیزبی و حکومی و سەربازیە بۆ بەرژەوەندی شەخسی، ئەمەش بەمانای ئەوەی پێشتر ئەوە هەبوە و ڕوونە بۆیە ئەم هەنگاوەی بەدوادا هات
ئێستا بافڵ تاڵەبانی لە بەردەم بەرپرسیارێتێکی گەورەدایە، چونکە ئەوان دەزانن گەندەڵکارەکان کێن؟ دەستگیریش کراون، هێزیان بۆ جوڵێنراوە، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە ئەم کەسانە بدەنە دادگا و دادگایی بکرێن، چونکە گەر ئەمانە تەسلیمی پۆلیس نەکرێن و دادگایی نەکرێن و خەڵک نەبینێ ئەوانەی گەندەڵی دەکەن و مافیان لە زیندانن هیچ کات هەنگاوەکان بە هی خۆی نازانێ و پشتگیریان نا بێ
گەر ئەمانەی ئەمڕۆ هێزیان لە دژ جوڵاوە نەچنە زیندان و دادگا ئیجرائاتیان لەگەڵ نەکات، جگەلەوەی کە حساب نەکردنە بۆ دادگا، هەنگاوەکانیش دەچنە خانەی تەسفیە حساباتی حیزبیەوە، واتە گروپێک دەیانەوێت گروپێکیتر بخەن بۆ ئەوەی خۆیان سودمەندبن، بۆیەحەقی خۆیەتی بپرسین ئەم جموجوڵانە بۆ منی دانیشتوی سلێمانی چی دەگۆڕێ؟ هەنگاوەکان بەرهەمیان چیە بۆ خەڵک؟
کاتێك منی هاوڵاتی دڵخۆشم بە هەنگاوەکان و جوڵەی هێزەکانتان کە لە پێناو مافی گشتیدابێت و دواتر لە دادگاکاندا گەندەڵکاران ببینین و سزا بدەرێن، باجی زیادەڕەوی و گەندەڵیەکەیان بدەن، لە کاتێکدا ئەوە رێگا دروستەکەیە
با چاوەڕێکەین بزانین هیچ یەک لەو مافیا و گەندەڵکارانەی کە باسیان کردن و هێزیان دژ جوڵا ڕووبەرووی یاسا دەبنەوە، چونکە پێشتر خەڵک تاوانبار کراو فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو و چونە سەر ماڵەکەشی بۆ دەستگیرکردن لەسەر گەندەڵی کەچی لەگەڵ ئەوەی هاتەوە ماڵە گەورەکە نە باسی گەندەڵی ماو نە دەستگیرکردن، ئەمەیە خەڵکی وا لێکردوە متمانەی نەبێت
بۆیە کاتی ئەوەیە خەڵك ببێتە چاودێرێکی جدی بەسەر هەنگاوەکانەوە، تا بتوانرێ پێکەوە ململانێکان جیاکەینەوە لەو بڕیار و هەنگاوانەی لە پێناو خەڵكدا دەنرێن، لە یەکەمیاندا خۆ دوور بگرین و پشتیوانی دوەمیان بین