ئەوەی دەیبینن بە دەستی منەوەیە کفنی شێخ مەحمودی حەفیدە، کە شوێنی دوو فیشەکی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراقی پێوەیە.
کاتێک شێخ مەحمودی حەفید لە 9\10\1956 لە نەخۆشخانەی حەیدەریی لە شاری بەغدا، بە دەسیسەی رژێمی پاشایی عێراق و رەنگە بە ئامۆژگاریی ئینگلیزەکان بووبێت بە دەرزی ژەهر کۆچی دوایی دەکات، بۆ رۆژی دواتر کە تەرمی شێخی گەورە هێنرایەوە بۆ شاری سلێمانی، لەوکاتەدا شێخ لەتیفی کوڕی زیندانیی کرابوو، خەڵک داوایان کرد شێخ لەتیف تەرمی باوکی بۆ دواجار ببینێت و دواماڵاوایی لێبکات، کەچی رێگەیان نەدا.
خەڵکی شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان کرد و هێزە ئەمنییەکانی رژێمی پاشایی عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، دوو فیشەک بەر تەرمی شێخ مەحمود کەوت و خوێنێکی زۆر لە تەرمەکەی هاتە دەرەوە، ئیتر تەرمەکەیان بردە مزگەوتی گەورە و لەوێ تەرمی شێخیان شۆردەوە و دووبارە کفنیان کردەوە و ئاوەکەشیان نەڕشتە ئاوەڕکە، بەڵکە چاڵیان هەڵکەند و کردیان ئەو چاڵە و پاشان لە تەنیشتی حاجی حاک ئەحمەدی شێخی باپیرەگەورەیەوە ئەسپەردەی خاکی دایک کرا.
حاجی عوسمانی حەمەی نادر، کە شێخ مەحموودی زۆر خوشوسیتووە زۆر بۆی گریابوو، خۆی دووبارە لەگەڵ محێدینی سالەسوور، تەرمەکەیان شۆرد و کفنیان کردەوە، پاشان حاجی عوسمان بە نهێنی ئەو کفنە خوێناوییە دەباتەوە بۆ ماڵەوە و بە خێزانی دەڵێت: ئەمە یادگاریی شێخ مەحموودە بۆ ئێمە بیشۆرە و بیپارێزە، ئیتر ئەو بەشەی کە شوێنی هەردوو فیشەکەکەی پێوەیە تا ئەمڕۆ پاراستوویانە.
ئێستا 66 ساڵە ئەو کفنە لای ئەوان بە باشیی پارێزراوە و پاش کۆچی دوایی حاجی عوسمانیش، بنەماڵەکەی پاراستوویانە و دەڵێن: لای خۆمان دەیپارێزین.
