وڵات_میدیا #کوردستان
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت لە راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێت، ناكۆكییەكانمان لەگەڵ پارتی ناكۆكی حزبی نین و ناكۆكی دوو بیركردنەوەی جیاوازە.
ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانەی چاوپێكەوتنێكیدا لە بەرنامەی سەعات 12 ی دەنگی گەلی كوردستان رایگەیاند: “ئەوكاتە تێپەڕیوە كە یەكێتی و پارتی ناكۆكییەكانیان بە ناكۆكی ناخۆشی تێپەڕێنن، رابردوو شاهیدە كە یەكێتی لە زۆر لە قۆناغەكاندا قوربانی داوە و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی گەلەكەماندا لە مافەكانی خۆی خۆشبووە”.
كاتی ستۆپە
راشیگەیاند: “پێدەچێت ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی رابردووی یەكێتی بەشێوازێكی دیكە خوێندنەوەی بۆ كرابێت و وا هەستكرابێت كە یەكێتی لاوازە بۆیە ئێستا كاتی خۆیەتی ئەو پەیامە بە هەموو لایەك بگەیەنێت كە چیتر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاردانی تاكڕەوی لەحكومأنیدا قبوڵناكات”.
“دەركەوت سیاسەتی یەكێتی لە بەغداش سیاسەتێكی دروست بوو، چونكە یەكێتی لە بەغداش ستۆپی بە هەندێك بیركردنەوە كرد كە دەیانویست بێگوێدانە لایەنەكانی دیكە دەستوور لە بەرژەوەنی خۆیان هەموار بكەنەوە، بەهەمان شێوە لە كوردستانیش ستۆپ بە بڕیاری تاكڕەوی دەكەین” ستران عەبدوڵڵا وایوت.
ستران عەبدوڵڵا: یەكێتی لە كەركوك زۆرینەیە و پارێزگار بۆ خۆیەتی
لەبارەی پارێزگاری كەركوك و بارودۆخی ئەو شارە ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی: “وەك چۆن پارتی لە دهۆك خۆی بە زۆرینە دەزانێت و بۆ دەستنیشانكردنی پارێزگاری ئەو شارە پرس بە كەس ناكات، ئێمەش لە كەركوك بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن حزبی یەكەمین و مافی خۆمانە پارێزگاری ئەو شارە بۆ كورد بێت و لە كوردیشدا بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت”.
سیاسەتی ژێر بەژێر بۆ پارتی نامۆ نییە
ستران عەبدوڵڵا راشیگەیاند: “سیاسەتی پارتی لەكەركوك و رێككەوتنی ژێر بەژێر بۆ ئەو حزبە نامۆ نییە و ئیشی خۆیانە، بەڵام یەكێتی هەرگیز رێگا نادات مافەكانی گەلەكەمان لەو شارە پێشێل بكرێت”.