عەزیز ڕەئووف: دونیای ئێمە پڕە لە رۆژنامەنووسی تەمەڵ کە خەریکی گــــواستنەوەی فرمێسکی قوربانیەکانە.

  • November 20, 2022
  • 137 Views
عەزیز ڕەئووف: دونیای ئێمە پڕە لە رۆژنامەنووسی تەمەڵ کە خەریکی گــــواستنەوەی فرمێسکی قوربانیەکانە.

#وڵات_میدیا#كوردستان

سەبارەت بە ڕووداوەکەی سلێمانی

عەزیز ڕەئووف

یەکەم: تەنها لە کانی مردندا بەتەنگ یەکترەوە دێین. کەسمان بە زیندوویی سەردانی ماڵی یەکتر ناکەین و چایەک لەگەڵ یەک ناخۆینەوە، کەسمان لە باخێکدا عەزیزانمان نابینین. گوڵ بە زیندوویی بۆ یەکتری نابەین، بەڵکو گوڵ بە مردوویی بۆ سەر گۆڕەکان دەبەین. لە ئێستادا زیاتر پێویستمان بە ماڵئاواییکردنە لە کردەی مەرگدرستی و ئەم ڕووداوە دەبێت وامان لێ بکات حورمەت لە زیندووەکان بگرین نەک بە مردوویی کە نە دەمانبینن و نە دەتوانن بۆنی گوڵی سەر گۆڕەکانیان بکەن.

دووەم: هاتنی بەرپرسان بۆ شوێنی ڕووداوەکە و لێدوانەکانیان کە خەمبارن، قێزەونترین کردەی ئەم ڕووداوەیە، زیاد لە ژمارەی قوربانیەکان بەدەستی بەرپرسان لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستدا کە تەنها داوای عەدالەت و دنیایەکی باشتریان دەکرد. ڕۆژێک ئەم بەرپرسانە جورئەتیان نەکرد بەو کۆڵانەشدا بڕۆن کە ڕوداوەکەی تێدا ڕوویداوە، ئێستا فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن. تەمسیلی بێتامی بەرپرسان کە خەمبارن بەم ڕووداوە درۆترین قسەی ئەم ڕووداوەیە.

سێیەم: ئەوەی ئەم دۆخەی خەمبارکردووە ژمارەی قوربانیەکانە. خەمی ئێمە لە ئێستادا لایەنە ئینسانیەکەی ئەم ڕووداوە نیە بەڵکو خەمە بۆ ژمارەی قوربانیەکان. ئەگینا بەبێدەنگی لە چوارچێوەی دیوارەکاندا زۆر کەس گیان لەدەست دەدەن و ڕاناچڵەکێین، زۆر ژن کوژران و کەسی خەمبار نەکرد. لە ئێستادا زیاد لە هەر سەردەمێکی تر کاتی ئەوەیە قوربانی وەک خەمی ئینسانی ببینین نەک تەنها ژمارەی قوربانیەکان ڕامان بچڵەکێنێ. هەر لەم هەفتەیەدا لە سلێمانی کوشتنی ژنێک و مێردمدناڵێکی وەک سەهەند کە پۆلیسەکان لەناو بنکەی پۆلیس کوشتیان دوو ڕووداوی دەستی ئەوانە بوون کە ئێستا فرمێسک بۆ ئەم ڕووداوە هەڵدەڕێژن و کەسیشی ڕانەچڵەکاند.

چوارەم: شار تا دێت گەورە دەبێت و کواڵیتی شتەکان خراپن و کەس بیر لە مردنێکی لەسەرخۆ ناکاتەوە کە خراپی کوالیتی شتەکان و خواردنەکان هەموومان بەرەو مەرگێکی هێواش و لەسەرخۆ ڕادەکێشێت. خراپی جۆری شتومەکی ناو ماڵ و بیناکانمان و بازرگانی چاوچنۆک کە تەماحەکانی لە خەمە ئینسانیەکانی گەورەترن، دەرکەوتەی فراوانبوونی شارێکە کە ئەگەری ڕووداودانی زیاد لە ڕووداوێکی وەک ئەم جۆرەی لێدەکرێت.

پێنجەم: کۆمەڵگەی ئێمە پڕە لە مرۆڤی جوان کە بە خۆبەخش بەتەنگی ئەوانی ترەوە دێن. ئەم خەمە هاوبەشە دەبێت بەردەوام بێت و فراوانتر بکرێت و تەنها ههاوخەمیەک نەبێت کە چاوەڕێی پاداشتی خودایی لێ بکرێت، بەڵکو ئەم خەمە هاوبەشە دەبێت خەمێکی تەواو ئینسانی بێت و لە کۆی داخوازیە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی دنیای ئێمە ئامادەبێت.

شەشەم: دنیای ئێمە لە ئێستادا پڕە لە ڕۆژنامەنوسی تەمەڵ کە خەریکی گواستنەوەی فرمێسکی کەس و کاری قوربانیەکانە. یەکێک لە دیاردەکانی ئەم ڕووداوە گواستنەوەی فرمێسکەکانە کە هیچ پێویست بە بینینی فرمێسکەکان ناکات بارتەقای ئەوە من تا ئەم چرکەساتە لە هیچ کەناڵێکەوە ڕاستی و دروستی ئەم ڕووداوەم بۆ ڕوون ننەبۆتەوە. ئیشی ڕۆژنامەنوس ڕاپۆرتی بنکۆڵی بۆ کەشفکردنی دیوە نادیارەکانی ڕووداوەکەیە نەک گواستنەوەی فرمێسک و گریان و خەم و حەسرەتی کەس و کاری قوربانیەکان.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو