بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین لە نووسراوێکدا زانیاریی نوێی لەبارەی چۆنیەتی کوشتن و تۆمەتبارانی کەیسی ئەو ئافرەتە بڵاوکردەوە کە چەند رۆژێک پیش ئێستا تەرمەکەی بە سوتاوی دۆزرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین لە نووسراوێکدا کە وێنەیەکی دەست گەلی کوردستان کەوتووە رایگەیاندووە: دوای ئەوەی هەواڵی ئافرەتێکمان بەناوی ناسکە قادر پیرۆت بەدەستگەیشت راستەوخۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت هاتە سەرخەت و سەرجەم تیمەکانی راسپارد بۆ دۆزینەوەی، دوای چەند رۆژێک توانیمان تەرمەکەی لە نزیک زێی بچوک بدۆزینەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆکردەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە: لەسەر کەیسەکە چەند کەسێکمان دەستگیرکرد و لە کاتی لیکۆڵینەوەدا یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەناوی ( خ، ڕ )ی تەمەن 39 ساڵ لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و بەپێی ماددەی 406 راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدەکرێت.