وڵات_میدیا #کوردستان #بیرورا
كتێبە ئيسلامييەكان فرۆشيان زۆرە؟
ئەنوەر حسێن (بازگر)
ڕۆژانى (17 – 26/11/2022) چوارەمين خولى پێشانگاى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ كتێب بەڕێوەچوو، ئامارەكان دەڵێن “(500) هەزار كەس سەردانى پێشانگاكەیان كردوە، (200) ناوەندى چاپ و بڵاوكردنەوەش بەشدار بوون”.
بەڵام ستافى بەڕێوەبردنی پێشانگا، ژمارەى كتێبە فرۆشراوەكانيان پێ نەوتم، كە جێگەى سەرنجە.
بۆ خۆى پێشانگاكە كارێكى باشە، بەڵام پرسيارێكى گرنگ و جەوهەرى لەناو كايەى مەعريفى و شەقامى سلێمانى و هەولێر، هەميشە لە پێشانگاكاندا دەوترێت، ئەويش ئەوەيە كە “كتێبى ئيسلامى – كتێبى دينى” زۆر دەفرۆشرێت، ياخود “دەزگا و ناوەندە ئيسلامييەكان” كۆنتڕۆڵى پێشانگاكان دەكەن!
بە بۆچوونى من، گرفتەكە ئەوە نييە، كە ئەو كتێبانە بۆ دەفرۆشرێن، هێندەى پێويستە فاكتەرەكانى پشتى بخوێندرێتەوە، كە ئايا فاكتەرەكە پەيوەندى بە كۆمەڵگەى دينى و مەزهەبى كوردستانەوە هەيە؟ يان پەيوەندى بە كاريگەرى حيزبە ئيسلامييەكانى كوردستانەوە هەيە؟ يان دەكرێت بڵێين، كاتێ لە هەرێمى كوردستان نزيكەى (6000) مزگەوت هەيە، بەرامبەر بە (5000) خوێندنگا، دەرئەنجامەکەی هەر بەم جۆرە دەبێت؟ یاخود بەراوردکردنی کاریگەریی مامۆستایانی ئایینی و مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە، شتێکمان لەم بارەیەوە پێ دەڵێت؟
با جارێ بپرسين، كۆمەڵگەى كوردستان، ڕێژەى خوێنەرانى كتێبى چەندە و چۆنە؟ ئامارەكان دەڵێن “بۆ هەر (25900) كەس لە كوردستان (1) كتێبى بەردەكەوێت، كە ڕێژەى (61%) پياوانن و (39%) ژنانن، ڕێژەى (71%) بۆ زمانى كوردى، (21%) بۆ عەرەبى و (8%)بۆ زمانەكانى تر.
ئەوە حاڵى كتێبە بە دەست خوێنەرى كوردەوە، كە چ كۆڵەوارە، لە ژمارە و داتاى وڵاتانى عەرەبى دەچێت، كە ئامارەكان دەڵێن هەر (320,000) هاوڵاتى عەرەب (1) كتێب دەخوێنێتەوە، تيراژى كتێب (5000) دانەيە بە بەروارد بە خۆرئاوا، كە (50,000) دانەيە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێكى وەكو (ئيسرائيل) هەر كەسێك ساڵانە (40) كتێب، سويد (10) كـتێب، فەڕەنسا (17) كتێب و يابان (25) كتێب دەخوێنێتەوە، واتا هەر تاكێكى فەڕەنسى هەفتانە (5,54) خولەك دەخوێنێتەوە، هەر تاكێكى هيندى (10,4) خولەك دەخوێنێـتەوە لە هەفتەيەكدا، بە كورتى تاكێكى ئەوروپى (63) كاتژمێرى ساڵانە بۆ خوێندنەوە تەرخان دەكات.
بەپێى هەندێك ئامارى ناڕەسمى نزيكەى (600) هەزار كتێب فرۆشراوە لە پێشانگاى كتێب و (زۆرينەشيان كتێبى دينى و ئيسلامى، دامەزراوە ئاينى و ئيسلامييەكان بوون)، وەكو هەموو ساڵەكانى تريش، ئەو پرسيارە خۆى دووبارە كردەوە، كە ئيسلامييەكان قۆرخى پێشانگايان كردەوە؟
لە ڕاستييدا دەبێت پرسيارەكە پێچەوانە بكرێتەوە، بۆچى كتێبى دەزگا و دامەرزاوەكانى غەيرە ئيسلامى كەمتر دەفرۆشرێن، يان لە ڕيزى دواوەن؟
ئاسانە، فاكتەرێكى ئەوەيە (لايەنگرانى دووەم) لە ژیانی خۆیاندا زۆرتر خوويان داوەتە بابەتە ڕووکەشەکانی وەک كەماليات و ديكۆر (جلوبەرگ، ئۆتۆمبێل، خواردنى خۆش و خواردنەوە و …هتد)، پێيان وايە كتێب بۆ ئەوان گرنگ نييە، ئەوان خۆيان مەعريفەيان لە ئاستێكى باڵادايە، كە لە ڕاستييدا وانييە. ئەم توێژە، خوازيارى كتێب نييە، لاى ئەو كتێب بەڵاى سەرە. فاكتەرێكى تر، توێژەكەى ترى (لايەنگرانى دووهەم)، باوەڕيان بە ئايدۆلۆژيەكەيان نەماوە، ڕێك ئەمە بۆ لايەنگرانى (گروپى يەكەم) واتە (ئيسلامييەكان) پێچەوانەیە، تا دێت باوەڕيان زۆرتر دەكات، ئايدیۆلۆژياكەيان هانيان دەدات بخوێننەوە.
فاكتەرى سێيەم، پەروەردەى مناڵ لە (گروپى دووهەم)، كتێب لە چوارچێوەى وێنە و ڕووکەشدا نمايش دەكات و لە قۆناغى دواتردا پشت لەوەش دەكات، بەڵام (گروپى يەكەم) نا، بە کتێبە بنەڕەتییەکانی ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیانی ئاشنا دەکات و دەرخى قورئانى فێر دەكات و ئايات و فەرموودەى پێدەناسێنێ و دەستيش لە پەروەردەكردنى هەڵناگرێت. لە پێشدا سەرەتايى و دواتر بۆ مەكتەبى قورئان، بەردەوام لەسەر خەتە بۆى و جيا لە مەراسيمى ساڵانەى حيجابى بە كۆمەڵ و ڕاهێنان و خوێندنەوەى بەردەوام و کردنەوەی خول و ۆرك شۆپ.
بە واتایەکی دیکە دوو هێڵی سەرەکییەکەی خوێنەران لەناو پێشانگادا، لە ژیانی واقیعیدا دوو هێڵی تەواو جیاوازن لە کارکردندا. هێڵە ئایینییەکە بە مونەزەمی کار بۆ بیروباوەڕی خۆی دەکات و هەموو میکانیزمە کلاسیکی و مۆدێرنەکانی گەیاندن و پڕوپاگەندەی خستوەتە خزمەت ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیەوە، بەرهەمەکەشی لە پێشانگایەکی لەم جۆرەی کتێبدا بە ڕوونی دەردەکەوێت. لە بەرامبەردا هێڵی دووەم، کە قەرارە هێڵە پێشکەوتووخواز و زانستخوازەکە بێت، هێندەی سەرقاڵی کاتبەسەربردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتی، هێندە سەرقاڵی خۆپەروەردەکردن نییە.
فاكتەرێكى تر، سيستمى پەروەردە و حكومەتى هەرێم تەندروست نييە، ناتوانێت خوێندكار و كتێب بە يەكەوە كۆبكاتەوە و ئاشتى بكاتەوە، بۆيە كتێب بۆ خودى وەزارەتى پەروەردە، خوێندنى باڵا و خودى وەزيرەكانيشى گرنگ نييە، “كاتێك (1000) كتێب وەكو سەرچاوە دەنێريت بۆ كتێبخانەى زانكۆكان بە ديارى، لە پێناو خوێندكارەكاندا، سەرۆكى زانكۆكەى بە (10) تەلەفۆن و تەكليف، سوپاسنامەيەك و وەڵامى نوسراوەكانت ناداتەوە”، زانكۆيەك (1000) كتێبى بە ديارى بۆ بنێريت ئامادە نەبێت، بە ڕێزەوە وەريبگرێت و بە تكا وەڵام بداتەوە، كە بە حساب زانكۆ شوێنى مەعريفە و ئاستى باڵاى سەرخانى كۆمەڵگەيە، ئيتر بۆ گلەيى لە خەڵكى سادە بكرێت، كە ناخوێنێتەوە.
واتا لەناو ئەو كۆڵەوارييەى خوێندنى كۆمەڵگەى كوردستان، ئەو ڕێژەيەش كە هەيە، ئەكسەرييەتى بەر خەڵكانى دينى و مەزهەبى دەكەوێت بۆ خوێندنەوە.
پێشانگاى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ كـتێب، كارێكى باشە، بەڵام پێويستى بە پشتيوانى، دەست گيرۆيى و هاوكارى زۆرتر هەيە. لە هەمامن کاتیشدا لە کوێدا پێویست بوو، پێویستی بە ڕەخنە هەیە بۆ گەشەکردنی زیاتر.
ئەوەش كە گلەيى لە فرۆشى كـتێبە ئيسلامييەكان دەكات، لە چاو بەرهەم و كتێبەكانى تر، پێش هەموو كەس با خۆى دوو كتێب بكڕێت و بيخوێنێتەوە، دواتر گلەيى لە حيزب و بێ دەربەستى حكومەت و وەزارەتەكانيشى بكات، پێشم وانييە ئەو دياردەيە هێندە مەترسيدار بێت، بەڵام جێگەى پرسيارە؟
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED