ئەرسەلان مەحمود : سێگۆشەی تاریک

ئەرسەلان مەحمود : سێگۆشەی تاریک

#وڵات_میدیا #کوردستان

ئامانجی مۆسکۆ لەلێک نزیک کردنەوەی ئەنکەراو دیمەشق شاراوە نییە بەدەستهێنانی تورکیا بۆ بێلانەنکردنی لەقەیرانی ئۆکرانیا لەبەرژەوەندی وڵاتەکەیدا دەبینێت، پێیوایە فراوانکردنی درزی نێوان تورکیاو خۆرئاواو ئەمریکا بەتایبەتی، تورکیا لەبەشداری چالاکیەکانی ناتۆ دوور دەخاتەوە، لۆژیک لەم هەنگاوەو خواستەی کریملین بێگومان تێگەیشتن و کەڵک وەرگرتنیەتی لەدۆخی ئێستای ئاردۆغان و پارتەکەی لەناوخۆی تورکیادا.

هەر ئەوەش نا، ترسانی ئەردۆغان و پارتەکەی (پارتی دادو گەشەپێدان) چەندە جیددییە لەهەڵبژاردنی ئەمجـارەدا، مەترسییەکـەی ڕوسیـا’ش هێندە ڕاستەقینەیەو نایەوێت شکستی دەسەڵاتدارانی ئێستـای تورکیا ببینێت، چۆنکە دەزانێ ئۆپۆزسیۆن زۆر نزیکە لەڕۆژئاواو واشنتن، لەبەر ئـەوە ئـامـادەی گرتنە بەری هـەر جـۆرە ڕێ و شوێنێکە هێشتنەوەی ئەردۆغان لەسەرۆکایەتی مسۆگەر بکات.

روسیا دەمێک ساڵە گرەو لەسەر زیندو کردنەوەی کارتی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان دیمەشق و ئانکەرە دەکاو دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە کـورد لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) گـەمارۆ بدات، ئـەمە نە لەبەر ئەوەی دژە کوردە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەدیدی ڕوسیادا کورد بوون بەسەرەکیترین هۆکاری ئامادەیی و مانەوەی ئەمریکاو ئەمە وەک سێکۆشەی یەکگرتنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خۆی و سوریاو تورکیا دەبینێت.

ئێستا ڕاستە گۆشەی ڕوسیا گۆشەی شوێنپێلێژکردنی پێگەی ئەمریکایەو گۆشەی سوریا گۆشەی خەوبینینە بەخەونە کۆنەکانییەوەو گـۆشەکـەی تورکیاش بەدەست ئاردۆغان و پارتەکەی بووە گۆشەی دەستکەوت بـۆ سەرکەوتن لەهەڵبژاردنی حوزەیرانی داهـاتوودا تـا وەک لـەنـاوبـردنی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر وڵاتەکەی و کردنەوەی دەرچەی چارەسەر بـۆ پـرسی پـەنابـەران و بـوژاندنەوەی بازرگانی و ترانزێتی دوو لایەنە لەگەڵ سوریا بەگەلانی وڵاتەکەی بفرۆشێتەوە.

بەڵام گۆشەکان هێشتا ئەو گۆشە هاوتاو هاوسەنگانە نین، پێچەوانەی مۆسکۆ دیمەشق چاوێکی تری لەئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانییەتی لـەگـەڵ ئەنکەرادا، ئەسەد بۆ میدیای ڕوسیا وتی؛ هیوادارم ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بتوانێ بگاتە لوتکەی سەرۆکایەتی تـورکیـاو ڕێکـکەوتن لـەگـەڵ ئۆپۆزسیۆنی تورکیا باشتر دەبینم لەرێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای تورکیا.

ئەمە دوای ئەوە هات ئۆپۆزسیۆن هەموو کارتەکانی خۆی لەم بوارەدا ئاشکرا کردوەو ئامادەیی خۆیان بۆ قەرەبوو کردنەوەی سوریا ڕاگەیاند بوو، دیمەشق لەئاردۆغان بەدگومانەو هێشتان نایەوێ لەم باسەدا پەلە بکاو داواکاری خۆی هەیەو مەرجەکانی خۆی ئەڵێت، یەکەم، دەیەوێت پێناسەیەکی هاوبەشی تیرۆریزم بکرێ و کورد دەرەبازنە بکات، دووەم دەیەوێت تورکیا هەموو شێوازەکانی پشتیوانی و ئاسانکارییەکانی بۆ جیهادییەکان لەئیدلب ڕابگرێت، سێیەم دەیەوێت سوپای تورکیا پاشەکشە لەو ناوچانە بکات لەچوار پارچەی ئۆپەراسیۆنیدا داگیری کردون.

کورت و پوخت، ناخەمڵێندرێ ئەم ڕێڕەوە دواجار بەکوێ دەگات، پێش هەڵبژاردنەکان یان دوای هەڵبژاردنەکان دەگەنە وێستگەیەکی هاوبەش، ئەوەی دیارە روسیا لەسەر هێڵە، ئەردۆغان پەلەیەتی، ئەسەد دوای دەخات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو