وڵات_میدیا #کوردستان
فەرهاد حەمزەسهرۆكی ئهندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكور؛
تیشكێك بۆسەر گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم
ئاشكرایە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 بەدواوە دوچاری دۆخێكی ئابوری خراپبووەتەوە كە دەتوانرێت خراپی گریبەستە نەوتییەكان بەهۆكاری سەرەكی بزانرێت. لهم وتارەمدا چەند تێبینییەكی زانستیانە لەسەر ئەو گرێبەستانە دەخەمەڕوو :-
1- ژمارەی گرێبەستەكان زۆر زیاترە لە یەدەگی نەوت و ژمارەی بلۆكە نەوتییەكان كە ئەمەش دەبێتە هۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیای نەوتی بیانی لەناو خاكی هەرێم، لەلایەكی تریشەوە توانای كۆمپانیا ناوخۆییەكان پەرتەوازە دەكات.
2- سەقفی كۆتایی بۆ بەرهەمی كێڵگە بەرهەمهێنەرەكان دانەنراوە هیچ ماوەیەكی زەمەنیش بۆ سەقفی بەرهەمهێنان دیاری نەكراوە لەبەرئەوە كۆمپانیا بیانییەكان لەپێناو زۆرترین قازانج رەچاوی مەسەلەی پاراستنی مەكمەنە نەوتییەكان ناكەن هەروەك ئەوەی بەسەر كێڵگەی تەقتەقدا هێنایان.
3- بێ ئەزموونی حكومەتی هەرێم لەبواری دانوستانی گرێبەستەكان بە بەراورد بە كۆمپانیا بیانییەكان كە ئەمەش بە فیڕۆچوونی سامانی نەوتی لێكەوتۆتەوە.
4- لە زۆربەی بەندەكانی گرێبەستەكاندا بەرژەوەندی كۆمپانیاكان لەپێشەوەدایە، ئەویش بەهۆی نەبوونی شەفافیەت، تاكڕەوی لە بڕیاردان، هەڵپەكردن لە بەدەستهێنانی داهات. هەروەها تەسكردنەوەی دەورەكان لەچەند كەسێكی دیاریكراودا لەسەرووی هەموویانەوە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان.
5- نەبوونی پلان لە ئیمزاكردنی گرێبەستەكان كە ئەمەش وایكردووە گرێبەست واژووبكەن كە هەندێكیان زیانیان بە كێڵگە نەوتییەكان گەیاندووە، چەندین سازشیان كردووە تا بڕێك پارەی شیرینیان دەستبكەوێت.
6- لەبەرئەوەی گرێبەستەكان لە بنەڕەتدا نادەستورین و بەبێ رەزامەندی و هەماهەنگی بەغدا ئیمزا كراون، هەربۆیە هەوڵدراوە بە هەر نرخێك بێت كۆمپانیاكان ڕابكێشن بۆ ناو هەرێم.
7- هەرێم هەموو توانایەكی بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاو تەرخانكردووە بێ ئەوەی بیر لە پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت بكاتەوە هەروەك ئێستا دەبینین دۆخی هەرێم لە سوتەمەنی و كارەبا چۆنە، بەپێی ئەو ئەزموونەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان هەیانە لەسەردەمی گرێبەستی ئیمتیازدا، دەبینین ئەم كۆمپانیایانە هەرگیز بەتەنگ پێشخستنی پیشەسازی نەوت (پاڵاوتن و پترۆكیمیاوی و پەین و ئەلەمەنیۆم و… هتد)ەوە نەهاتوون.
8- بە حوكمی ئەوەی گرێبەستەكان لەجۆری هاوبەشن لەڕووی پراكتیكەوە سامانی نەوت بۆ دەیان ساڵ دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی كۆمپانیاكانەوە ڕۆڵی حكومەت لەو ئاستەدا زۆر لاواز دەبێت و ناتوانێت لایان ببات.
9- نەبوونی ستراتیجیەتێكی ئابوری ئیستیسماری كە ئامانجێكی روونی لەپشتەوە بێت تا ئابوری كوردستان پشتی پێببەستێت بەڵكو تەنها ئامانج دەسكەوتی پارەیەو بەس، كە ئەمەش بووە مایەی نەمانی شەفافیەت لە ئیدارەدانی كەرتی نەوتدا دواتر بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری.
10- درێژی ماوەی گرێبەستەكان كە هەندێكیان دەگاتە 30 ساڵ. لەم ماوە درێژەدا كۆمپانیاكان كاریگەری خۆیان لەسەر بازاری نەوت دادەنێن و دەبنە تاكە هێز لە بەرهەمهێنان و بەبازاركردندا.
11- سامانی نەوت هی نەوەی ئێستاو داهاتووشە، بۆیە ناكرێت مافی نەوەی داهاتوو پێشێلبكرێت، چونكە ئەم گرێبەستانە دوورمەودایەو كاریگەری خراپی بۆ سەر مافەكانی نەوەی داهاتووش دەبێت.
ئەمانە بەشێكن لە خاڵە سەلبیەكانی ناو گرێبەستەكانی هەرێم و ئیتر نازانرێ دەسەڵاتداران لە بێئاگایی یان بەهوشیارییەوە ئەم هەنگاوەیان ناوە، بەڵام تاقە خاڵێك بەلایانەوە روون بووبێت ئەوەیە بۆ پاراستنی كورسی حوكمیان بە سوود دەبێت. لەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە هەموو نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستان ئەم گرێبەستانەن كە مشتەی ناو هەمانەكەیە.
- تەلەگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED